گیدۆن راچمان ڕۆژنامه‌وانی به‌ریتانی و به‌رپرسی به‌شی كاروباری نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمز و هه‌ڵگری چه‌ندان خه‌ڵاتی ڕۆژنامه‌وانی له وتارێكدا له ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمزی به‌ریتانی له ژێر ناونیشانی “ئۆكراینا و ئێران و چۆنیه‌تی گۆڕانی جه‌نگه هه‌رێمییه‌كان بۆ جه‌نگێكی تری جیهانی” بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، جه‌نگی ئۆكراینا ته‌واوی ئه‌وروپای له‌گه‌ڵ خۆی خستووه‌ته ناو ململانێكانه‌وه و جه‌نگ دژی ئێرانیش رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كۆریای باكور چه‌ك و هێز كۆ ده‌كاته‌وه و چین مانۆڕ له نزیك تایوان ده‌كات، ئه‌مانه ئاماژه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگێكی تری جیهانین.
له بابه‌ته‌كه هاتووه، جه‌نگی ڕووسیا دژی ئۆكراینا خوێناوی‌ترین جه‌نگه كه ئه‌وروپا له دوای 1945 به‌خۆوه‌ی بینیووه، هاوكات ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئێران 12 وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ خستووه‌ته نێو ململانێكانه‌وه، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه جه‌نگه‌كه زۆر فره‌وانتر بێت و چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه دنیا جه‌نگێكی هاوشێوه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیووه، له ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا كۆریای باكور توانا سه‌ربازییه‌كانی به خێرایی به‌هێز ده‌كات و ده‌سبه‌رداری بیرۆكه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ئاشتیانه له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور بوو، له هه‌مان كات چین به‌رده‌وامه له مانۆڕه سه‌ربازییه ده‌ریاییه‌كانی له ده‌وروبه‌ری تایوان و وا ده‌رده‌كه‌وێ ده‌یه‌وێ هێلی پێوه‌ندییه‌كان و گه‌یشتن به تایوان له‌گه‌ڵ دنیا بپچڕێنێت.
هه‌رچه‌نده جه‌نگی ئۆكراینا و ڕووسیا له‌گه‌ڵ جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئێران به ته‌واوی له‌یه‌كتر جیان، به‌ڵام له‌م هه‌فته‌یه ئێران ئاشكرای كرد، ئۆكراینا هێرشی كردووه‌ته سه‌ر كه‌شتییه‌ك له ده‌ریای قه‌زوین و نقوومی ئاوی كردووه و دهریاوانهكانیشی كوژراون، هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی له ئۆكراینا كرد، له به‌رانبه‌ردا ئۆكراینا ددانی به بۆردمانكردنی كه‌شتیه ئێرانییه‌كه نا و دووپاتی كرده‌وه كه ئامانجی كه‌شتییه پڕ له چه‌كه‌كانی ڕووسیا بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش ڤۆلۆدیمێر زیلنسكی سه‌رۆكی ئۆكراینا ئاماژه‌ی دا، كه كۆریای باكور ئاماده‌كاری بۆ ناردنی 30 هه‌زار سه‌رباز بۆ یارمه‌تیدانی ڕووسیا له جه‌نگ دژی ئۆكراینا ده‌كات.
كاتێك گه‌ڕی یه‌كه‌می هێزه‌كانی كۆریای باكور گه‌یشتنه هێلی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له 2024، سه‌رۆكی ئۆكراینا دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌مه هه‌نگاوێكه به ئاراسته‌ی جه‌نگی جیهانی و ئێسته پێكدادانه‌كانی ئۆكراینا له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئێران و كۆریای باكوره.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو و ڕوانین له جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهان، بههمانشێوه له هاوپه‌یمانی و به‌ره‌ی جیا له كیشوه‌ره جیا جیاكانه‌وه پێكهاتن، جه‌نگی دووه‌می دنیا له‌لایه‌كه‌وه ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و له‌لاكه‌ی تره‌وه‌یش به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی سۆڤیهیتی بوون، كه به‌ریه‌ككه‌وتنی زلهێزه‌كانی دنیا بوو له‌گه‌ڵ یه‌كتر.
ئه‌و ململانێیانه‌ی ئێسته هه‌ن به ته‌واوی هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می دنیان و ئێسته جه‌نگ و ململانێكان له ئه‌وروپاوه بۆ ئاسیا درێژ بووه‌ته‌وه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ململانێكان له ئه‌فریقا هه‌یه و نزیكبوونه‌وه‌ی زۆر له نێوان ڕووسیا و چین و ئێران و كۆریای باكور بوونی هه‌یه، كه له‌لایه‌ن توێژه‌رانی ئه‌مه‌ریكاوه به میحوه‌ری دوژمنان ناوی ده‌برێت.
هه‌ڵوێسته دوژمنكارانه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ له‌م دواییه به‌رانبه‌ر به هاوپه‌یمانه كلاسكییهكانی ئه‌مه‌ریكا و هاتنه‌دی ئه‌و ڕاستییه‌ی كه ئیسرائیل وڵاتێكی بێزلێكراوه له‌لاینه ئه‌وروپا و به‌شێكی كه‌نداوه، قورسه به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ وه‌ستانه‌وه به‌ڕووی به‌ره و میحوه‌ری دوژمنانی ئه‌مه‌ریكا بدۆزیته‌وه.
بڕیاری ئۆكراینا بۆ وه‌ستانه‌وه دژی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی لاوه‌كی هه‌وڵێكه بۆ دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتووی هاوشێوه‌ی میحوه‌ری دوژمنان، یان هه‌ر شرۆڤه‌یه‌كی تر كه هانی كییڤی داوه به ڕوانین له جیاوازییه‌كان و ئه‌وه‌ی له ده‌ریای قه‌زوین ڕوو ده‌دات، به‌ڵام لای ئۆكراینییه‌كان هۆكاری زۆر هه‌ن كه ویستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێرانیان هه‌بێت، چونكه تاران ڕووسیا به درۆنی شاهید پڕ چه‌ك ده‌كات كه هۆی كوشتنی ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانی ئۆكراینایه.
له هه‌مان كاتدا كییڤ ده‌رفه‌تی باشكردنی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تره‌مپ زۆر باشتر ده‌بینێت و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه ڕووسیا یارمه‌تی ئێران له جه‌نگی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌دات. زیلنسكی پێشتر دووپاتی كرده‌وه، كه مۆسكۆ زانیاری هه‌واڵگری له‌باره‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تاران ده‌دات و هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش بۆ گه‌مارۆ خستنه سه‌ر ئێران شكست ده‌هێنن، چونكه ئێران به ده‌ریای قه‌زوین نه‌وت و كاڵا له‌گه‌ڵ ڕووسیا ئاڵوگۆڕ پێ ده‌كات، داخستنی ئه‌و ڕێگهیهیش كارێكی قورسه بۆ ئه‌مه‌ریكا، به‌وهۆیه‌وه ناتوانێ ئابووری ئێران زیاتر لاواز بكات.
ئۆكراینییه‌كان هه‌ستده‌كه‌ن كه هه‌نگاو به هه‌نگاو له جه‌نگه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ڕووسیا باڵاده‌ست ده‌بن، به‌ڵام گه‌یشتنی هێزی نوێ كۆریای باكور سوود به پووتین ده‌گه‌یه‌نێت، كیم جۆنگ ئۆنگی ڕێبه‌ری دیكتاتۆری كۆریای باكور هۆكاری زۆری هه‌یه یارمه‌تی مۆسكۆ بدات، گرنگترینی ئه‌وه‌یه كه ڕووسیا ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتوو به پیۆنگیانگ ده‌دات و یارمه‌تی ڕژێمی كۆریای باكور ده‌دات تا له گۆشه‌گیری ئابووری و دیپلۆماسی ڕزگاری بێت.
به‌ڵام هاوكارییه‌كانی چین بۆ ئێران زۆر نهێنییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش چاودێران له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه گرنگییه‌كی یه‌كجار زۆریان هه‌یه، تۆماس ڕایت به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پلاندانانی ستراتیجی له حكوومه‌تی بایدن ئاشكرای كرد، چین یارمه‌تی ڕووسیای دا له بنیاتنانه‌وه‌ی توانا سه‌ربازییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خێراتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا، له ڕێی ناردنی ئامێری دروستكردن و تكنهلۆجیای ورد و ته‌كنیكی زیره‌كانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یارمه‌تی مۆسكۆ له دروستكردنی درۆن ده‌دات، هاوشێوه‌ی ئێران یارمه‌تی مۆسكۆیش ده‌دات له سووته‌مه‌نی مووشه‌ك و وێنه‌ی مانگه ده‌ستكرده بازرگانییه‌كان.
هیچ هاوپه‌یمانییه‌كی فه‌رمی له نێوان میحوه‌ری دوژمنان بوونی نییه، به‌ڵام چین و ڕووسیا و كۆریای باكور و ئێران ئامانجێكی هاوبه‌شیان هه‌یه ئه‌ویش وه‌ستانه‌وه‌یه به ڕووی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا و سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیانه به‌سه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ریان، چین به‌هه‌مانشێوه خواستی زۆری هه‌یه بۆ لادانی ئه‌مه‌ریكا له ڕیزی زلهێزترین ئابووری دنیا. تا خۆی ببێت به هێزی یه‌كه‌می ههژموونسهپێن له دنیا.
















Leave a Reply