تێڕامانێک لەسەر “نوێنەرایەتیی کوردبوون”

بینەر: (201)

ڕەنگە ئەو پرسیارەی سەرەوە بڕێک ڕەها دیار بێت یان وەک هەوڵێک دەربکەوێت کە دەخوازێت چوارچێوەیەکی ڕەقوتەق لە شتێک پێناسە بکات و بەگوێرەی هەندێک پێوەر بڕێک کەس لە ناوەوەی چوارچێوەکە و بڕێکیش لە دەرەوەی چوارچێوەکە دابنێت، بەڵام ئەمە تایبەتمەندیی هەر کنە و پشکنینێکە کە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێت و چوارچێوەیەکی هەبێت و بڕێک پێوەر دیاری بکات، ئەگینا چ پێویستە گوزارەیەکی وا دابڕێژرێت کە کورد و بوون و نوێنەرایەتیی تێدا زەق بێت؟ لێ بە نیسبەت ڕەهاگەرێتییەوە بۆ سڕینەوەی ئەو وێنا شیمانەییە، دەبێت بڵێم ئێمە و هەموو نووسەر و توێژەر و مرۆڤێک کە قەناعەتێک لە چرکەساتێکدا بەپێی مەعریفە و تێگەیشتنێک بەرهەم دێنن، لە بەردەم ئەو ئەگەرەداین کە ماوەی داهاتوو یا ساڵانی دیکە لەلایەن نەوەکانی ترەوە بەهۆی دۆخ و هەلومەرجی جیاجیاوە کۆی بنەمای پرسەکە بەهەڵە بزانرێت، بۆیە پێوەست بەم قەناعەتەوە من پێم وانییە ئەو پرسیارە ڕەگەزی ڕەهاگەرانەی تێدا بێت، چونکە باوەڕی بە پەرەسەندنی چەندلایەن و ڕەهەندی دیکە بۆ پێناسەکە هەیە.

کورد ئەگەر بەئاسانیی ساغ نەبێتەوە کە نەتەوەیە /هەڵبەت بەپێی پێناسە سەختگیرە کۆلۆنیالیستییەکان!/، بە دڵنیاییەوە لە ڕووی ژمارە، مێژوو، کولتوور، زمان، جلوبەرگ، ئەدەب و هزری زارەکییەوە، وەکوو یەکێک لە دانیشتووە دێرین و شارستانییەتسازەکانی ئەم هەرێمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە قەڵەم دەدرێت. لە مێژە وتراوە مێژوو پانتایی گێڕانەوەی هێزە سەردەست و براوەکانە، بۆیە ئێمەیش مافی ئەوەمان هەیە بڕێک بوێرانە لەسەر ئەگەرەکانی چۆنبوون و چیبوونی خۆمان لە مێژوودا قسە بکەین و بەو پێیە دەتوانین کورد وەک نەتەوەیەک بزانین کە دەوڵەت و وڵاتی سەربەخۆی نییە، دابەشکراو و قەڵاچۆکراوە، گەلێکی قەدەغەکراو و بریندارە، پاکتاوکراوە، ئەنفالی بەسەردا پراکتیزە بووە، بەڵام هێشتا ماوەتەوە.

ئێستە دەبینین کاتێک باسی کوردستان دەکەین، دەڵێن کوا ئاڵا و وڵات و دەوڵەتتان؟ ئێمە لانیکەم هەموو ئەمانەمان “بە ئاستێک” هەیە لە باشوور، بەڵام چونکە دانپێدانراو نییە وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، وەک دۆخێکی هەڵپەسێراو و ناکام لەناو پێناسەکەدا دەمێنێتەوە.

بەهەرحاڵ ئەزموونی کورد چ وەک سیاسەت و چ وەک کولتوور و ئەدەب و چ وەک مێژوو /تەنانەت بە گێڕانەوەی نەیارەکانی/، ئەزموون و مکوڕبوونی مانەوەی نەتەوەیەکە کە هەوڵی تواندنەوە و لە نەتەوەخستنی دراوە، ئەمە وایکردووە “کوردبوون” دەستەواژەیەکی قورس بێت کە وەک بڵێیت تەنیا بۆ کوردان گونجاو بێت و ئایدۆلۆجیایەکە سەری لە بنبەست و شوێنی تاریک و توندڕۆ دەردەچێت.

بەڵام دەشێت وا نەبێت، لە بیرمە کاتێک هادی عەلەوی لە ناسنامەی عەرەببوونی خۆی یاخی بوو، بەهۆی ئەوەی تێگەیشتبوو بە ناوی نەتەوەی عەرەبەوە چ پاکتاوێکیان دەرهەق بە کورد کرد، بیرم لەوە کردەوە کە کوردبوون دەشێت سنوورەکانی گەلی کورد خۆیشی تێپەڕێنێت و تا ئاستی مێتافۆڕ و خوازەیەکی گشتیی لە ئازار و برین و هاوکات هێز و نەشکان و مانەوە، هەروەتر جۆرێک لە پێکهاتەی ژینکراوی مرۆیی، بڕوات. ئەگەرچی تەنانەت زۆر بە هێواشی و خاو و ڕەنگە دواجاریش ئاسۆیەکی ڕوونی نەبێت، بەڵام ئەگەر نەتەوەکانی دەوروبەری ئێمە بەم ئاستە دیرۆکپەرست و نێرجسیی نەبن بەرانبەر خۆیان و مێژووی پڕ لە زوڵم و غەدارییان دژی یەكتر و دژی کورد، دەبوو هەزارانی وەک هادی عەلەوی لە هەر چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستان جاڕی ڕیسوایی ناسنامەی چەوسێنەرانە و ستەمکارانەی دژە کوردیان بدایە، بەڵام ئەمانە ئەگەر و چاوەڕوانیی زەینین و لۆجیکیشن.

بۆچی ئەم ئەگەرانە دەکرێت لۆجیکی بن؟ چونکە کوردبوون تەنیا دۆخێکی سیاسی و جیۆپۆڵەتیکی و… نییە، بەڵکوو دۆخێکی ئۆنتۆلۆجیی و بوونگەرانەیە، بەو مانایەی ئەزموونی مرۆڤی کورد لە شکست و قوربانیبوون و ناکامی بە ڕادەیەک تاڵ و خەفەتهێنەرە، دەشێت وەک نموونەیەک لە ئەزموونی مرۆیی چاوی لێ بکەین، هاوکات ئەم ڕووە تاریک و خوێناوییەی هەیە، ئەو لایەنەیشی هەیە کە بە هەموو زەبروزەنگێکەوە کە دەرهەقی کراوە، هێشتا بە پێوەیە و هیوای دامەزراندنی وڵات و گەشاندنەوەی زمان و کولتوور و خاک و ژینگەکەی هەیە، لەگەڵ هەموو کێشەی لە بیرکردنەوە و سوبجێکتیڤیتەیدا، حەزێکی قووڵی بۆ ئارامی و ئاشتی و پێکەوەژیان هەیە.

واتە کوردبوون دەشێت جۆرە ئەزموونێکی مرۆیی دانسقە و تایبەت بێت لە جیۆگرافیایەکی دیاریکراو، بەهۆی سیاسەتی کۆمەڵێک دەوڵەتی زلهێزی دەرەکی و هەرێمی خەمڵێنراوە و تاقی کراوەتەوە. ئەگەر وای وێنا بکەین کوردبوون بەم ئازار و ئومێدەوە ئەزموونێکی بوونگەرایانەیە، ئەوا ڕووبەرێکی فرەڕەهەند و ئاسۆیەکی بەرینمان بۆ باسکردن و گێڕانەوەی کوردبوون هێناوەتە ئاراوە.

بێگومان باسی ئێمە لەمەڕ کوردبوون، هەندێک باسی فیزیۆلۆجی و جینۆلۆجی نییە کە هەر کەسێک بە جینات کورد بوو ئەوە ئیتر کوردە، نا، کوردبوون بەو مانا بوونگەرایانەیە لە دەرەوەی فیزیۆلۆجی و تەنانەت ئاخاوتنیشەوەیە. نموونەی ئەوانەی کە بە جینات کوردبوون و بە کوردییەکی پاراو قسەیان دەکرد و تا سەر ئێسقانیش دژی کورد و بوون و مانەوەی بوون، ئەمەمان زۆر بە سادەیی بۆ ڕوون دەکەنەوە.

کوردبوون بە واتا بوونگەرایییەکەی ئەزموونێکی مرۆییە کە لە ژانی ناکامی و ئازاری کۆچ و بێوڵاتی تێدەگات، هاوکات کە توانیوێتی بەشێکی زۆری ئەم ئەزموونە لەژێر تۆپباران و فڕۆکەدا بگێڕێتەوە و پێشانی هەموو جیهانی بدات، ئەگەر جیهان لەمە تێناگات، ئەوە بەو مانایە نییە کێشەکە لە منە (لانیکەم لەم ڕووەوە)، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ ئەوەی جیهان و پاپۆڕەکەی لەلایەن سیستم و تیمێكەوە ئاراستە دەکرێت کە بەتاڵە لە بەها و دیسپلینە ڕاستەقینەکانی مرۆڤایەتی.

کوردبوون تاقە پێوەری ئینسانبوون نییە، بەڵکوو یەکێک لە دەروازە هەرە گرینگەکانی تێگەیشتنە لە غەدر و چەوساندنەوە و تاریکیی مرۆڤ لە سەدەی 20 بەم لاوە، تا ئێستە. کوردبوون تێگەیشتنە لە فاشیزم و شۆڤێنیزم و توتالیتاریزمێک کە تا ئەم ساتەیش توانیویانە بە عەگال، بۆینباخ و جلی ئەفەندییەوە، دنیا فریو بدەن بەوەی ئەوان دیموکراسی و مافی مرۆڤیان قبووڵە و هیچ کێشەیان لەگەڵ نییە، بەڵام ئەگەر چاوی جیهان هێندە كز و بەرژوەندیپەرست نەبوایە، بە ئاسانی ئەو فۆرم و تەشکەی جل و کڵاو و ڕواڵەتی دەبڕی و تێدەگەیشت دیموکراسی و هەموو ئەو بەها باڵایانەی مرۆڤ بە خوێن و ماندووبوون و شۆڕشی مەزنی وەک فرەنسا بەرهەمی هێناون، لای ئەم تارمایی و تاپۆ ڕۆژهەڵاتییە ئیسلامییانە، درۆیەکی جوان و مەکیاجکراوە، زەخرەفەیەکی بریقەدارە بە مێژوویەک لە هێز و ملهوڕی و زۆرداری نەخشێندراوە.

لەم ڕوانگەیەوە کوردبوون، جوولەکەبوونە و تێگەیشتنە لە هۆلۆکۆست، ئەفریقاییبوونە و تێگەیشتنە لە ژان و برین و خوێنی سوودان و مەقادیشۆ، لێرەوەیە کوردبوون دەتوانێت ڕەگەزی ئۆنتۆلۆجیی و بوونگەرایانەی وەرگرێت و لەگەڵ بوونە مرۆعییە ئازاردراو و بریندارەکانی جیهان بکەوێتە دیالۆگ و قووڵبوونەوە لە خۆی و ئەو زلهێزانەیش کە جگەرەی ئاسوودەیی بەسەر زگی تێر لە چەوریی نەوت و دۆلار و زێڕ دەکێشن!

لەم هاوکێشەیەدا کوردبوون یاخیگەری و سەرکێشییەکە لە هەر جۆرە ستەم و ئازاردانێك، ڕووبەڕووبوونەوەی عەدەم و مەرگە بە زمان و هەڵپەڕکێ و هەڵبەت جوانپەرستی، بەڵام لە پاڵ هەموو ئەمانەدا، دەبێت کوردبوون ئاگاداری کورد خۆی و برینەکانیشی بێت، ئەو برینانەی دەشێت وا کاری لێ کردبێت کە ودمی جەلادی و دەستوەشاندن بەخۆی بدات و لە پێگەی قوربانییەکی بەهێز و گێڕەرەوە بیکات بە جەلادێکی تۆڵەسێن و خوێنخۆر.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *