ئێمە ئێستە لە بەهاری 2014 و چەند هەفتەیەك دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر نیوچە دوورگەی كریما و دەرهێنانی لە بندەستی ئۆكرایناین، ژمارەیەك ئەندازیار و پرۆگرامسازی ئۆكراینی كۆبوونەوە، ئەوان سەرجەمیان خاوەنی كاری مەدەنی بوون و هیچ پێوەندییەكیان بە جەنگ نەبوو، بەڵام نووسینگەیەكی ئاسایی درۆنێكی بەكاربردنی بچووك كە خەڵك بۆ وێنەگرتن دەیكڕن، بۆ درۆنێكی سەربازی پێشكەوتوو گۆڕی و تا ئێستەیش بەرهەمهێنانی ئەو درۆنە بە كەمترین تێچوو بەردەوامی هەیە و ڕووسیای بە تەواوی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە.
لەو كاتە جەنگ لە هەرێمی دۆنباس لە بەرەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆكراینا دەستی پێ كردبوو، سوپای ئۆكراینا تەنیا بە درۆنی كۆن و بێ كەڵك دەیویست زانیاریی ئاسمانی كۆ بكاتەوە، هیچ كەس ناچار نەبوو كە ئەو كەسە خۆبەخشانە ناچار بكات، بۆ دروستكردنی درۆنێكی لەمشێوەیە و هیچ لایەنێكیش نەبوو پارەداریان بكات، ئەوان پارەی پارچەكانی درۆنەكەیان لە گیرفانی خۆیان دەدا و دەرئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان لە ڕێی فەیسبووكەوە لەگەڵ یەكتر دابەش دەكرد، لە ناو پەیكەربەندییەكی كارگێڕی كاریان دەكرد، بێ ئەوەی یەكەیەكی سەربازی بن و پێوەندییان بە سوپاوە هەبێ و پلە و هەڕەمی دەسەڵات و فەرمانی سەربازییان هەبێت، ئەو گرووپە نزیك بوو لە دروستكردنی كۆمپانیایەیەكی گرنگ و تازەپێشكەوتوو لە گۆڕەپانەكانی جەنگ.
ڤۆلۆدیمێر كۆچیتكۆڤ سوكاتیش یەكێك بوو لەو خۆبەخشانە كە لە بواری وەبەرهێنانی بانكی كاری دەكرد و دامەزرێنەری بەشداری گرووپی ئیرهرزڤیدكایە كە لە ئایار/مایۆی 2014 ئەو گرووپە دروست كرا، ئیرەرزڤیدكا وشەیەكی ئۆكراینییە و بە مانای كۆكردنەوەی زانیاریی ئاسمانی دێت، لە تەك ئەو یارۆسلاڤ هۆنتشار یەكێكی ترە لە دامەزرێنەرانی ئەو گرووپە و لەگەڵ ئەكادیمیای كرۆك بۆ كۆمپیوتەر لە كییڤ كاری كرد، بۆ هەمواركردن و گۆڕینی درۆنێكی بەكارخستن بۆ وێنەگرتن و كات بەسەربردن، بۆ یەكێك لە گرنگترین چەكەكان.
لە یەكەم ئەزموون ئەو درۆنەی ئەو گرووپە دروستی كرد، دەیتوانی 300 مەتر بەرز ببێتەوە و تا سێ كیلۆمەتریش دوور بڕوات، بۆ تاقیكردنەوە نموونەی بۆ كەتیبەی ئەیدار لە سوپای ئۆكراینا و لە بەرەكانی جەنگ ڕەوانە كرا، تاقیكردنەوە و بەكارخستنی كاریگەری چالاك و بەرچاو و ئەرێنی گەورەی هەبوو.
لە 2015 كۆچیتكۆڤ سوكاتش لە جەنگێك لە هەرێمی دۆنباس كوژرا، ئەوەی لە ناو گرووپەكە ماوە كاریان لەسەر سیستمێكی نوێ دەكرد، كە سەرجەم ئەو درۆنانە و ئاماژەكانیان و زانیارییەكانی گۆڕەپانی جەنگ لە یەك تۆڕ و شاشە كۆ بكەنەوە.
سەرەتا بیرۆكەكە زۆر سادە بوو، ئەویش دروستكردنی نەخشەیەكی ئەلیكترۆنی بوو كە داتا و زانیاریی بەرەكانی جەنگ لە سەرچاوەكان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ سەركردایەتی سوپا دەگوازێتەوە، ناو لەو سیستمە نرا “دەلتا” كە سیستمێكی ئەلیكترۆنییە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕەپانەكانی جەنگ و هۆشیاری سەركردەكان لەسەر گۆڕەپانی جەنگ،كۆكردنەوەی زانیارییەكانی درۆن و سیخوڕان و سەرچاوەی تر و پێشاندانی ڕاستەوخۆ لەسەر شاشەی بەردەم سەركردە باڵاكانی سوپا.
ئەمە یارمەتیی سەركردەكان و سەرۆكی یەكەكانی سوپا دەدات كە بە پەلە نەخشە و پلانی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەكان دابنێن و بڕیارەكان زۆر بە خێرایی بە یەكتر بگەیەنن. دەتوانرێ بەشێوەیەكی گشتی ئەو سیستمە بە نەخشەیەكی ئەلیكترۆنی زیرەكی جەنگ ناو ببرێت كە سەرجەم زانیارییەكان لەبارەی جەنگ بەیەكەوە دەلكێنێت، پێشكەشی سەركردەكانی سوپا و چەكداران و یەكەكانی بەرەی پێشەوەی جەنگ دەكات.
دوای زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر دروستكردنی درۆنەكان و ئەو سیستمە، وەزیری هێزی وشكایی ئەمەریكا دانیال دریسكۆل لە بەردەم لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجوومەنی پیران بە ئاشكرا گوتی، ئەوەی لەو وەرشە بچووكەی لە ئۆكراینا لەلایەن كۆمەڵێك خۆبەخشەوە دروست كرا و دەرچوو، تواناكانی بنیاتنان و دروستكردنی لە توانای ئێستەی سوپای ئەمەریكا زیاترە و سنوورەكە تێدەپەڕێنێت.
دواتر ئەو وەزیرەی ئەمەریكا گوتی، چۆن ئۆكراینا كە خاوەنی میراتێكی سەربازیی زۆر سادە و بەرگرییەكی ئاسمانی هەرەسخواردبوو، توانای دروستكردنی درۆن و سیستمێكی هەبێت كە گەورەترین سوپای ئەمەریكا بە گەورەترین بودجەوە كە سوپای ئەمەریكا لە بەرانبەریدا دەستەوەستان بێت.
بەشێوەیەكی گشتی هەمیشە ئەوە دەبیستین كە وڵاتە گەورەكان و خاوەن تەكنەلۆجیا داهێنانی لەمجۆرە دەكەن و بە كۆمەڵێك مەرجەوە بە وڵاتانی پەراوێزخراوی دەبەخشن، بەڵام ئەوەی ئۆكراینا كردی، پێچەوانەی ئەو نەریتە باوەیە كە هەمیشە زلهێزەكان داهێنان و دۆزینەوە بكەن و بە وڵاتانی تری بفرۆشنەوە، بۆ سەلماندنی ئەوەیش قسەكانی وەزیری هێزی وشكایی ئەمەریكا بەسە كە دەڵێ، ئۆكراینا سیستمێكی وا بەهێزی دروست كردووە، سوپای ئەمەریكا لە بەردەمیدا دەستەوەستانە و هیچی بۆ ناكرێت.
لە دوای كوشتنی دامەزرێنەری ئیرهرزڤیدكا لە 2015دا گرووپەكە هەڵنەوەشایەوە، بە پێچەوانەوە بوو بە دامەزراوەیەكی نوێ، لە كانوونی یەكەم دیسێمبەری هەمان ساڵ، ئەندامانی گرووپەكە بە فەرمی چوونە ڕیزی هێزە چەكدارەكانی ئۆكرایناوە، واتە گرووپەكە لە ڕێكخراوێكی خۆبەخشییەوە بۆ یەكەیەكی سەربازی گۆڕا، بەڵام ئەندامانی گرووپەكە بە كاری ڕۆژانە و شێوازی بەڕێوەبردنی ئاسایی و ئازادبوون لە تاقیكردنەوەی ئامرازی نوێ، سەرپشك بوون، لە هەمان كاتدا بەشێك بوون لە ژێرخانی سەربازی ئۆكراینایش.
لە 2016دا یەكەم وەشانی سیستمی دەلتایان پێشكەش كرد، پەیكەربەندی سەرەتایی بوو و دەتوانرا دواتر بەرەوپێشەوە ببرێت، لە چەندان ساڵی داهاتوودا بەردەوام تاقی كراوەتەوە و بەرەوپێشەوە براوە، بەتایبەت لە جەنگی هەرێمی دۆنباس، عەیب و كەلێنەكانی دۆزرایەوە و دووبارە چاك كراوەتەوە.
دوای بەرەوپێشبردن و چاككردنەوە زۆرەكانی، سیستمی دەلتا توانی لە 2019 پێوەری سی دەبلیو ئای ئێكسی ناتۆ بۆ ڕەزامەندیدان بە بەكارهێنان ببڕێت و بە سەلامەتی سەرجەم پێوەرەكان تێپەڕێنێت، ئەمەیش یەكەم سیستمی ئۆكراینی بوو كە تا ئێستە ئەو پێوەرە قورسانە ببڕێت و ببێت بە دامەزراوە و سیستمێكی پێشكەوتوو، كە ژێرخانی سەربازی لە گۆڕەپانی جەنگ لە یەك كاتدا دەخاتە بەردەمی سەركردەی سوپاكان.
















Leave a Reply