دەوڵەتی تاپۆکراو

بینەر: (5.6K)

محمد ئەمجد قادر

وەک داربەڕوویەکی دێرین کە لە دەرەوە ڕوویەکى سەوزی هەیە و هێشتا سێبەر دەدات، بەڵام لە ناوەوە مۆریانە و کرمەکان تا دواین ڕیشاڵی قەدەکەیان خواردووە و تەنها بە فوویەک یان ڕەشەبایەک دەڕووخێت؛ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش بەمجۆرە لە ناوەوە کلۆر کراون. کاتێک گەنجێکی دەرچووی زانکۆ لەسەر شۆستەیەک چای دەفرۆشێت یان باوکێک سەیری نرخی دەرمان دەکات و دەست دەکات بە گیرفانی بەتاڵیدا، لە هەمان کاتدا ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکانی کوڕە بەرپرسەکان بە خێرایی بەردەمیدا تێدەپەڕن بەرەو کۆشکە ئەفسانەییەکانیان، تێدەگات کە ئەمە وڵات نییە؛ ئەمە کێڵگەیەکی تایبەتە کە تێیدا حیزب هەموو شتێکی بۆ قەڵەوکردنی خۆی قۆرخ کردووە.

ئەم وێرانکارییە سیستماتیكە، کێشەی خراپ بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو ئەنجامی پرۆسەیەکی وردی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتە لەلایەن نوخبەیەکی حیزبییەوە. لێرە، دامەزراوەکان تەنها پەردەیەکن بۆ شاردنەوەی ئەو تۆڕە خێڵەکی و پاتڕۆناژەی کە وەلائی سیاسی بە سامانی گشتی دەکڕێت، و بەڕێوەبەری گشتی یان وەزیرێک زیاتر لە کارمەندێکی گوێڕایەڵی بنەماڵەکان دەچێت تا بەرپرسێکی دەوڵەت.

ئەم مافیا و کارتێلە سیاسییە، کاتێک دێتە سەر دروستکردنی نەخۆشخانەیەک، قوتابخانەیەک، یان پێدانی مووچەی مامۆستایان، یەکسەر بانگەشەی قەیرانی دارایی دەکەن و فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن. بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و پلاتفۆرمەکانی دژە گەندەڵی، ڕۆژانە بەڵگەی ئەو موڵکە خەیاڵییانە بڵاودەکەنەوە کە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لە دەرەوەی وڵات کڕیویانە. ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە چەتەگەرییەکی ڕێکخراوە کە بە یاسا و هێزی چەکدار ڕوپۆش کراوە. ئەوان دامەزراوەکانی دەوڵەتیان خستووەتە ناو زەلکاوی بەرژەوەندییە خێزانییەکانەوە، بە جۆرێک هیچ پرۆژەیەکی گشتی و هیچ وەبەرهێنانێک جێبەجێ ناکرێت ئەگەر پشکی شێری نەچێتە گیرفانی کۆمپانیاکانی خۆیانەوە.

ئەم تاڵانچییانە لە هەژاری و توڕەیی ئێوە دەترسن زۆر زیاتر لەوەی ئێوە لە هێزە ئەمنییەکانی ئەوان بترسن. ئەگەر ئەوان لە خۆیان و مانەوەیان دڵنیابوونایە، هەرگیز نەیاندەویست لە پشت دیوارە بەرزەکانی کۆشکەکانیانەوە خۆیان بشارنەوە و بە ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ بەناو شارەکانی خۆیاندا تێپەڕن. سیستەمێک کە لەسەر دزینی نانی منداڵانی وڵاتەکەی بونیاد نرابێت، پێشتر لە ناوەوە ڕزیوە — و تەنها هەنگاوێکی یەکگرتوو و توڕەیی بێدەنگکراوەکانە کە دەتوانێت ئەم کۆشکە حەرامانە بەسەر سەریاندا بڕوخێنێت!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *