نهێنی مووشەكەكانی ئێران چین؟ چەند مانگە بۆردمان دەكرێن و كۆتاییان نایەت

بینەر: (55)

پێنج مانگ بەسەر دەستپێكردنی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێ كردووە، بەڵام تا ئێستەیش مووشەكی درێژمەودا و بالیستیكی ئێرانی ماون و بە كارایی و وردی ئامانجەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بۆردمان دەكەن.

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز بە وردی ئەو هۆكارانە ئاشكرا دەكات، كە وایكردووە تاران مووشەكی بالیستیكی بمێنێ و تواناكانی لە دەست نەدات، سەرەڕای ئەوەی بە هەزاران بۆرمانی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە، سەرجەم بەرپرسانی ئەمەریكا لە چەندان بۆنە دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە توانا مووشەكییەكانی ئێران كۆتاییان پێ هێنراو و لە ناوچوون. بەڵام ئەمە ڕاست دەرنەچوو و ئێران تا ئێستەیش مووشەكی بالیستیك ئاراستەی ئامانجەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی كەنداو دەكات.

لە ڕۆژانی ڕابردوو بەهۆی بۆردمانی بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكا لە ئوردن سێ سەربازی ئەمەریكی كوژران، هاوكات دامەزراوەی ناو بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە كوێت و بەحرێن و سعوودیە و قەتەر كرانە ئامانج، وا دەردەكەوێ كە بۆ بۆردمانەكانی ئێستەی ئەزموونی لە سەرەتای جەنگ لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل وەرگرتبێت.

نیكۆل گراجیۆسكی پسپۆری بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێران لە پەیمانگەی فڕەنسی بۆ پێوەندی نێودەوڵەتی گوتی، ئاسانە جەنگ هەڵبگیرسێنێت، ئەگەر ڕووبەڕووی وەڵامی بەرانبەر نەبیتەوە، ئەوان ناچار نین سەكۆكانی هەڵدانی مووشەك بە خێراییەكی زۆر لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بگوێزنەوە، چونكە ژینگەی ئۆپراسیۆنەكان بۆ ئێران زۆر لەبارە.

لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، پێكدادانەكان بەشێوەیەكی كاتی وەستان و وڵاتانی ناوەندگیر هەوڵیان دا كە بۆچوونەكان دووبارە لە یەكتر نزیك بكەنەوە، بەڵام ئەوە بە تەواوی هەرەسی هێنایەوە. سەركردەكانی ئەمەریكا تاوتوێی بژارەكانی داهاتوو دەكەن و پێویستە لەسەریان ڕەچاوی چەندان لایەنی جەنگەكە بكەن، لەوانە كۆگەی مووشەكی بەرپەرچدانەوەی ئەمەریكا، بە تایبەت مووشەكە گرانبەهاكانی ئەمەریكا.

لەمیانەی پێكدادانەكانی 28ی شوبات/فێبرایەر تا هەشتی نیسان/ئەپریل، ئەمەریكا و ئیسرائیل بە وردی چاودێری سەكۆكانی هەڵدانی مووشەكیان دەكرد و دەیاندۆزینەوە و بۆردمانیان دەكردن، هەروەها كۆگەكانی مووشەك بەسەر یەكتر ڕووخێنران، تا هێزەكانی ئێران دەستیان پێی نەگاتەوە، فڕۆكەكان و درۆنەكان لە ئامادەیی تەواودا بوون هەر جۆرە سەكۆیەكی هەڵدانی مووشەك بدۆزنەوە، ڕاستەوخۆ بۆردمانی بكەن.

نیكۆل گراجیۆسكی دەڵێ، ئەندازیارانی ئێران زۆر بە تواناتر دەردەكەون و توانیان زیانە گەورەكان كە بەر سیستمی مووشەكی ئێران كەوتوون و دەرگەی كۆگەكان بە خێراییەكی زۆر دووبارە بكەنەوە و دەستیان بە كۆگەكانی مووشەك بگاتەوە، لەوكاتەی لە هەشتی نیسان/ئەپریلەوە تا دوو هەفتە بەر لە ئێستە ئاگربەست لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بوونی هەبوو.

سەرچاوەكان دەڵێن، قورسە سەرجەم هۆكارەكانی پشت زیندووی و چالاكی سیستمی مووشەكی درێژ مەودای ئێرانی بزانیت، بەڵام ئەو هۆكارانەی یارمەتیی ئێرانیان دا، تا توانا مووشەكییەكانی بمێنێتەوە، بەشێكیان تەنیا سەركردە سەربازییەكانی ئێران دەیزانن و بەشێكیشی پێوستە بە گۆڕینی شێوازی جەنگ، تێكەوتنی ماوەیەكی زۆری ئاشتی لە نێوان هەردوو جەنگەكە و جبەخانە و ژینگەی جەنگی ئەلیكترۆنی و پێگەیشتنی هاریكاری لەلایەن هەواڵگریی ڕووسیاوە، بۆ دیاریكردنی ئامانجی بۆردمانەكان و چاودێریی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، هەموو ئەوانە یارمەتیدەرن لەوەی كە بەرنامە مووشەكییەكە بە خێرایی بكەوێتەوە سەرپێی خۆی.

جیفری لویس لە ناوەندی جەیمس مارتن بۆ توێژینەوەی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆم گوتی، لەوانەیە ئەوان مووشەكی كەمتریان هاویشتبێت، بەڵام زۆر وردتر ئامانجەكان دەپێكن، ئەمەیش وای دەردەخات كە ئێران خاوەنی كۆگەیەكی گەورەی مووشەكی زۆر نوێی هەیە.

زیاتر گوتی، ئێستە ئێران پشت بە مووشەكی كۆنی “سكۆد”ی سەردەمی یەكێتیی سۆڤییەت و “نۆدۆنگ”ی كۆریای باكور نابەستێت، چونكە ئەو مووشەكانە ناتوانن زۆر بە وردی ئامانج بپێكن، بەڵكو نوێترین جۆری مووشەكی بۆ جبەخانەكەی زیاد كردووە.

گراجیۆسكی گوتی، ئێران لەوانەیە بەرهەمی ستراتیجی پێشوەختەی خۆی ئێستە بخوات كە سەرەتا بۆردمانی كۆگەی مووشەكی كۆن كرانە ئامانج، ئێرانیان ناچار كرد كە مووشەكی نوێ و تازە و پێشكەوتوو بەكار بهێنن.

جیم لامسۆن شرۆڤەكاری سەربازی پێشوو لە دەزگەی ناوەندی هەواڵگریی ئەمەریكا دەڵێ، هێرشەكانی ئەمدواییە بۆ سەر ئوردن، توانی سەركەوتووانە زۆرترین مووشەك بە ناو سیستمی بەرگریی ئەمەریكا بڕوات و ئامانج بپێكێت.

جیفری لویس دەڵێ، ئێرانییەكان تواناكانی خۆیان لە دنیا شاردووەتەوە و لە گرتەیەكی ڤیدیۆی كە ساتی هەڵدانی مووشەكەكانیان بڵاو كردووەتەوە، زۆر قورس و ئەستەمە بتوانێی شوێنی هەڵدانیان بدۆزرێتەوە. ئەمە دەیسەلمێنێ كە ئێران توانایەكی یەكجار زۆری لە خۆحەشاردان و بەلاڕێدابردنی ئەمەریكا و ئیسرائیل هەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *