ڕۆژنامەیەك: تاران ڕێگرتن لە كەشتیی جەنگیی ئەمەریكا دەخاتە ناو ڕێككەوتنی هورمزەوە

بینەر: (113)

ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ترەمپ هەرچی بڕیارێك بدات و دەرئەنجامی ململانێكان هەرچۆنێك بن، ناتوانرێ كۆتایی بە هەژموون و كۆنترۆڵكردنی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بهێنرێت، ئێستەیش پاسداران دەیانەوێ ئەمە بكەنە دەرفەتێك و ڕێگری لە هاتن و چوونی كەشتییە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە گەرووەكە دوای گەیشتنە ڕێككەوتنیش بكەن.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی، ڕاپۆرتێكی بە ناونیشانی “ئێران دەرفەتی دەركردنی ئەمەریكا لە كەنداو دەبینێت” بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، لێكگەیشتنەكان بۆ ڕێككەوتن لە گەرووی هورمز، بەرەو سەپاندنی هەژموونی ئێران بەسەر گەرووەكە و ڕێگرتن لە هاتوچۆی كەشتیی سەربازیی ئەمەریكا بە ئاوەكانی گەرووی هورمز دەڕۆن.

لە ناوەندەكانی ناوچەكە و لە ناو دانوستانەكانی نێوان ئێران و سوڵتاننشینی عومانیش، ئەوە بە تەواوی خەریكە ڕوون دەبێتەوە كە سەپاندنی هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمز، بووە بە ڕاستییەك و ناكرێ خۆی لێ بە دوور بگیرێت، دانوستانەكانی ئێستەیش لەسەر ئەوە نین كۆتایی بە زاڵبوونی ئێران بەسەر گەرووەكە بهێنرێت، بەڵكو دۆزینەوەی میكانیزمی چۆنیەتیی خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو كۆنترۆڵە زۆرەی ئێران بەسەر گەرووی هورمزی هەیە و ڕێكخستنی چۆنیەتیی جووڵەی كەشتیوانییە.

بەرپرسانی وڵاتانی كەنداو بۆ وۆل ستریت جۆرنال دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، هەر ڕێككەوتنێك بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز، دەرفەتی كۆنترۆڵی تەواوەتی گەرووی هورمز دەبەخشێتە كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوەیش ئێستە باشترین بژارەی بەردەستی وڵاتانی ناوچەكەیە لەو دۆخە ناهەموارەدا.

بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی وڵاتانی كەنداو، سوپای پاسداران ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە گرژییەكان و بەرزكردنەوەی تێچووی جەنگ لەسەر ئەمەریكا، هەروەها گەرووی هورمز و دانوستانەكانیش لەسەری وەك دەرفەتێك دەبینێت كە پێگەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە كەم بكاتەوە، داوای ڕێگرتن لە هاتن و چوونی كەشتیی سەربازیی ئەمەریكا لە گەرووەكە دەكات.

لە ئەنجامی درككردنی وڵاتانی كەنداو بەو ڕاستییەی كە ئیتر گەرووی هورمز وەك خۆی لێ نایەتەوە و لە ژێر هەژموونی ئێران دەمێنێتەوە، خەریكە بیر لە جێگرەوەی گەرووی هورمز دەكەنەوە و دەیانەوێ بۆڕیی نەوت بە ئاراستەی دەریای سوور و كەنداوی عومان ڕابكێشن، وەبەرهێنانی زیاتریش لە كۆگەكانی هەڵگرتنی نەوت لە دەرەوەی ناوچەكە بكەن.

بەڵام بەرپرسەكانی كەنداو هۆشدارییان دا، گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە جێگرەوانە ڕێ لە ئێران ناگرێت، تا ژێرخانی وزەی وڵاتانی ناوچەكە بە ئامانج بگرێت، ئەگەر لەگەڵ ئەمەریكا نەگەن بە ڕێككەوتنێكی كۆتایی و متمانەپێكراو كە سنوورێك بۆ گرژییەكان دابنێت.

رۆزماری كیلانی بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی (Defense Priorities) گوتی، ئێران سەركەوتووبوو لە سنوورداركردنی توانای سەربازیی ئەمەریكا لە كەنداو و چیتر ئەمەریكا ناتوانێ هێزەكانی لەو ناوچەیە بە ئاسایی بەكار بهێنێت.

سەرەڕای ئەوەی واشنتن ڕەتی دەكاتەوە كە ئێران كۆنترۆڵی گەرووی هورمز بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا خۆی بە دوورگرتن لە ناردنی كەشتییە جەنگییەكان بۆ كەنداو و تەنیا لە چەند حاڵەتێكی سنووردار و ئەركی بچووك نەبێت، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی دوو كەشتیی وێرانكەری هەڵگری مووشەكی هێرشبەری زۆر بەهێزی ئەمەریكا لە مانگی نیسان/ئەپریلی ڕابردووەوە لە ناوچەكە بوونیان هەیە.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، تاران لە میانەی دانوستانەكان بە فەرمی داوای كردووە، كەشتییە جەنگییەكانی ئەمەریكا نابێ بۆیان هەبێت بێنە ناو ئاوەكانی كەنداو و گەرووی هورمزەوە، ئەمەیش بە دیاریكراوی داوای پاسداران و توندڕۆكانی ئێرانە كە بەردەوام دژی ئەمەریكا وەستاونەتەوە، بە هاتنەدیی ئەو داوایەی ئێرانیش، گەیشتنی كۆمەك و كەلوپەلی سەربازیی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی لە بنكەی سەربازی وڵاتانی كەنداو بە داخراوی دەمێنێتەوە و ناتوانرێ كەلوپەلی جەنگیش بگەیەنێتە وڵاتانی كەنداو.

جۆناسان بانیكۆڤ بەرپرسێكی پێشووی هەواڵگریی ئەمەریكا و توێژەر لە پەیمانگەی ئەنجوومەنی ئەتڵەسی گوتی، دەرئەنجامی سەرەكی و هەر بڕیارێك كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەیدات، دواجار گەرووی هورمز لە ژێر كۆنترۆڵی ئێران دەمێنێتەوە و ناتوانرێ هەژموونی ئێران لە ناوچەكە كۆتایی پێ بهێنرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *