سی ئێن ئێن: واشنتن بە دوای دەرچەیەك بۆ ڕزگاربوون لە جەنگی ئێران دەگەڕێت

بینەر: (80)

سێ سەرچاوەی تایبەت قسەیان بۆ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی كردووە و دووپات لەوە دەكەنەوە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا فەرماندە باڵاكانی سوپا بە گشتی و جەنەراڵ دان كیەنی سوپاسالاری وڵات بە تایبەتی، بە دوای دەرچەیەك بۆ ڕزگاربوون لە جەنگی ئێران دەگەڕێن.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن، دان كیەن و فەرماندە سەربازییەكانی تر گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی بژارەی سەربازی و دەستكردنەوە بە پێكدادانەكان، دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە، بە تایبەت كە ئێستە دان كیەن دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە بۆردمانی ئاسمانی بە تەنیا ناتوانێ ئامانجەكانمان بۆ بهێنێتە دی، بۆیە بە ڕوونی و ڕاشكاوی ئاماژەی داوە كە دەیەوێ بە دوای دەرچەیەك دا بگەڕێت.

یەكێك لە سەرچاوەكان پشتڕاستی ئەوەی كردووەتەوە، جەنەراڵ دان كیەن ئەو بیرۆكەیەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تری واشنتن، وەك بەڕێوەبەری دەزگەی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا جۆن ڕاتكلیف و ماركۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوە و جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا تاوتوێ كردووە.

ئێستە ئەو جەنەراڵە ئەمەریكییە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەشێك لە ڕاوێژكارانی دۆناڵد ترەمپ چڕ كردووەتەوە، بە تایبەت كە ئەوانەی كاریگەرییان لەسەر هەڵوێست و بڕیارەكانی هەیە، بۆ ئەوەی كار بكەن و ئاسانكاری بۆ هاوئاهەنگی نێوان ئاژانسەكان و دامەزراوەكان و گەیشتنە ڕوانین و دیدگەیەكی هاوبەش بەر لە دیدار لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا دەستەبەر بكەن.

ئامانجی ئەو جووڵەیە روونكردنەوەی كۆسپ و مەترسییەكانی پێوەست بە بژارەی سەربازییە، بە تایبەت ئەو بژارەیەی كە ڕەتی بڵاوەپێكردنی هێزی وشكایی لە ئێران دەكاتەوە.

یەكێك لە سەرچاوەكان بۆ سی ئێن ئێن گوتی، لەو باوەڕەدام ئەوە ڕێگەیەك بێ بۆ پاراستنی دامەزراوە سەربازییەكانی ئەمەریكا، وەك ئاماژەیەك بۆ جموجۆڵەكانی دان كیەن لە واشنتن. فەرماندە سەربازییەكان لەو باوەڕەدان، تا ئەو كاتەی ترەمپ سوور بێ لەوەی هێزی وشكایی لە ناو ئێران بڵاوە پێ نەكات، بۆردمانە ئاسمانییەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نابێت و ئەمەریكا ناتوانێ تاران ناچار بە ملكەچكردن بكات.

دان كیەن و ئەندامانی تری حكوومەتی ترەمپ لە گفتوگۆ تایبەتییەكانیان باس لەوە دەكەن، كە سیناریۆی بۆردمانكردن لە ئاسمانەوە چاوەڕوانی سەركەوتنی لێ ناكرێت، بۆیە خەریكی پەرەپێدان و پێشخستن و دەسخستنی بژارەی ترن كە لەگەڵ بۆچوونەكانی دۆناڵد ترەمپ بگونجێت.

دوای تێپەڕینی شەش مانگ بەسەر هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تا ئێستە ململانێكە كۆتایی نەهاتووە و لە چەند هەفتەی ڕابردوویش جارێكی تر بۆردمانەكان دەستیان پێ كردەوە.

لە وەڵامی ئەو گفتوگۆ تایبەت و بیرۆكانە، سی ئێن پێوەندی بە جۆزێف هۆلستید گوتەبێژی جەنەراڵ دان كیەن كرد، بەڵام ئەو دووپاتی كردەوە كە قسە لەسەر دیدار و بۆچونی تایبەتی بەرپرسانی ئەمەریكا ناكات، هەروەها كۆمێنت و سەرنج لەسەر زانیاری سەرچاوە نەناسراو نادەین، چونكە ئەم جووڵانە ئەجێندایەكی دیاریكراویان لێ دەخوێنرێتەوە. هاوكات هەریەك لە وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكایش ڕەتیان كردەوە قسە لەسەر ئەو بۆچوون و بیرۆكە نوێكانە بخەنە ڕوو.

جەنگ و ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران گەیشتووەتە قۆناغێك كە زۆر لە گەورە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی لە حكوومەتی ترەمپ، گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە باوەڕی سەربازی و هەڵسەنگاندنی كۆمەڵگەی هەواڵگری هاوتای بۆچوونەكەی دان كیەنی سوپاسالاری وڵاتە و سەرجەمیان نایشارنەوە كە بۆردمانی ئاسمانی سنووری هەیە و ناتوانرێ بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی پێ ببەسترێت.

لەبەرئەوە دان كیەن و گەورە بەرپرسانی تر هۆشدارییان بە ترەمپ دا، لەو كاتەی لە كۆتایی مانگی ڕابردوو خەریكی وەشاندنی گورزێكی تری سەربازی فراوان و زۆر بەهێز بوو، هۆی هۆشداریدانیش بە ترەمپ لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لێكەواتەكانی جەنگ بۆ سەر ئەمەریكا زۆر خراپ و مەترسیدارتر دەبێت، ئەگەر ترەمپ فەرمانی هێرشێكی گەورە و فراوان بدات.

هاوكات داوای سێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە دۆناڵد ترەمپ، وایكرد دواجار بۆردمانەكان بوەستێنێت و گفتوگۆكان لە نێوان هەردوو وڵات دەست پێ بكەنەوە. ئەوانەیشی پشتیوانی وەشاندنی گورزێكی تریان لە ئێران دەكرد، فەرماندەكانی ناو هێزەكانی سێنتكۆم و ئیسرائیل بوون.

سەرەڕای ئەوەی دواجار ترەمپ بۆردمانكردنەوەی ئێرانی بۆ كاتێكی تر هەڵپەسارد، بەڵام هاوكات كەمبوونەوەی جبەخانەی ئەمەریكایش ڕۆڵی تەواوی لە دەركردنی ئەو بڕیارە هەبوو، یەكێك لە سەرچاوەكان دەڵێ، ئەوە بووەتە سەرچاوەی نیگەرانییەكی زۆر نەك تەنیا بۆ ئەمەریكا، بەڵكو بۆ وڵاتانی كەنداویش مەترسییەكی گەورەیە، چونكە لەمدواییە سەركردەكانی وڵاتانی كەنداویش كۆشكی سپییان لە كەمبوونەوەی جبەخانەی پاتریۆت لە ناوچەكانیان ئاگەدار كردووەتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *