خەڵاتی سەرۆک، خەڵاتی نەتەوەیەک

بینەر: (797)

مێژووی هەر سەرکردە و ڕێبەرێک پڕە لە هەوراز و نشێو و ساتەوەختە چارەنووسسازەکان. هیچ سەرکردەیەکی بەهێز و مێژووساز نەبووە بە درێژایی خەبات و چالاکییەکەی نەکەوێتە بەردەم ساتە گرنگ و یەکلاکەرەوەکان، بەڵام مەزنترین ئەو سەرۆکانە، ئەوانەن وا بڕیاریان بۆ پاراستنی نەتەوە و گەلەکەی خۆیان داوە، لە پاڵ ئەوەی کەرامەتی مرۆڤیان وەک مرۆڤبوون لەبەرچاو گرتووە. واتە نەمرترینی سەرۆکەکانی مێژوو، ئەوانەن وا لە پاڵ مافی گەل و نەتەوەکەیاندا جەوهەری مرۆڤبوون و کەرامەتیان پاراستووە و ئەم دوو بابەتەیان یەک خستووە، ئەگەرچی زۆریش ئاسان نەبووە.

مێژووی کورد هەوراز و نشێوی فرەی بڕیوە و تووشی نسکۆ و تراجیدیای زۆریش هاتووە، هیچ شکۆمەندی و درەوشانەوەیەکی کورد نەبووە لە مێژوو، بەدوایدا شکست و گلانێک نەیەتە ئاراوە، بەداخەوە نایەکانگیری و خۆخۆریی کورد تا ئێستە وەک هۆی سەرەکی، دیاری کراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا تەنانەت هەر شکستێکی کورد جۆرێک حەماس و شکۆی لە پشتەوە بووە یان وەک دەڵێن کورد بە پێوە دەمرێت، بەڵام بە چۆکدادان ناژیی. ڕەنگە ئەم ڕستانە گێڕەرەوەی خەباتی مێژووی کورد لە سەدەی بیستەمدا بن.

یەکێک لەو سەرۆکە مەزنانەی مێژووی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازی نەک هەر لە مێژووی کورد، بەڵکوو لە ناوچەکەیشدا گێڕا و لە ئاستی جیهانیشدا بووە هێما و ئاماژەیەکی دیاری دۆزی نەتەوەکەی و پێداگریی لە پێکەوەژیانی ئاینی و کولتووریی دەكات، سەرۆک مەسعوود بارزانییە.

ئەوانەی لە دەلاقەیەکی بەرتەسکی حزبی یان ئایدۆلۆجی و تەنانەت لە دیدگایەکی بەقەولی خۆیان دیموکراسییانەی قووڵەوە ئەم ڕستانە دەخوێننەوە، نە توانای ئەوەیان هەیە ئەو مێژووە ببینن و نەدەشتوانن حوکمی دروست لەسەر ڕووداوەکان بدەن. هەر ئێستە کە من ئەم دێڕانە دەنووسم، زۆر کەس بە ناوی بەرگریکردن لە ئایدۆلۆجیای چەپەوە، پەلاماری هێما کوردییەکان دەدەن و دەیانەوێت لە پاش ڕووخانی دیواری بەرلین ببن بە ڕزگارکەری جیهان و هەموو چەوساوەکانی گۆی زەوی، ڕۆڵێک کە تا ئێستە نە کۆماریی کۆمۆنیستیی چین پێی کراوە /ئێستە پەکین هەر دوای ئەم خەیاڵپڵاوییە ناکەوێت/ و نە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات تاقەتی ئەوەیان ماوە بۆی بجووڵێن. تەنیا تاقمێک لە کوردی بەناو کورد دوای ئایدیا و خەیاڵێکی بۆش کەوتوو، واتێدەگەن بە لێدان لە هێما و نیشانە کولتووری، سیاسی، مێژوویی و مەعنەوییەکانی کوردستان، پرۆژەی سۆسیالیزمی جیهانی جێبەجێ دەبێت.

بۆیە ئاماژەم بەم تاقمە بێگانەیە کرد تا واقیعی مێژوویی و سیاسیی خۆمان بە هەموو بەرزی و نزمییەکانییەوە ببینین، هەزاران کتێب لەسەر مارکس و لێنین و سۆسیالیزم بخوێنینەوە، یەک ساڵی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی ناهێنێت و بەرچاومان ڕوون ناکاتەوە لە بینینی واقیعی فرەلایەنی کوردستان. پێم وایە سەرۆک بارزانی هەڵگرێ ئەو واقیعە فرەڕەهەندەی سیاسەت و هزر و حیکمەتی کوردییە کە لە ماوەی نیوسەدە زیاتردا، جەستە و ڕۆحی تێیدا قاڵ بووە و کوردایەتی و مرۆڤدۆستی وەک باوەڕێکی قووڵ لە هەناویدا ڕەگئاژۆ بووە. بمانەوێ و نەمانەوێت ئەو تاکە سەرکردەی زیندوو و کاریزمایە گوزارشت لە دۆزی نەتەوەی کورد دەکات لە ناوچەکە و جیهاندا، هەم بە جلوبەرگی، هەم بە هەڵوێستی و سیاسەتی و هەم بە ئاخاوتن و نووسین و پێوەندییەکانیشی، ئەمەی سەلماندووە.

ئێمە نەتەوەیەکین بەبێ سەرکردەی کاریزما زیاتر پەرتەوازە دەبین، بۆیە بوونی بارزانی ئێستەیش هەوێنی هیوا و دڵخۆشییە بۆ دۆزی کورد و دواڕۆژێکی ڕوون. کەس ناتوانێت پشتگیری و هاوکاریی و هەڵوێستەکانی بۆ شنگالی سەردەمی داعش و ئێزیدییەکان و هەروەها بۆ ئەم قۆناغەی دوایی شەڕیش لە حەلەب و شێخ مەقسوود بەرز نەنرخێنێت و ڕۆڵی لە ئاو کردن بە ئاگری شەڕ و پێشگرتنی قەتڵ و کوشتاری کورد (ئێزیدی و…) نەدیو بگرێت. پێداگریی سەرۆک لە ژیانی پێکەوەیی و تەبایی ئاینی و کولتووری، بووە بە مۆدێلێکی سەرکەوتوو، ئەگەرچی تەگەرەی لە بەردەمدا بووە و دەبێ، بەڵام بە گشتی درەوشاوە و سەرکەوتوو بووە و کۆی ئەم کارنامەیەی سەرۆک، وایکردووە ئەو خەڵاتە “جیهانییەی پاپا” وەرگرێت.

پێدانی نیشانەی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکان بە سەرۆک بارزانی، هێمایەکە بۆ سەرکەوتنی ئەو مۆدێلە سیاسی-کۆمەڵایەتییەی خەباتی بۆ کردووە و لە پێناویدا قوربانیی داوە. خەڵاتی “پیۆسی نۆیەم” خەڵاتێکە زیاتر بە پاشا، سەرۆک و سەرکردە مەزنەکانی وڵاتانی سەربەخۆ و دیار دەدرێت، ڕچەشکێنیی پاپا وەک زۆر ڕچەشکێنیی دیکەی ڕۆژئاوا بە نیسبەت ڕێبەرایەتیی سیاسیی کوردستان لە هەولێر، بۆ پێدانی ئەم نیشانەیە بە بارزانی، دەرخەری ناوبانگ و درەوشاوەیی ڕاستەقینەی هەوڵەکانی ئەوە لە ڕێبازی بەرگریی لە گەلەکەی و مرۆڤایەتیی لە یەک پاکێجی هاوبەشدا.

ئەم خەڵاتە مەزنترە لەوەی بەشێک لە میدیاکان بە خێرایی باسیان کرد و لەسەری نەڕۆیشتن، ئەگەر خەڵاتێکی ئاوا بدرایە بە سەرۆکی هەر وڵاتێکی سەربەخۆی ئەم دنیایەدا، ئەوا جەژن و هەلهەلە و شادییان دەگێڕا. ئەم خەڵاتە تەنیا خەڵاتێک نییە بۆ یەک کەس، بەڵکوو خەڵاتێکی ڕەمزییە بۆ ڕێبەرێک و هاوکات گەلەکەیشی، خەڵاتێک بۆ ئەو دەرئەنجامە فکری و سیاسی و حەکیمانەیەی بەناو لافاوی خوێن و ئەنفال و پاکتاوکردندا هات و گەل و مرۆڤدۆستی، بە هەزاران برین و سەختییەوە، پێکەوە ئاشت کردەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *