پلانی حكوومەتی عێراق بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت دەچێتە قۆناغێكی هەستیار، دوای ئەوەی شنگال كراوەتە ئامانجی ئەو پرۆسەیە و هەڵمەتی نەهێشتنی میلیشیاكان و كۆكردنەوەی چەكی لێ ئەنجام دەدرێت، بڕیارە میلیشیاكانی ئێزیدی هەڵبوەشێنرێنەوە و چەكدارەكانیان بخرێنە ڕیزی هێزە فەرمییەكانی عێراق و هێزە بیانییەكانیش لە شنگال دەربكرێن.
لە دوای ئۆكتۆبەری 2016 و هاتنەوەی هێزەكانی عێراق بۆ شنگال، ئەو شارۆكەیە كە شوێنێكی ستراتیجی و چیایەكی گرنگی لێیە، بووەتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی ناوچەكە و چەندان گرووپی میلیشیای عێراق و ناعێراقی لەو شارۆچكەیە بوونیان هەیە، بەوهۆیەوە ژمارەیەكی بێشوماری ئاوارەكانی ئێزیدی ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەكە و لە ژێر دەستی ئەو هەموو گرووپە میلیشیایە ژیان بكەن، هاوكات دامەزراوە فەرمییەكانی حكوومەتیش تا ئێستە بۆ شارۆچكەكە نەگەڕاونەتەوە.
پێشتر عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد، چەك لە گرووپی یەكینەكانی پاراستنی شنگال دادەماڵرێت و چیای شنگال و ناوچەكە بە تەواوی دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی تەواوەتی حكوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە تەناهی و كارگێڕییەكانی، هاوكات نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، كە ئەو ڕێوشوێنانە كۆتایی بە فرەگرووپی چەكداری و بڕیاری تەناهی لە شارۆچكەكە دەهێنێت و گەرەنتی مافی خەڵكی ناوچەكە دەكات، چەكدارە شیاوەكان دەخرێنە ڕیزی هێزەكانی تەناهی ئەو شارۆچكەیە بەشێوەیەكی یاسایی.
لە هەنگاوێكی نوێدا، فەریق روكن قاسم محەمەدی فەرماندەی هێزی وشكایی عێراق ئاشكرای كرد، بەغدا ڕێ بە هیچ گرووپێكی چەكداری لە دەرەوەی یاسا لە شنگال نادات، داوایشی لە چەكدارە ناعێراقییەكان كرد، دەستبەجێ شنگال جێبهێڵن، چونكە پلانی گێڕانەوەی چەكدارە عێراقییەكانی ئەو ناوچەیە بۆ ڕیزی هێزەكانی تەناهی هەیە و دواتریش بەڕێوەبەرایەتییەكی خۆجێی لە شنگال پێكدەهێنرێتەوە، تا كاروباری خەڵكی شارۆچكەكە ڕابپەڕێنێت.
ئەو ڕێوشوێنانە دوو ڕێڕەوی هاوتەریبیان گرتووەتەبەر، یەكەمیان پێوەستە بە گرووپی چەكداری ئێزیدی خەڵكی عێراق، كە چەكدارەكانیان بۆ ڕیزی هێزە فەرمییەكانی حكوومەتی فیدراڵ دەگەڕێنرێنەوە و دووەمیشیان پێوەستە بە چەكدارە ناعێراقییەكان، بەغدا دووپات لەوە دەكاتەوە كە بوونیان بە هیچ شێوەیەك لە ناوچە و لە سنووری خاكی عێراق قبووڵكراو نییە، ئەمە هەنگاوێكی نوێیە، چونكە حكوومەت بە تەنیا گرووپە چەكدارەكان هەڵناوەشێنێتەوە و مافی ئێزیدییەكانیش پێشێل ناكات، بگرە هەوڵی ڕێكخستنەوەی دامەزراوەكان و دۆخی تەناهی و نەهێشتنی بیانییەكان لە ناوچەكە دەدات.
ناكرێ بڕیاری حكوومەت و ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی شنگال لە 2020 لە یەكتر جیا بكرێنەوە، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگەكانی تەناهی و هەواڵگریی بەرپرسیاریەتیی ئاسایشی شارۆچكەكە دەگرنە ئەستۆ، سەرجەم پێكهاتە چەكدارەكانی تر لە ناو شارۆچكەكە دەردەكرێن و كۆتایی بە بوونی پەكەكە و شوێنكەوتووانی لەو ناوچەیە دەهێنرێت، هێزێكی دوو هەزار و 500 چەكداری لە خەڵكی شنگال پێكدەهێنرێ و كار بۆ دووبارە نۆژەنكردنەوەی شارۆچكەكە و ڕەخساندنی زەوینەی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكرێت.
لە تەك ئەوە ڕێككەوتنی 2020ی شنگال بە جێبەجێنەكراوی چەندان ساڵە ماوەتەوە، دۆسیەی تەناهی یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و دووبارە نۆژەنكردنەوەی شنگالە، لە ئاب/ئۆگەستی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و جێگیری ناوچەكە و جێبەجێنەكردنی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو هێزانەی لە ناوچەكە هەن و بەرپرسیاری بەردەوامی ئەو كێشەن، بۆیە پێویستە ئەو هێزانەی دەرەوەی یاسا لە ناوچەكە بچنە دەرەوە.
ڕۆژنامەی “عەرەب”ی لەندەنی لە ڕاپۆرتێكدا نووسیویەتی، گرنگیی شنگال تەنیا لە ناوخۆی عێراق كورت ناكرێتەوە، بەڵكو دەڕوانێتە سەر بەشێكی گرنگی سنووری نێوان عێراق و سووریا و ڕێڕەوێكی گرنگی باكوری ڕۆژئاوای عێراقە، بوونی پەكەكە و پێكهاتەكانی لە چەند ساڵی ڕابردوو لەو ناوچەیە، بووە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان بەغدا و ئەنكەرە.
بە ڕوانین لەم هۆكارانەی سەرەوە، كۆنترۆڵكردنی دۆخی شنگال لەلایەن حكوومەتی عێراق و سەپاندنی یاسا و دەسەڵاتی فیدراڵی، پرۆسەیەكی گەورەتر و گرنگترە لە تەنیا داماڵینی چەكی میلیشیاكان كە لە ناوچه پێگە و هەژموونیان هەیە.
ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی فراوانی حكوومەتی زەیدی دێت بۆ ڕێكخستنەوەی دۆسیەی چەك لە عێراق، ئێستە حكوومەتی عێراق ڕووبەڕووی گوشارێكی گەورە بووەتەوە، بۆ كۆتاهێنان بە چەكی گرووپەكانی دەرەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت، بۆیە بەشێك لە گرووپە میلیشیاكان ئەم بیرۆكەیە ڕەت دەكەنەوە و لە دانوستاندن تا دۆسیەكە لە چەكداماڵینەوە بۆ ڕێكخستنی چەك بگۆڕن و چەكەكانیان ڕادەست نەكەن.
لەو گۆشەیەوە شنگال حاڵەتێكی جیاوازە، ئەو لێكگەیشتنەی لەوێ دەكرێ گرووپەكان هان دەدا بە ئاراستەی دانانی چەك بەرانبەر بە تێكەڵبوونەوە لەگەڵ هێزە فەرمییەكانی عێراق، لەبری هەڵوەشانەوەی گرووپەكان، ئەو نموونەیە دەكرێ مەترسییەكانی پێكدادان كەم بكاتەوە و دەرفەتی ئەوە بە دەوڵەت بدات، چەكدارە عێراقییەكانی ناو ئەو گرووپانە بخاتە ناو سیستمی تەناهی و سەربازیی بەخۆیەوە، بەڵام لێرەوە مەرجی ئەوە دێتە ئاراوە، تا چەند بەغدا دەتوانێ كۆنترۆڵی سەركردایەتیی ئەو هێزانە بكات و ڕێگری لەوە بكات، دووبارە گرووپی چەكداری سەربەخۆ لە ناویاندا دروست ببنەوە.
















Leave a Reply