ئێران و ئەمەریكا رێك دەكەون؟

بینەر: (36)

تا ئێستە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بەردەوامە، تا ئێستەش ئێران گرەو لەسەر كات دەكات و تا رادەیەكی زۆر سەركەوتوو بووە، هاوكات ئەمەریكا گرەو لەسەر گەمارۆ دەریایی و سزاكانی سەر تاران دەكات بۆ چۆكدادانی، راپۆرتێك پێی وایە كێشەی گەورەی نێوانیان بێ متمانەییە لەوەی كامیان زووتر مەرجەكان جێبەجێ بكات.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی، واشنتن لە رێگەی قەتەرەوە پێشنیازێكی چەند قۆناغی بە ئێران داوە، بە كردنەوەی گەرووی هورمز دەست پێ دەكات، لە بەرانبەر بە سووككردنی بەشبەشی گەمارۆی ئەمەریكا، دوای ئەوە گفتوگۆی ئەتۆمی لە نێوانیان دەست پێ بكات، لە كاتی واژووكردنی رێككەوتنێكی سەرانسەری لە نێوانیان ئەمەریكا سزاكان بە هەنگاو لادەبات و پارە بلۆككراوەكانی تاران تا ئاستی 30% ئازاد دەكات.

تا ئێستە ئێران بەوە رازی نییە، واتە لابردنی گەمارۆ لە بەرانبەر كردنەوەی گەرووی هورمز و پێدانی چەندان ملیار دۆلار لە بەرانبەر واژووكردنی رێككەوتنی ناوەكی، كێشەكە ئەوەیە ئەمەریكا دەیەوێ سەرەتا ئێران گەرووی هورمز بكاتەوە و بەوەش ترسی لە لەدەستدانی گرنگترین كارتەكانی گوشاری دەستی بێ بوونی گەرەنتی بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی ئەمەریكا هەیە، بەتایبەتی كە ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوەكۆی 2015 كشایەوە.

بۆیە تاران داوای گەرنتیدانی نووسراو و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكان و قەرەبووی زیانەكانی شەڕ دەكات، جیا لە وەستانی هێرشەكان و سووككردنی بوونی سەربازی ئەمەریكا لە نزیك خاكەكەی، كەچی ئەمەریكا چاوی لە زیاتر لە كردنەوەی گەرووی هورمزە، لە ئەمباری یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران و گەڕانەوەی پشكنەرانی نێودەوڵەتییە بۆ دامەزراوە ناوەكییەكانی تاران.

گرێ كوێرەی ئاڵۆزییەكانی ئێران و ئەمەریكا بریتییە لەوەی كێ دەستپێشخەری دەكات، هەردوولا ترسیان هەیە و كاتیش گوشارۆی خستووەتە سەر هەردوولا، گەمارۆكە ئابووری ئێرانی شەكەت كردووە، ئەمەریكاش كەوتووەتە بەرانبەر بە لێكەوتەكانی شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخی وزە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *