لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق ئاڵنگاری و مەترسییەكان چین؟

بینەر: (1.3K)

بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە هێزی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق بكشێنەوە، تا دێت دۆخەكە هەستیارتر و مەترسییەكان زیاتر دەبن، ئێستە عێراقییەكان بوونەتە چوار بەش، لایەنی فەرمی رێككەوتنێكی پێشووی بۆ كشانەوەی ئەو هێزانە كردووە و بە ناچاری پارێزگاری لێ دەكات، شارەزا و كەسانی دەستەبژێر و سیاسەتوانانی دووربین وریایی لە مەترسییەكانی دەدەن، كەسانێك لە شەقام بێباكن بەرانبەر بەو پرسە، میلیشیاكانیش لەسەر بنەمای ئەجیندا و بەرژەوەندییەكانیان پاڵپشتی لێ دەكەن.

ئەندرۆ تابلەر توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن و بەرپرسی پێشوو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لە دوای 30ی ئەیلوول بڕیارە پێوەندییەكانی نێوان واشنتن و بەغدا ببێتە پێوەندیی راستەوخۆی ستراتیجیی دووقۆڵی، بەڵام حكوومەتی عێراق دەكەوێتە بەردەم تاقیكردنەوەی ئاخۆ توانای كۆنترۆڵكردنی خاكەكەی و پاراستنی سەقامگیرییەكەی هەیە، كە دوو فاكتەری سەركین بۆ بەردەوامبوونی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا.

تابلەر روونی كردەوە، ئەمەریكا پێویستیی بە پێوەندییەكی ستراتیجی لەگەڵ عێراق هەیە، بۆیە لە داهاتوو ئاڵنگارییەكە بۆ عێراق پێوەستە بە توانای حكوومەتەكەی بۆ پاراستنی سەقامگیری و كاركردن لەگەڵ واشنتن بۆ كپكردنی باڵادەستیی ئێران و هێشتنەوەی رێكخراوی داعش بە روازی و جێبەجێكردنی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق كار بۆ ئەوانە نەكات، دەبێتە مایەی تێكچوونی پێوەندییەكان.

ئەو توێژەرە روونی كردەوە، گەورەترین ترسی ئەمەریكا لە دوای 30ی ئەیلوول، پێوەستە بە ئێران و هەڵكشانی مەترسییەكانی توندڕۆیی ئیسلامی وەك داعش، بۆیە زۆر نزیكبوونەوەی عێراق لە ئێران دەیخاتە ناو كێشە لەگەڵ ئەمەریكا و ئەو هیوای خواست حكوومەتی عێراق هاوسەنگی لە بەرژەوەندییەكان بپارێزێت.

سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، تابلەر دووپاتی كردەوە كە دۆخی هەرێم سەختی تێ دەكەوێت، چونكە هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی بەهێزی ئەمەریكایە، بەڵام سەرنجی خستە سەر ئەو خاڵەش كە هێزی پێشمەرگە لە عێراق باشترین مەشقی پێ كراوە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق وەك هاوپەیمانێكی بەهێز و سەرەكی سەیری ئەو هێزانە بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و دوورخستنەوەی دەسەڵاتی ئێران.

سەبارەت بە كەرتی نەوت و بۆرییەكانی هەناردەكردنی، تابلەر گوتی، بۆریە نەوتییەكانی عێراق ئامرازێكن بۆ دووركەوتنەوە لە گەرووی هورمز، بەڵام پاراستنی ئەوان پێویستی بە توانایەكی گەورەی تەناهی هەیە، دووپاتی لەوەش كردەوە كە ناكرێ میلیشیاكان بەو شێوەی ئێستە بڵاو بن و كۆنترۆڵی كایەكانی وڵات بكەن و پێشبینیی كاری تێكدەرانە نەكرێت، هیچ كۆمپانیایەك دەست بۆ وەبەرهێنان لەو پڕۆژانە نابات مەگەر ئاسایش و سەقامگیری بەهێز بن، گەیشتن بەو حاڵەتەش لە سایەی دانەماڵینی چەكی میلیشیاكان زەحمەتە.

ئەو توێژەرە پێی وابوو پێویستە لە عێراق سەركردایەتییەك هەبێت كە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ دۆسیەی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دابنێت، نەك تەنیا چارەسەرێكی كاتی، وەستانی هێرشەكان بە شێوەیەكی كاتی، هاوكات لەگەڵ بنیاتنانی ژێرخانێكی پەلدار، رێگری لە كردنەئامانجیان لە داهاتوو ناكات، یان رێگری لە دەركەوتنی گرووپی تری چەكداری ناكات، بۆیە پێویستە تەواوی چەكەكان بخرێنە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەت یان بوونی هێزی بە هێزی تەناهی كە بەرجەستەی جۆراوجۆریی ئەتنی بكات بۆ مسۆگەری سەقامگیری وڵاتەكە.

سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی هێزی هاوپەیمانان بۆ عێراق ئەگەر دۆخی ئەو وڵاتە جارێكی تر تێك بچێت گوتی، ئەوە گریمانكراوە، دەكرێ هێزە عێراقییەكان بتوانن ئاسایش بپارێزن، لە رێگەی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و مەشق لەگەڵ ئەمەریكا لە دوای كشانەوەی، بەڵام ئەگەر ئەوە نەكرێت، یان ناكۆكیی سیاسی ناوخۆیی سەری هەڵدا، دۆخی تەناهی عێراق دەكەوێتە مەترسیی گەورەوە.

عومەر محەمەد توێژەر لەبارەی دۆخی عێراق لە دوای 30ی ئەیلوول وریایی لەوە دەدات كە رێكخراوی داعش لەسەر ئەو بۆشاییە تەناهییانە كار دەكات كە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دروستیان دەكات، بابەتەكەش تەنیا پێوەست نییە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، بەڵكو پێوەندی بە توانای دەوڵەتی عێراقەوە هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق دروستی دەكات، ئەو دۆخەی ئێستە لە چەند رووێكەوە هاوشێوەی دۆخی بەر لە كۆنترۆڵكردنی داعشە بۆ شاری مووسڵ، ئێستەش رێكخراوەكە هەوڵی سوودبینین لەو دۆخە ناسەقامگیریە و لێكترازانە ناوخۆییەی عێراق دەدات كە هەر كەموكورتی و كێشەیەك لە ئیدارەدانی ئەو قۆناغە، دەبێتە هەلێك بۆ داعش بۆ خۆرێكخستنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *