نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق ستایشی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدای كرد بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی، هاوكات پێشوازی لە رۆڵی مەسروور بارزانی و عەلی زەیدی كرد لە بەڕێوەبردنی ئەم لێكتێگەیشتنەدا.
ئەمڕۆ دووشەم نۆی تشرینی دووەم، تۆم بەڕاك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق لە X بڵاوی كردەوە كە “گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان بەغدا و هەولێر رێگەی دروستە بۆ چارەسەركردنی پرسە ئاڵۆزەكان، لەوانەش هەناردەكردنی نەوت، مووچە و داهاتەكان.”
هەروەها نووسیویەتی: ” مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ ئەو سەركردایەتییەیان نیشاندا و واشنتن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی هەولێر و بەغدا، لە تەنیشت هەردوولا دەوەستین لە كاتێكدا پێكەوە كار دەكەن بۆ بنیاتنانی عێراقێكی گەشەسەندوو و خاوەن سەروەری”.
جێی ئاماژەیە كە ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر كێشەكان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەو تەوارانە كراوە:
لە كۆبوونەوەكەدا ئەم تەوەرانە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا :
بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان: گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمەكانی بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی كێڵگە نەوتییەكان كرا لەسەر بنەمای دەستوور.
داهاتی نەوت و نانەوتی: گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمەكانی ڕێكخستنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەڕێوەبردنی كرا بە پێی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان.
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان: هەردوولا دووپاتیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی كوردستان، هاوشانی فەرمانبەرانی عێراق كردەوە.
بودجەی فیدراڵی 2027: پشكی هەرێمی كوردستان و میكانیزمەكانی تەرخانكردنی پشكی هەرێم لە سەر بنەمای دەستوور دەبێت بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراقدا بێت.
یاسای نەوت و گاز: دووپات لە گرنگی پەلەكردن لە دەركردنی یاسای نەوت و گاز كرایەوە، بە شێوەیەك كە ببێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت و ڕێكخستنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەكان.
هەردوولا دووپاتیان لە گرنگی بەردەوامی هاوئاهەنگی و هاوكاری هاوبەش و دانوستان و لێكتێگەیشتن كردەوە، وەك بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان، بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەكان بكات.
















Leave a Reply