بەغدا چۆن دەتوانێ وەبەرهێنان لەسەر هاتنی 4.8 ملیۆن سەردانكەر بۆ چلەی ئیمام حوسێن بكات؟

بینەر: (89)

دەستەی ئامادەكاری بۆ سەردانیكەرانی چلەی ئیمام حوسێن و نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بڵاوی كردەوە، ژمارەی سەردانكەران بۆ عێراق بۆ چلەی ئەمساڵی ئیمام حوسێن زیادی كردووە، تا ئێستە چوار ملیۆن و 887 هەزار و 660 كەس لە وڵاتە جیاجیاكانەوە هاتوون، ئەمە سەرمایەیەكی گەورەی گەشتیارییە و بەغدا چۆن دەتوانێ وەبەرهێنانیان لەسەر بكات و وەك دەرفەتێكی گەشەسەندنی ئابووری لێیان بڕوانێت.

ساڵانە بە ملیۆنان سەردانكەر لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمە ئاینییەكان ڕوو لە عێراق دەكەن، دیارترینیان بەشدارییە لە چلەی ئیمام حوسێن لە كەربەلا، جیا لە هاتنیان بۆ بەسەركردنەوەی مەزارگە ئاینییەكان لە نەجەف و كازمییە و سامەرا.

ئەو شوێنانە ناوەندی سەرەكی هاتنی گەشتیارانی ئاینین بۆ عێراق، لە دەیان وڵاتی دنیاوە وەك ئێران، لبنان، پاكستان، ئەفغانستان، وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا، هەموو ساڵێك سەردانكەرانی لێوە دێنە عێراق تا بەشداری ڕێوڕەسمە ئاینییەكان بكەن، یان بچنە سەردانی مەزارگە پیرۆزەكان لای مەزەوی شیعەوە.

لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامی هاتنی سەردانكەران ساڵ دوای ساڵ، كەرتی گواستنەوە و مانەوە و چێشتخانە و بازاڕ و خزمەتگوزارییەكان لەو شارانە بە تەواوی دەبووژێنەوە و جووڵەی زۆر بەخۆیانەوە دەبینن. بەڵام تا ئێستەیش مشتومڕ لەسەر ئەوە هەیە كە بەغدا چۆن دەتوانێ سوود لە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار وەربگرێت، لە كاتێكدا بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە خزمەتگوزاری خۆبەخشانە دەبەسترێت بۆ كاروانەكانی هاتنی سەردانكەران، بێ ئەوەی ڕێكخستنێكی ئابوورییانەی ئەو كەرتە گرنگە بكرێت.

ئەزهەر كلش سەرۆكی ڕایەڵەی هۆتێلەكان لە پارێزگای كەربەلا گوتی، لە ئەنجامی جەنگ و ململانێكان كاریگەریی دیاری بەسەر هاتنی سەردانكەران هەیە و ژمارەیان كەمی كردووە، بەهۆی دواكەوتنی بەخشینی ڤیزە و پەككەوتنی جووڵەی فڕۆكەوانی، ئەمەیش كاریگەری تەواوی لەسەر كەرتی هۆتێل لە پارێزگاكە هەبووە.

كلش بۆ “شەفەق نیوز” گوتی، كێشەكە تەنیا پێوەست نییە بەو دۆخەی لە ناوچەكە هەیە، بگرە لاوازی پلاندانان و پێشوازیكردن لە سەردانكەران، خراپیی میكانیزمی بەخشینی ڤیزە و ئاسانكاری هاتنی سەردانكەران بە بەرنامە و سنوورداری توانای هێڵی شەمەندەفەر و پەككەوتنی جووڵەی فڕۆكەوانی، سەرجەمیان گرفت و كۆسپی گەورەن، گرنگە كەرتی گواستنەوە بایەخی تەواوی پێ بدرێت، تا بتوانێ بەرگەی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی سەرانكەران بگرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بەخشینی ڤیزە بە خۆڕایی پێویستی بە دووبارە ڕێكخستنەوە هەیە، دەكرێ وەك ئامرازێكی سەرنجڕاكێشانی گەشتیاران بەكار بهێنرێت، تا خەڵكی زیاتر بێن و پارەی مانەوە و كڕین و هاتوچۆ لە عێراق خەرج بكەن، سەرەنجام ئەمە هاتنی پارەیە بۆ ناوخۆ و بازاڕ دەبووژێنێتەوە.

لەلایەكی ترەوە، سائیب ئەبو غەنیم سەرۆكی كۆمەڵەی هۆتێلەكان لە نەجەف گوتی، سەردانكەران بەهۆكاری ئاینی، سەرچاوەیەكی گرنگی ئابووری ناوخۆیین، بەڵام لەو دۆخەی ئێستە داهاتی زۆری نییە، بەهۆی كاریگەری ناوچەیی و گواستنەوە لە ناوچەكە كە هاتنی ژمارەی گەشتیارانی كەم كردووە.

زیاتر گوتی، ئابووری ناوخۆیی لە نەجەف بە ڕێژەی 80% پشت بە سەردانكەرانی ئێرانی دەبەستێت كە سەردانی هۆتێل و چێشتخانە و شوێنی مانەوە لە وەرزی چلەی ئیمام حوسێن دەكەن. بەڵام ئێستە توانای كڕینی سەردانكەرانی ئێرانی بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییە خراپەی تێیدا، ڕوو لە لاوازییە.

كەریم حلو پسپۆری ئابووری دەڵێ، بۆنە گەورەكان، ئاینی یان فەرهەنگی یان وەرزشی بن، دەرفەتێكی گەورەی ئابوورین بۆ هەر شارێك كە ئەو ڕێوڕەسمانەی لێ ئەنجام دەدرێت، سەردانكەرانی چلەی ئیمام حوسێن ڕۆڵێكی ئابووری فراوانی هەیە، كەلوپەلی خواردەمەنی و ئامرازەكانی گواستنەوە و چێشتخانەكان و پیشەسازییەكانی پێوەست بە خزمەتگوزارییەكان وەك ڕێكخستنی خێمە و كورسی و پێویستییە لۆجستییەكان دەبووژێنێتەوە.

زیاتر گوتی، عێراق بەشێكی زۆری ئەو خزمەتگوزارییانە بەخۆڕایی بە سەردانكەران دەبەخشرێت، ئەمەیش وایكردووە كە داهاتی ڕێوڕەسمەكە كەمتر بێ لەو تێچوونەی كە حكوومەت دەیگرێتە ئەستۆ.

بەگوێرەی داتاكان لە ساڵی ڕابردوودا، نزیكەی 100 ملیۆن سەردانكەر هاتوونەتە عێراق و زیاتر لە 85%یان بە هۆكاری ئاینی هاتوون، هاوكات خەمڵاندنی ئەوە كراوە كە ساڵانە سەتان ملیۆن دۆلار لە عێراق خەرج دەكەن، ئەگەر ژێرخانی كەرتی گواستنەوە و مانەوەیش بە تەواوی باش بكرێت، چاوەڕوان دەكرێ خەرجییەكانیان لە عێراق بگاتە نزیك ملیارێك دۆلار.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *