حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و پێشێلكارییەكانی حكوومەتی فیدراڵ داتای فەرمی بڵاو كردەوە.
لە راپۆرتەكەدا دووپات لەوە كراوەتەوە كە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی لە 14.14% بۆ 12.68% كەمكردووەتەوە، كە كاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 دەبێت.
ئەوە روونكراوەتەوە كە پێش ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری، گفتوگۆی چڕ لەنێوان وەزارەتەكانی پلاندانانی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، كە بووە هۆی دەرچوونی كۆمەڵێك بڕیاری گرنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ “بڕیارەكانی 24853، 24859، و 24860”.
گرنگترین خاڵەكانی ئەم بڕیارانە بریتی بوون لە:
بەڕێوەبردنی هاوبەش: پێكهێنانی تیمی هاوبەش لە سەرجەم پێكهاتەكان (كورد، عەرەب،توركمان، مەسیحی و ئێزدی) بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە كوردستانییەكان.
وردبینیی داتاكان: بەراوردكردنی داتاكانی سەرژمێریی 2024، لەگەڵ تۆمارەكانی سەرژمێریی ساڵی 1957 و داتای وەزارەتەكانی (ناوخۆ، بازرگانی، كۆچ و كۆچبەران).
پاراستنی هاوبەش: داتاكان لەژێر سەرپەرشتیی هاوبەشی هەردوو حكومەتدا دەبن و تۆمارێكی تایبەت بۆ ناوچە كوردستانییەكان دروست دەكرێت.
تەرخانكردنی دارایی: دابینكردنی 13.83 ملیار دینار بۆ وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكە.
پابەندنەبوون و پێشێلكارییەكانی حكوومەتی فیدراڵ
دوای نزیكەی دوو ساڵ لە تێپەڕبوونی پرۆسەكە، دەركەوت كە حكومەتی فیدراڵی پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبووە:
پەراوێزخستنی تیمە هاوبەشەكان: لە ناوچە كوردستانییەكان پرۆسەكە بێ بەشداریی ڕاستەقینەی تیمە هاوبەشەكانی پێكهاتەكان بەڕێوە چوو.
ڕاگەیاندنی تاكلایەنە: وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەبێ ڕەچاوكردنی بڕیارە پابەندكەرەكان و بەبێ تەواوكردنی پرۆسەی بەراوردكاری، ئەنجامەكانی ڕاگەیاند (كۆی دانیشتووانی عێراق46,118,793 و هەرێمی كوردستان: 6,519,129 كەس).
پشتگوێخستنی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان: سەرەڕای ئاراستەكردنی 28 نووسراوی فەرمی بۆسەرۆكایەتییەكانی عێراق و ئەنجامدانی 5 سەردانی فەرمی بۆ چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكان و بەدەستهێنانی داتای خاو، هیچ وەڵامێكی ئەرێنی و كرداری نەدراوەتەوە.
بیانووی نالۆژیكی بۆ دواخستن: بەرپرسانی فیدراڵ دەڵێن پرۆسەی بەراوردكردنی داتا لەگەڵساڵی 1957 پێویستیی بە زیاتر لە 12 ساڵ هەیە، لە كاتێكدا بەپێی هەڵسەنگاندنەزانستییەكان، ئەگەر ئیرادەی سیاسی و ئامێری پێویست هەبێت، ئەم پرۆسەیە كەمتر لە 6مانگی دەوێت. هەروەها ناردنی داتاكان بۆ هەرێم بەستراوەتەوە بەم پرۆسە درێژخایەنەوە كەپێشێلكارییەكی ڕوونە.
خەرجنەكردنی شایستە داراییەكان: تا ئێستا بڕەپارەی تەرخانكراو (13.8 ملیار دینار) بۆخەرجییەكانی سەرژمێری لە هەرێم دابین نەكراوە.
كێشەی دەستكارییكردنی ڕێژەی دانیشتووان و مەترسییە داراییەكان
لە سەرەتای ساڵی 2026، وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەفەرمی دانی بەوەدا نا كە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، بەپێی داتا خاوەكان %14.14ـە. بەڵام لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا، وەزارەتەكە بە شێوەیەكی نایاسایی ئەم ڕێژەیەی دابەزاند بۆ %12.68، بەبیانووی دەركردنی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێم لە ئامارەكە، ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی ئیدارەدان و دابینكردنی خەرجییەكانی بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی لە ئەستۆدایە و میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر دەكات.
ژمارەی دانیشتووانی ناوچە هاوبەشەكان كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوەدەبردرێت 500 هەزار كەسە و هەریەك لە ناوچەكانی ( سەنتەری شارۆچكەی شێخان، شارەدێی زێلكان، شارەدێی فایدە و شارەدێی قەراج، گوێڕ و دیبەگە لە سنووری شارۆچكەیمەخموور) لەخۆدەگرێت، ئەو ناوچانە سەرجەم خەرجییەكانیان لەسەر ئەستۆی حكوومەتیهەرێمی كوردستانە بەڵام حكوومەتی عێراق دانیشتووانی ئەو سنوورانەی بۆ خۆی ئەژماركردووە و وەك بەشێك لە دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی نەناساندووە.
چوارەم: هەڵوێست و داواكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگری دەكات لەسەر:
جێگیركردنی پشكی (14.14%): حكوومەت داوا دەكات پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027، لەسەر بنەمای ڕێژەی (14.14%) جێگیربكرێت. دابەزاندنی ئەم ڕێژەیە دەبێتە هۆی بێبەشكردنی هاووڵاتییانی هەرێم لە پشكیدامەزراندن، بەشەخۆراك، دەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.
قەرەبووكردنەوەی هەڵە مێژووییەكان: لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2025، هەرچەندە بەپێی یاسا پشكی هەرێم (12.67%) دیاری كرابوو، بەڵام بەپێی داتاكانی وەزارەتی داراییی هەرێم، بەتێكڕا تەنها %3.31ـی بودجەی فیدراڵی گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان.
دووبارەكردنەوەی ئەم ستەمە ئابوورییە بە پشتبەستن بە داتای دەستكاریكراوی سەرژمێری، جێی قبووڵ نییە.
















Leave a Reply