سیاسەتی «کوشتنی کات»

بینەر: (62)

شاخەوان عەزیز نادر

کاتێک دەسەڵاتێک شکست دەهێنێت لە پێشکەشکردنی چارەسەری ئەرێنی بۆ قەیرانەکان، ستراتیژیەتی تێپەڕاندنی کات و بەڕێکردنی قۆناغ دەکاتە بەدیلی حوکمڕانی. لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم ڕەفتارە سیاسییە گەیشتووەتە ئاستی دیاردەیەکی نەخۆش؛ کاتێک قەیرانێک کۆتایی دێت، دروستکراوی دەستپێکی قەیرانێکی دیکەیە، کە ئەم ڕەوتە بازنەیییەش هۆکارە بۆ ئەوەی پرۆسە سەرەکییەکانی دەوڵەتداری لە دۆخێکی سڕبوون و نادیاریدا بمێننەوە. لە چاوی ڕەخنەیییەوە، ئەم هەڵپەساردنە تەنها دواکەوتنی ئاسایی نییە، بەڵکو سیاسەتێکی ڕێکخراوە بۆ پەکخستنی ئیرادەی کۆمەڵگە؛

بۆ نموونە، لە ڕووی سیاسییەوە، پەککەوتنی کۆمیسیۆن و دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بۆ چەندین ساڵ بە ناوی ناگونجاویی بارودۆخەکەوە سەلمێنەری ئەوەیە کە دەسەڵات پرۆسەی دیموکراسی کردووەتە بارمتەی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆی. هاوزەمان لە ڕووی ئابوورییەوە، دواخستنی چاکسازیی لە پێدانی مووچە، نادیاری لە پرۆسەی تەوتین و دروستکردنی ئابوورییەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی نەوت، هەمیشە دەخرێنە داهاتوویەکی نادیارەوە؛ بە جۆرێک کە چاوەڕوانکردنی شایستەی سەرەتایی بووەتە ئامانجی یەکەمی هاووڵاتی. تاڵترین ڕاستی لەم واقیعە سیاسییەدا ئەوەیە کە دەسەڵاتداران توانیویانە سبەینێ بگوێزنەوە بۆ زەمەنێکی نادیار و دەستپێنەگەیشتوو، بە شێوەیەک کاتێک وزە و داواکارییەکانی نەوەی نوێ بە خێرایی گەشە دەکەن، دامەزراوە فەرمییەکان بەردەوام پاساوی ناسەقامگیری دەهێننەوە تا خۆ لە هەر بەرپرسیارێتییەک بپێچنەوە. گرنگترین تەکتیکی سیاسیی حوکمڕانان لە کوردستاندا ئەوەیە کە داهاتوویان کردووەتە پرۆسەیەکی بێپچڕان و بێئەنجام، کە تێیدا تەنها ئەركی هاووڵاتی چاوەڕوانکردنی دەستکەوتێکە کە هیچ کات بەدی ناهێنرێت. لە کۆتاییدا،

بەردەوامبوونی ئەم مۆدێلە لە بەڕێوەبردن، داهاتووی نیشتمان و کۆچکردنی بەکۆمەڵی گەنجان دەکاتە قوربانی، و دەربازبوون لەم قەیرانە بونیادییە تەنها کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە واز لە ڕۆڵی چاوەڕوانکاری بێدەسەڵات بمێنێتەوە و ڕێگە نەدات چارەنووسی بە نادیاری بهێڵرێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *