بۆچی پارتی و یەکێتی هەرگیز لەناو خۆیاندا چاکسازی ناکەن؟

بینەر: (7.9K)

محمد موسڵیح

چاوەڕێکردنی چاکسازی لە حزبێکدا کە لەسەر بنەمای خێزان و میراتگری دروست بووە، وەک چاوەڕێکردنی بارانە لە ئاسمانی بێ هەوردا! لە هەرێمی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە سی ساڵە تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی و ئابوورییان قۆرخ کردووە، بەڵام لە ناوخۆیاندا بچووکترین هەنگاویان بۆ نوێبوونەوە نەناوە. ئەم دوو حزبە چیتر دامەزراوەی سیاسی نین کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا یان بەرنامەی نیشتمانی کار بکەن، بەڵکو بوونەتە دوو کۆمپانیای زەبەلاحی خێزانی کە تەنها لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی کوڕ و نەوەکانیاندا ململانێ دەکەن، نەک بۆ گەشەپێدانی سیاسی و ئابووریی وڵات. هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی چاکسازی لەناو ئەم دوو کارتێلەدا ئەوەیە کە هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە، ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی ڕەهای بنەماڵەکان دەخاتە مەترسییەوە.

هەموو ڕێکخراوێک، جا سەرەتا چەندە دیموکراسییش بێت، لە کۆتاییدا دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی کەمینەیەک لە سەرکردەکان کە تەنها کار بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن. بەڵام ئەم ئۆلیگارشییەی کوردستان مۆدێلێکی زۆر قێزەونترە؛ چونکە نەک هەر ڕێگە نادەن کەسانی دەرەوەی خێزانەکانیان ببنە بڕیاردەر، بەڵکو تەواوی داهاتی نەوت، باج، و هێزی پێشمەرگەیان کردووەتە خزمەتکاری بەردەوامبوونی مانەوەیان لەسەر کورسی. لە کاتێکدا زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، ئەم دوو حزبە هێشتا ناتوانن حکومەت پێکبهێنن، چونکە لەسەر دابەشکردنی پۆستە ئەمنییەکان (کە ئامرازی سەرەکیی سەرکوتکردنن) ڕێکنەکەوتوون و یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە پەکخستنی پرۆسەکە.

ئەم سیستەمە سوڵتانییە وا دەکات هەر دەنگێکی جیاواز لەناو حزبەکاندا دروست ببێت، خێرا وەک “مەترسی” سەیر بکرێت و بە ئامرازی ئەمنی و دارایی سەرکوت بکرێت یان پەراوێز بخرێت. بۆ نموونە، کاتێک لەناو یەکێتیدا کێشە لەسەر دەسەڵات دروست دەبێت، ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامەی سیاسی یان ئابووری نین، بەڵکو تەنها ململانێی شەخسی و خێزانین بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات و هێزە چەکدارەکان. بە هەمان شێوەش، لەناو پارتیدا هیچ بڕیارێکی ستراتیژی نادرێت کە لە دەرەوەی ڕەزامەندیی بازنە تەسکەکەی خێزانی دەسەڵاتدار بێت. ئەم بونیادە خێزانییە وای کردووە کە پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا ببێتە شانۆگەرییەک، کە تێیدا هەڵبژاردنەکان تەنها بۆ شەرعیەتدانە بە دابەشکردنی سامانی نیشتمان لە نێوان ئەم دوو هێزەدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *