هەڵبژاردنی ئەمڕۆ 10ی هەشتی ئاب، بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەهێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی بە پڕۆژەیاسای “چوارچێوە” دێتە ناسین، لە پەرلەمانی توركیا بۆ كوردان جێگەی گومان و بۆ توركیش بووەتە هۆی شەپۆلێكی ناڕەزایی.
ئەمڕۆ 10ی هەشتی ئاب، 106 ساڵ بەسەر پەیماننامەی سیڤەردا تێدەپەڕێت، ئەو پەیماننامەیەی مافی كوردی دیاری كرد، بەڵام دوای توركەكان هەڵیانوەشاندەوە و هەموو شتێكیان داگیر كرد.
10ی 8ی 1920 پەیماننامەی سیڤەر لە نێوان دەوڵەتانی “توركیا و بەریتانیا و فڕەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و ئەرمەنستان و بەلجیكا و یۆنان و پۆڵەندا و پورتوگال و ڕۆمانیا سڕبیا و كرواتیا و سلوانیا چیكۆسلۆڤاكیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا – وەك چاودێر ” واژوو كرا كە شەریف پاشا وەك نوێنەری كورد بواری پێدرا بەشداریی بكات، ئەم پەیماننامە وەك چارەسەر بۆ كێشەی وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی كە هاوپەیمانان داگیریان كردبوو بەسترا كە لە (422) مادە پێكهاتبوو، كە بەندەكانی (62-63-64) لەبارەی ناوچەی كورد و ناوچە كوردییەكان بوو.
ئەمڕۆ كە پەرلەمانی توركیا بڕیارە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای چوارچێوە بدات كە بەبڕوای چاودێران، شتێكی نوێی بۆ كورد تێدا نییە، پڕۆژەكە چەند خاڵێكە هەموویان لە هەڵوەشاندنەوە و رادەستكردنی چەكی پەكەكە خۆیان دەبیننەوە.
بەڵام سەرەڕای ئەوەش توركەكان ناڕازین و شەپۆلێكی ناڕەزایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك رێكخراو لە توركیا دەستی پێ كردووە.
هاوكات موساڤات دەروێشئۆغڵو سەرۆكی ئیی پارتی كە لە سەرەتاوە دژی پرۆسەی چارەسەرییە لەبارەی پڕۆژەیاساكە رای گەیاند، دەنگدان و پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە لە رێكەوتی 10ـی ئاب كە ساڵوەگەڕی پەیماننامەی سیڤەرە، مەرامێكی ناپاكی لە پشتە و داواشی لە پەرلەمانتارانی كرد بە “نەخێر” دەنگ بە پڕۆژەیاساكە بدەن.
دەروێشئۆغڵو گوتی: “بە پەرلەمانتارانی پارتەكەم دەڵێم، ئەو سوێندە مەشكێنن كە لەسەر دەستوور و یەكپارچەیی نیشتمان خواردووتانە. مێژوو و گەل لێتان خۆش نابێت ئەگەر دەست بۆ ئەم بەڵگەنامەی رادەستبوونە بەرز بكەنەوە.”
ناڕەزاییەكان تەنیا لەپەرلەمان نین، بەڵكو شەقامی توركیشی گرتووەتەوە لە ئۆنلاین، هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی واژوو بە دروشمی “گەلی توركیا دەڵێت نەخێر” دەستی پێ كردووە و داوای كۆكردنەوەی دەنگ دەكەن بۆ راگرتنی ئەو پڕۆژەیاسایە.
حوسنو بوزكورت سەرۆكی كۆمەڵەی بیرۆكەی ئاتاتورك، ئاماژەی بە رێكەوتی پێشكێشكردنی پڕۆژەیاساكە كرد كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی واژووكردنی پەیماننامەی سیڤەر لە 10ـی ئابی 1920 و ئەم هەنگاوەی وەك بڕیارێكی مەترسیدار ناوزەند كرد.
لەلایەكی ترەوە كوردانی باكوری كوردستان ئەوانیش پێیان وایە كە هەڵبژاردنی ئەمڕۆ بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكە گومانی زۆری لەسەرە، چونكە جۆرێك دەخوێنرێتەوە كە دیسانەوە هەڵوەشاندنەەوەی سیڤەرێكی تر بێت ئەویش دوای 106 ساڵ، “تورك پلانێكی تر دژی كورد وەرێ بخەن”.
پەیمانامەی سیڤەر لە (422) مادە پێك هاتبوو كە بەندەكانی (62-63-64) لەبارەی ناوچەی كورد و ناوچە كوردییەكان بوو.
مادەی 62
لیژنەیەك لە سێ ئەندام پێكدێت كە لە (سێ) كەسایەتی (بەریتانی و فڕەنسی و ئیتاڵیا) كە حكوومەتی ئەو سێ دەوڵەتە دیاری دەكەن، مەڵبەندی لیژنەكەش شاری (ئیستانبوڵ) دەبێت، ئەم لیژنەیەش پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا كارەكانیان ئەنجام بدەن، كارەكەشیان ئامادەكردنی یاسایەكە بە مافی فەرمانڕەوایی حوكمی خۆجێی بۆ كوردستان كە زۆرترینی دانیشتوانی كوردن و كەوتووەتە خۆرهەڵاتی فوڕات و باشووری سنووری ئەرمینیا و باكوری سنووری سووریا و عێراق، هەروەها وەك لە بەندی (27) لە مادەی (2،3) دا دیاری كراوە، ئەگەر ئەندامانی لیژنەكە بڕیاریان لەسەر هەر كێشەیەك لە كێشەكان نەدا، ئەوا هەر ئەندامێك كێشەكەی بەرەو ڕووی حكومەتەكەی دەكاتەوە، ئەم پڕۆژەیەش وا پێویست دەكات كە مافی ئاشووری و كلدانی و كەمەنەتەوەیی و ئاینییەكان لە خاكی كوردستاندا دەژین دیاری بكات، لە پێناوی ئەم مەبەستەدا لیژنەیەك لە ئینگلیز و ئیتاڵی و ئێرانی و كوردێك دەنێردرێت بۆ ناوچەكە، ئەم لیژنەیە بڕیار لەسەر گۆڕانكاری لەسەر سنووری توركیا دەدات، ئەگەر پێویستیشی كرد بەپێی بەندەكانی پەیماننامە ئەوا سنووری نێوان توركیا و ئێران دەكات.
مادەی 63
دەوڵەتی عوسمانی پەیمان دەدات بەپێی بڕیارەكانی لیژنەكە كە لە بەندی (63)دا هاتووە، دوو لیژنە ئامادە بكات و لە ماوەی (سێ) مانگدا دوای دەرچوونی ئەم بڕیارانە بڕیاری پێویست جێبەجێ بكات.
مادەی 64
ئەگەر گەلی كورد لەو ناوچەیەی كە لە بەندی (62)دا هاتووە لە ماوەی ساڵێكدا ڕووی كردە كۆمەڵەی نەتەوەكان، زۆرترینی دانیشتووانی ناوچەكە ئارەزووی جیابوونەوەیان كرد لە توركیا، ئەگەر كۆمەڵەی نەتەوەكان زانییان ئەم گەلە شایانی ئەم سەربەخۆییەن، ئەوا كۆمەڵەی نەتەوەكان ئامۆژگاری توركیا دەكات بۆ ئەم مەبەستە توركیاش دەبێت ئەم ئامۆژگارییانە جێبەجێ بكات، بەوەی واز دەهێنی لە هەموو مافەكانی خۆی لەو ناوچانە كە ئەم پەیماننامە دەیگرێتەوە، ئەگەر ئەم وازهێنانەش لە كاتی خۆیدا جێبەجێ كرا، ئەوا هێزە هاوپەیمانەكان هیچ كۆسپێك ناخەنە بەردەم ئەو ڕێگەیەی كە دەبێتە هۆی یەكگرتنی ئەو دەوڵەتە كوردییە سەربەخۆییە لەگەڵ ئەو كوردانەی لە ویلایەتی مووسڵیشدا دەژین.
بەڵام ئەم پەیمانامەیە سەری نەگرت و پەیمانێكی تر شوێنی گرتەوە كە ئەویش پەیمانی “لۆزان” بوو، توركەكان بەم پەیماننامەیە 106 ساڵە كورد دەچەوسێنەوە و كوردستانیان داگیر كرد و زمان و شوناسی كوردییان سڕییەوە، هێشتا دوای ئەو هەموو كاتە ئامادە نین لە پەرلەمان یاسایەك دەربكەن كە كورد وەك نەتەوەیەكی خاوەن خاك، بەشێكە لە توركیا و پێویستە مافی زمان و كولتوور و ئازادی سیاسی و بەڕێوەبەری ناوچەكانی هەبێت بناسێنن.
















Leave a Reply