“وشە” چیرۆكی ژیانی موزەفەر شافیعی بڵاو دەكاتەوە.. لە مەهابادەوە تا لەندەن و تۆكیۆ و هەولێر

بینەر: (83)

موزەفەر شافیعی تەمەنی پێنج ساڵ بوو كە چووە سینەما، ئەوكات مامی بردبووی بۆ بینینی فیلمێك لە زێدی خۆی لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەر كە لە هۆڵی سینەما هاتە دەرەوە، بڕیارێكی دا كە دواتر ژیانی گۆڕی، ئەویش ئەوەبوو كە دەیەوێت ببێتە ئەكتەر. دوای شەست و پێنج ساڵ، ئەو ئارەزوو و خولیایەی هونەر و سینەمای هەمیشە هەر هەبوو.

یەكێك لە كەسایەتییە كولتوورییە پێشەنگەكانی ڕەوەندی كوردی

موزەفەر لە 26ی ئەپریلی ساڵی 1956 لە هەردوو ماڵباتی ناسراوی شافیعی و قادریی شاری مەهاباد لە دایك بووە، هەر لە دەستپێكی چوونی بۆ قوتابخانە حەز و خولیای شانۆی هەبوو و هەر زوو خۆی لە بواری چیرۆك گێڕانەوە دۆزیوەتەوە، دوای لەدەستدانی باوكی لە تەمەنی 15 ساڵیدا، لە تاران درێژە بە خوێندن دەدات.

ساڵی 1973 كە تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بوو، ڕووی لە شاری لەندەنی پێتەختی بەریتانیا كرد، كە گەیشتە ئەوێ، هەرچەندە ئینگلیزییەكی كەمی دەزانی بەڵام ئیرادەیەكی بەهێزی هەبوو بۆ فێربوون، لە ساڵی 1982 لە كۆلێژی هونەری دارتنگتۆن Dartington College of Arts بڕوانامەی خوێندنی شانۆی بەدەستهێناوە و لە بوارەكانی شانۆ، تەلەڤزیۆن، فیلم و ڕادیۆ دەستی بە كار كردووە.

“وشە” لەو راپۆرتەدا وردەكاری ژیانی ئەو هونەرمەندە بڵاو دەكاتەوە، دواتر موزەفەر شافیعی بووە یەكێك لە كەسایەتییە كولتوورییە پێشەنگەكانی ڕەوەندی كوردی لە بەریتانیا لە ساڵی 1986 بەشداری لە دامەزراندنی مەڵبەندی ڕۆشنبیری كورد لە لە لەندەن كردووە و لە ماوەی كۆتایی ساڵانی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكاندا، ڕۆڵێكی گرنگ و دیاری لە ڕێكخستنی گرنگترین چالاكییە هونەری و كولتوورییەكانی مەڵبەندەكە هەبووە. ئەو پێی وابوو كە فەرهەنگ بۆ پاراستنی شوناس زۆر پێویستە و لە ڕێگەی شانۆ و فێستیڤاڵ و تەنزەوە، خزمەتی هونەر و كولتووری كوردی كردووە.

یەكەم ئەكتەری كورد

موزەفەر شافیعی لەپاڵ كارە هونەرییەكانی، بۆ ماوەی سێ دەیە لە بەشی فارسی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنیBBC ی بەریتانی وەك وەرگێڕ و بێژەر و پێشكەشكار كاری كردووە و لەلایەن ڕۆژنامەنووس و نووسەری ناسراو هەژیری تەیمووریانەوە بە بی بی سی ناسێندرا، شافیعی ئەو ماوەیەی لەوێ كاری دەكرد، ڕێزی هاوكارەكانی لە سەرانسەری جیهانی فارسی زماندا بەدەستهێنا بەڵام ئەو هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد كە ڕۆژنامەگەریی پیشەی دووەمیەتی و خۆشەویستی یەكەمی هەر نواندن و دەرهێنان بوو.

لە ساڵی 1990 بووە یەكەم ئەكتەری كورد كە لە شانۆی نیشتمانیی شاهانەی بەریتانیا نمایش بكات، كە ئەمەش پێشكەوتنێكی گرنگ بوو بۆ هونەری كوردی و لە كتێبی مێژووی كورد كە لەلایەن زانكۆی كامبریجەوە دەرچووە ئاماژە بە ناوی ئەو كراوە. ئەو زۆر دڵخۆشتریش دەبوو ئەگەر كوردێكی تر ئەو دەستكەوتەی بەدەست هێنابووایە، چونكە پێی وابوو هەموو سەركەوتنێك دەبێ دەرگا بۆ نەوەی داهاتووی هونەرمەندانی كورد بكاتەوە.

هونەرمەند موزەفەر شافیعی لە بوارەكانی كاری نواندنی شانۆ، ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و سینەما بەهرەمەند و بە توانا بوو، لە زنجیرەی خانووی سەددام HBO House of Saddam و فیلمی سەربەخۆی Triage شانبەشانی هونەرمەندی ئێرلەندی Colin Farrell و فیلمی Hollywood Son of the Pink Panther و چەندین بەرهەمی بۆ كەناڵەكانی بی بی سی و ئای تی ڤی و كەناڵی 4 بەشداری كردووە و ڕۆڵی پەنابەرێكی كورد دەگێڕێت كە داوای مافی پەنابەری سیاسی دەكرد و لەلایەن ڕەخنەگرانەوە زۆر ستایشی ڕۆڵەكەی كرا بەتایبەتی لە بەرهەمی شانۆیی لەندەن لە شانۆگەری كلێر بەیلی لە شانۆگەری نۆرسن لایتس.

دەنگی موزەفەر شافعی بۆ ملیۆنان لە ئاخێوەرانی فارسی زمان ئاشنا بوو، لە یەك كاتدا وەك دەنگی پێشكەشكاری ناسراوی بەریتانی جێرەمی كلاركسن لە فیلمی تەختە گاز كە وەرگێڕانی فارسی بی بی سی بوو، هەروەها فیلمی Top Gear، كە تێیدا زۆر زیرەكانە و بە شێوازێكی كۆمیدیی و سەركەوتووانە ڕۆڵەكەی گێڕا.

بەیان سامی عەبدولڕەحمانی ناسی

ساڵی 1997 لەسەر بانگهێشت و داوای بەشی فارسی ڕادیۆی جیهانی NHK ی ژاپۆنی ڕووی لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن كرد و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەوێ كاری كرد و هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوكار و هاوڕێ ژاپۆنییەكانی لە سەرانسەری جیهاندا دروست كرد. دواتر شانۆی ئینترێیگ intrigue ی لە تۆكیۆ دامەزراند و ئەكتەر و نمایشكارانی فرەنەتەوەی نیشتەجێی ژاپۆنی لە بەرهەمەكانیدا كۆكردەوە كە بووە جێی ستایشی ڕەخنەگرانی شانۆ و سەرنجی میدیای ژاپۆنیشی بۆ خۆی ڕاكێشا. ئەو ساڵانەی لە ژاپۆن بوو ، بەرهەمی پڕ لە داهێنانی پێشكەش كرد و پەنجەی خستە سەر شانۆی كابوكی و نۆوە، باوەڕی بەوە هەبوو كە هەموو كولتوورێك شتێكی هەیە فێری بكات.

لە كاتی سازدانی فێستیڤاڵە فەرهەنگییە كوردییەكان لە لەندەن، ڕۆژنامەنووسی كورد بەیان سامی عەبدولڕەحمانی ناسی و هاوسەرگیریان كرد و پەیوەندیی هەردووكیان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و پشتگیرییەكی بێوچان بوو بۆ پیشەی یەكتر. ئەوان چێژیان لە كاتەكانیان لە تۆكیۆ وەك ڕۆژنامەنووس و لەگەڵ كارە شانۆییەكان وەردەگرت.

دوای كارەساتی هێرشە تیرۆریستییەكەی یەكی شوباتی ساڵی 2004 لە هەولێر كە تێیدا سامی عەبدولڕەحمان جێگری سەرۆك وەزیران باوكی بەیان و سەڵاحی برا گەورەكەی شەهید بوون، بەیان و موزەفەر لە تۆكیۆوە گەڕانەوە بۆ لەندەن بۆ ئەوەی لە نزیك خێزانەكانیان بن.

كاتێك بەیان سامی عەبدولرەحمان وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا و دواتر نوێنەری هەرێم لە ئەمەریكا دەستنیشان كرا، موزەفەر هەموو پشتیوانییەكی هاوسەرەكەی كرد، ئەمەش لە ڕوانگەی باوەڕی زگماكی خۆی بوو بە بەهێزكردنی ڕۆڵی ژنان.

بەرەو هەولێر

لە ساڵی 2012 (ڕامیار)ی كوڕیان لەدایكبوو كە دڵخۆشییەكی بێ ئەندازەی بە تایبەتی بە موزەفەر بەخشی. موزەفەر ئەو ماوەیەی لە ئەمەریكا بوو، هەرچەندە زیاتر خەریكی بایەخدان بە كوڕە گەنجەكەی بوو، بەڵام لە پەیوەندیشدا بوو لەگەڵ ئەكتەرەكانی لۆس ئەنجلۆس و نیویۆرك.

لە ساڵی 2023 موزەفەر و بەیان واشنتۆنیان بەرەو هەولێر بەجێهێشت ، موزەفەر هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو كە شانۆیەكی نیشتمانی شایستە بە دەوڵەمەندی هونەری كوردستان دروست بكات.

هونەرمەند موزەفەر شافیعی لە هەموو ئەو شوێنانەی تێیدا ژیاوە لە مەهاباد، تاران، لەندەن، تۆكیۆ، واشنتۆن یان هەولێر، هەمیشە لە ڕێگەی هونەرەوە كاری بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگەكەی كردووە. سەرسام بوو بە هەموو جۆرە دەربڕینێكی هونەری و بە جۆش و خرۆشێكی ، دەستخۆشیی لە ئەكتەر و مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژ و سەماكار و نووسەر و نیگاركێشان دەكرد. ئەو لە سروشتی خۆیدا چیرۆك گێڕەوەیەكی بە توانا بوو، پیاوێكی گەرم و گوڕ و بە سۆز و قسەخۆش بوو . زۆر گرنگی بە خێزانە فراوانەكەی و هاوڕێكانی دەدا ئیدی لە هەر كوێیەك بن.

تووشی شێرپەنجەی پەنكریاس بوو

موزەفەر شافیعی لە مانگی دوازدەی 2025 تووشی شێرپەنجەی پەنكریاس بوو، بەڵام زۆر بە گەشبینی و ورەیەكی بەرزەوە ڕووبەڕووی نەخۆشییەكەی بووەوە. تەنانەت لە سەختترین مانگەكانیشدا پێی باشتر بوو باسی پلانەكانی سبەینێی بكات نەك نەخۆشی ئەمڕۆی. كاتێك شێرپەنجەكەی لە مانگی تەمووزی 2026 دووبارە گەڕایەوە، باری تەندروستیەكەی بە خێرایی تێكچوو. دوا جار لە ڕۆژی 4ی ئابی 2026 لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و لە باوەشی خێزانەكەیدا بۆ دواجار چاوەكانی لێكنا و كۆچی دوایی كرد.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *