میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەنجام داوە، دوای ئەوە هاتە راگەیاندن كە ترەمپ عێراق و میلیشیاكانی لە بەشداریكردن لە شەڕی ئێران وریا كردووەتەوە، ئەمڕۆ بڵاو كرایەوە كە هەینی رابردوو زەیدی بە سەردانێكی رانەگەیەندراو بۆ چەند سەعاتێك گەیشتووەتە تاران.
ئاژانسی “فارس”ی ئێرانی رای گەیاند كە زەیدی لەو سەردانەی بۆ تاران چاوی بە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كەوتووە، باسی هەوڵەكانی عێراقیان بۆ كۆتاهێنان بە شەڕی ئێران و ئەمەریكا كردووە، قالیباف سوپاسگوزاری بۆ هەوڵەكانی عێراق هەبووەو باسی پێشنیازی ئێرانیان بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی دوو رۆژ كردووە و دووپاتیان لە پێویستیی رێزگرتنی ئەمەریكا بۆ مافەكانی ئێران لە چوارچێوەی پێشنیازەكە كردووەتەوە، بەو شێوەی بوار بە پێشوەچوونی دانوستانەكان بدات.
ئاژانسەكە باسی ئەوەشی كرد كە دیدارەكەی زەیدی و قالیباف لە تاران چەند سەعاتێكی خایاندووە و لەو سەردانەدا فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هاوەڵی زەیدی كردووە.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەی كرد كە لەو سەردانەدا زەیدی دەستپێشخەرییەكی ترەمپی بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ گواستووەتەوە، یاسر حەجاج باڵوێزی عێراقیبش لە تاران ئاماژەی كرد كە سەردانەكەی زەیدی بۆ تاران تایبەت و رانەگەیەندراو بوو، بە مەبەستی تاوتوێكردنی رێگەكانی نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان و رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە ناوچەكە.
















Leave a Reply