ترەمپ دەسەڵات بە هەواڵگری دەدات بۆ ئەنجامدانی كردەی تایبەت لە ڤێنزوێلا

بینەر: (1.5K)

رۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی كردەی تایبەت لە لایەن دەزگەی هەواڵگریی وڵاتەكەی لە ناو خاكی ڤێنزوێلا داوە، ئەوەش بە مەبەستی ئامادەكردنی دۆخەكە و پەرەسەندنی بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”یان راگەیاند، لەگەڵ رازی بوونی ترەمپ لەسەر ئەو كردە تایبەتانەی دەزگەی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریكا (سی ئای ئەی)، بەڵام كەناڵی پێوەندیكردنی نهێنیشی لەگەڵ حكوومەتی سەرۆك نیكۆلاس مادۆرۆ واڵا كردووە، كاتێك رەزامەندی لەسەر گەڕێكی نوێی گفتوگۆی نهێنی داوە، كە پێشتر مادۆرۆ لاچوونی لە پۆستەكەی لە دوای قۆناغی گوێزەرەوە خستبووە روو، بەڵام كۆشكی سپی رەتی كردەوە.

بەپێی رۆژنامەكە تا ئێستە روون نییە مەبەست لە ئۆپراسیۆنی نهێنی چییە و كاتی جێبەجێكردنی كەیە، جیا لەوە هێشتا ترەمپ لەسەر بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمەریكی لەسەر خاكی ڤێنزوێلا رازی نەبووە، بۆیە قۆناغی داهاتووی ئەمەریكا بۆ گوشاركردن لە ئیدارەی مادۆرۆ، رەنگە بریتی بێت لە كاری تێكدەرانە یان هێرشی سیبرانی یان دەروونی و زانیاری.

بەپێی رۆژنامەكە لە گفتوگۆ نافەرمییەكانی ئەمەریكا و سەرۆكی ڤێنزوێلا، مادۆرۆ ئامادەیی خۆی بۆ گەیشتنی دەستی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بە سامانی نەوتی وڵاتەكەی پێشان داوە، یەكشەمی رابردوو ترەمپ ددانی بە بوونی ئەو گفتوگۆیە دانا و گوتی، هەندێك گفتوگۆمان لەگەڵ مادۆرۆ هەیە و با بزانین بابەتەكە بەرەو كوێ دەچێت، بەپێی سەرچاوەكان بەرپرسانی ڤێنزوێلا بە ئەمەریكییەكانیان گوتووە كە مادۆرۆ ئامادەیە لە دوای ماوەی گوێزەرەوە، واتە دوو بۆ ساڵی تر، واز لە دەسەڵات بێنێت، بەڵام كۆشكی سپی رازی نەبووە و تا ئێستە دیار نییە ترەمپ چی دەوێت، ئاخۆ بە پێشنیازەكەی مادۆرۆ رازی دەبێت، واتە رەخساندنی هەل بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بۆ كاركردن لە كەرتی نەوتی وڵاتەكەی یان وازهێنانی لە دەسەڵات، یان لابردنی بە زەبری هێز.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *