لە دەرمانخانەكانی تارانەوە تا نەخۆشخانەكان، دابینكردنی دەرمان لە ئێران بووەتە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، نەخۆشانی نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەكان لەگەڵ كەمبوونی دەرمان، بەرزبوونەوەی نرخ دەناڵێنن.
ڕاپۆرتێكی نوێی CNN باس لە ژنێكی /35 ساڵ/ بە ناوی سیما دەكات كە بۆ دۆزینەوەی دەرمانێك بۆ پاراستنی گورچیلەكانی، سەردانی حەوت دەرمانخانەی كردووە. ئەو دەرمانەی لە دەرمانخانەی حەوتەم دۆزییەوە، بەڵام نرخی دەرمانەكە دووبارە بەرز ببووەوە و سیما ناچار بووە بڕی دەرمانەكەی كەم بكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی بڵاوكراوە لە میدیاكانی ئێران، نزیكەی 800 جۆری دەرمان لە بازاڕدا كەمە، كە نزیكەی 90 جۆریان لە دەرمانە گرنگ و ژیان پارێزەكانن. لە نێوان ئەو دەرمانانەدا جۆرەكانی دەرمانی شێرپەنجە، ئینسولین و دەرمانەكانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان هەن.
كێشەكە تەنیا نەدۆزینەوەی دەرمان نییە، بەڵكو ئەو دەرمانانەی لە بازاڕدا ماون، لە زۆر حاڵەتدا بە نرخێكی زۆر بەرزتر دەفرۆشرێن.
بەپێی داتا و ڕاپۆرتەكانی میدیا، نرخی هەندێك دەرمان لە ماوەی ساڵێكی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بووە، هەندێك دەرمان نرخی بە نزیكەی 220٪ زیاد بووە، هەیشە 375٪ گرانتر بووە.
ئێستە لە ئێران، نەخۆش لەبەردەم دوو هەڵبژاردەی سەختدا دەوەستێت، یان دەرمانەكە بە نرخی زۆر گران بكڕێت، یان بڕی دەرمانەكە كەم بكاتەوە، چارەسەر دوا بخات و یان جێگرەوەیەكی ناوخۆیی بەكاربێنێت.
حكومەتی ئێران دەڵێت، وڵاتەكە لە ڕووی ژمارەییەوە نزیكەی 97٪ی پێداویستییە دەرمانییەكانی خۆی لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەم ژمارەیە بە مانای سەربەخۆیی تەواو لە بواری دەرمانسازی نییە.
شارەزایانی بواری تەندروستی دەڵێن كارگە ناوخۆییەكان هێشتا پێویستیان بە مادەی خاو، ئامێر، تەكنەلۆجیا و هەندێك مادەی پێویست لە دەرەوە هەیە. هەروەها دەرمانە تایبەت و گرانەكان زۆرجار دەبێت لە دەرەوەی وڵات هاوردە بكرێن.
لەبەر ئەمە، كێشەی گواستنەوەی پارە، كەمبوونی دۆلار، گەمارۆی بانكی و دژوارییەكانی هاوردەكردن دەتوانن تەنانەت بەرهەمهێنانی ناوخۆش كەم بكەنەوە، چونكە كارگەكان بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان پێویستیان بە مادە و كەرەستەی هاوردەكراو هەیە.
ئەمەریكا دەڵێت دەرمان و كەرەستەی پزیشكی لە بنەڕەتدا لە گەمارۆكاندا بە شێوەیەكی گشتی نەخراونەتە ژێر قەدەغە و ڕێگە بە مامەڵەكردن لە بواری دەرمان، خواردن و كەرەستەی پزیشكی دراوە. بەڵام كێشەكە لە شوێنێكی ترە و بانك و كۆمپانیاكانی دەرەوە زۆرجار نایانەوێت ریسكی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران وەربگرن.
هاوكات توێژینەوەكان نیشانیان داوە كە گەمارۆ داراییەكان دەتوانن دەستگەیشتن بە دەرمانە گرنگەكان كەم بكەنەوە، تەنانەت ئەگەر دەرمان بە فەرمی لە گەمارۆكاندا نەبێت.
بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران، زیاتر لە 18 هەزار دەرمانخانەی تایبەت چاوەڕێی پارەدانەوەی كۆمپانیاكانی بیمەن، قەرزی بیمەكان بۆ دەرمانخانەكان گەیشتووەتە نزیكەی 800 تریلیۆن ڕیاڵ، كە بەرپرسانی ئەنجوومەن بە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار هەژماریان كردووە.
گەمارۆ تەنیا هۆكاری تەنگژەی دەرمان نییە، جەنگ و هێرشە ئاسمانییەكانیش گوشارێكی نوێیان خستووەتە سەر بواری تەندروستی. بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسیانی ئێران، هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسڕائیل لە ساڵی 2026 زیانیان بە زیاتر لە 40 كۆمپانیا و دابینكەر و دابەشكەر لە بواری دەرمان و كەرەستەی پزیشكی گەیاندووە
ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات، ئێستە تێكەڵەیەكە لە گەمارۆ، جەنگ، هەڵاوسان، كێشەی دارایی و لاوازیی دابینكردن، بارودۆخێك كە بارەكەی زۆرتر لەسەر شانی ئەو نەخۆشانە دەكەوێت كە بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان پێویستیان بە دەرمانێكی دیاریكراو هەیە.















Leave a Reply