کاتێک دەسەڵات تەندروستی و پەروەردە دەکاتە قوربانیی ململانێکان!

بینەر: (879)

شهرام خالید عبدولڕحمان

لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتداران بەردەوام باس لە “ئاوەدانی و پێشکەوتن” دەکەن، بەڵام لە واقیعدا ژێرخانی سەرەکیی ژیانی هاوڵاتییان (تەندروستی و پەروەردە) لەسەر لێواری داڕمانێکی یەکجاریدایە. بەهۆی قەیرانی مووچە و ململانێ بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کەرتی خزمەتگوزاریی گشتی بەتەواوی ئیفلیج بووە و خەڵکی هەژار باجی ئەم دۆخە مەترسیدارە دەدات. ئەوەی لە نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی کوردستان دەگوزەرێت، سەلمێنەری ئەوەیە کە دەسەڵاتداریی کوردی ئامادەیە تەواوی نەوەیەک نەخۆش و بێخوێندەوار بهێڵێتەوە، تەنها بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی نەبێت لە نەوت و قاچاخچێتی.

کەرتی تەندروستیی گشتی لە هەرێم بووەتە “قەسابخانەیەکی بێدەنگ” بۆ ئەوانەی پارەیان نییە. بەهۆی ڕاگرتنی بودجە و نەدانی مووچەوە، نەخۆشخانە حکومییەکان ڕووبەڕووی کەمییەکی ترسناکی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بوونەتەوە. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەهۆی بێمووچەییەوە چەندین جار مانیان گرتووە و تەنها حاڵەتە کتوپڕەکانیان چارەسەر کردووە، ئەمەش وای کردووە زۆربەی پزیشکە باشەکان نەخۆشخانە گشتییەکان جێبهێڵن و ڕوو بکەنە کەرتی تایبەت. ئەم دۆخە سیستەمێکی “دوو چین”ی دروست کردووە کە تێیدا خەڵکی هەژار لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا بەبێ چارەسەر دەمێننەوە، و بەرپرسان و دەوڵەمەندەکانیش لە نەخۆشخانە تایبەتە پێنج ئەستێرەییەکاندا (کە زۆربەیان هی خۆیانن) باشترین خزمەتگوزاری وەردەگرن.

ئەوەی بەسەر کەرتی پەروەردەدا هاتووە هێشتا کارەساتبارترە. مامۆستایانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە بەشێکی زۆری مووچەکانیان لێ بڕدراوە یان پێیان نەدراوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گەورەترین و درێژترین مانگرتنی سەرتاسەری لە مێژووی هەرێمدا. لە پارێزگای سلێمانی، مامۆستایان بۆ چەندین مانگ دەرگای قوتابخانەکانیان داخست و تەنانەت مانگرتن لە خواردنیشیان ڕاگەیاند، بەڵام حکومەت لەبری چارەسەر، هەڕەشەی سزادانی لێ کردن. ئەم داخستنە بەردەوامانەی قوتابخانەکان بەهۆی بێمووچەیی (و هەندێک جاریش بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و بۆردومانەکانەوە )، وای کردووە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار خوێندکار لە خوێندن داببڕێن و مافی بنەڕەتیی پەروەردەیان لێ زەوت بکرێت.

کاتێک دەسەڵاتێک نەتوانێت دەرمان بۆ نەخۆشەکانی دابین بکات و دەرگای قوتابخانە بۆ منداڵەکانی بکاتەوە، ئیتر چ مانایەک بۆ بوونی ئەو حکومەتە دەمێنێتەوە؟ ئەمە تەنها قەیرانێکی دارایی نییە، بەڵکو وێرانکردنی سیستماتیکی داهاتووی نەتەوەیەکە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *