سكچوون و قەبزی دوو حاڵەتی نائاسایی و دژبەیەكی كۆئەندامی هەرسن، هەنهدێك جار بەیەكەوە دروست دەبن، واتە ئەو كەسە هاوكات تووشی قەبزی و سكچوون دەبێتەوە.
لە نیشانەكانی دروستبوونی هەردوو حاڵەت بەیەكەوە، زۆر چوونە سەر ئاو و پاشەڕۆیەكی شل و ئاوی و هەستكردن بەوەی هێشتا ریخۆڵەكان بە تەواوی بەتاڵ نەبوونە، بوونی خوێن لە پاشەڕۆ و هەندێك جار هێڵنج و بای سك و گرژبوونی ماسولكەی سك و ئازاری لەگەڵدایە، هۆكارەكەی ئەوەیە پاشەڕۆی رەق لە ناو قۆڵۆن كۆ دەبێتەوە و داخران روودەدات، لەگەڵ كۆبوونەوەی زیاتری پاشەڕۆ، شلە لەپشت ئەو پاشەڕۆ رەقە كۆ دەبێتەوە و لە دەوربەری دزە دەكات و دوای تێپەڕبوونی، كتوپڕ پاشەڕۆیەكی شل و ئاوی دێتە دەرەوە و هەندێك جار پارچە پاشەڕۆی رەقی لەگەڵدا دێتە دەرەوە.
سەبارەت بە هۆكارەكان، لەوانە كێشەی قۆڵۆنی دەمارگیری و دواخستنی چوونە سەرئاو لە منداڵ و وەرگرتنی هەندێك جۆر دەرمان و وەرگرتنی دەرمانە شلكەرەوەكان و كێشەی رژێنی دەرەقی و نەخۆشییەكانی شەكرە و پاركنسۆن و رەقبوونە جۆراوجۆرەكان و شێرپەنجەی قۆڵۆن، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بوو و خوێن و كێمی لەگەڵدا بوو و ئازاری زۆری دروست كرد، دەبێت سەردانی پزیشك بكرێت.













Leave a Reply