لە ماوەی رابردوو و هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، میلیشیا عێراقییەكان لە خاكی عێراقەوە بۆردمانی مووشەكی و درۆنیی بنكەی سەربازی و نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكایان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە دەست پێ كرد، زانیاریی تەواو لەبارەی ئەو هێرشانە و ئەنجامدەرانی بە بەغدا درا و داوای لێ كرا رێگری لەو هێرشانە بكات، بەڵام تا ئێستەش حكوومەتی عێراق ددان بەو هێرشانەدا نانێت كە لە خاكی عێراقەوە دەكرێن.
سەرچاوە دیپلۆماسییە رۆژئاواییەكان ترسیان هەیە لەوەی عێراق بەرەو دۆخێكی تاقیكردنەوەی هێز لە نێوان دوو تیم هەنگاو دەنێت، یەكێكیان داوای دوورخستنەوەی لە تەوەربەندی و شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە دەكات و ئەویتر داوای دەربڕینی هاوپەیمانیی تەواو لەگەڵ ئێران و بەشداریكردن لە شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا دەكات، كە ئەوەش حكوومەتی عەلی زەیدی خستووەتە دۆخێكی زۆر سەختەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشكرای دەكەن كە دەسەڵاتدارانی عێراق خۆیان لە دداننان لە بەرپرسیارەتیی عێراق بە دوور گرتووە، بەوەی هێرشی سەر وڵاتانی ناوچەكە لە خاكی عێراقەوە دەكرێن، بۆ خۆلادان لە رووبەڕووبوونەوەیەكی زوو لەگەڵ میلیشیاكان، كە هێشتا ئامادەسازی بۆ ئەو شەڕە نەكراوە، ئەگینا بەرپرسانی عێراق دەزانن كە چەند گرووپێك بە سەرپەرشتیی جەواد غەفاری راوێژكاری سەربازیی ئێرانی هێرشەكانی سەر كوێتیان لە بەسەرەوە ئەنجام داوە، چەند گرووپێكی تر لە بیابانی سەماوە و نەجەفەوە هێرشی سەر ئیماراتیان ئەنجام داوە، كە هەر لەوێوە هێرش كرایە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە.
بەپێی سەرچاوەكان، هێرشە درۆنییەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی نێوان هەرسێ پارێزگای سەڵاحەدین و كەركووك و دیالە بە سەرپەرشتیی ئیقبال پوور راوێژكاری سەربازیی ئێرانی ئەنجام دراوە، مەبەستی سەرەكیش لەو هێرشانە تێكدانی پێوەندییەكانی عێراقە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی سعوودیە و ئیمارات، وەك پەیامێك بۆ وڵاتانی كەنداو كە پیادەكردنی سیاسەتێكی نەیار بۆ ئێران باجی قورسی هەیە.
بەپێی سەرچاوەكان مەبەستی دووەمی ئێران، شەرمەزاركردنی عەلی زەیدی سەرۆك وەەزیرانی عێراقە، كە لە چوارچێوەی پلانەكانی بۆ باشكردنی پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و پێڕەوكردنی سیاسەتێكی هاوسەنگی پێوەندییەكان، خۆی بۆ سەردانی سعوودیە ئامادە كردبوو، هاوكات دوور نییە هێرشی میلیشیاكان بۆ سزادانی زەیدی بێت بەهۆی سووربوونی لەسەر ئەوەی یەكەم سەردانی دەرەكی بۆ واشنتن بێت، سەرەڕای چەندان داواكاریی ئێران بۆ سەردانیكردنی تاران و دەست پێكردنی سەردانەكانی لەو وڵاتەوە.
هەر بەپێی سەرچاوەكان مەبەستێكی تری ئەو هێرشانە، ترساندنی دامەزراوەی سەربازی و تەناهییەكانی عێراق و رێگرتنە لێیان لە جێبەجێكردنی بڕیاری زەیدی بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان، كە بەڵێنی بە جێبەجێكردنی لە كاتی رۆیشتنی دوایین سەربازی ئەمەریكی لە خاكی عێراق لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو داوە، لەوش دیارە كە میلیشیاكان بە توڕەییەوە پێشوازییان لە قسەكانی زەیدی لەوبارەوە كرد كە گوتی، لە دوای ئەو وادەیە هیچ پاساوێك بۆ بەردەوامیی موقاوەمەت نامێنێت و موقاوەمەت پیشە نییە.
بەرەبەیانی دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی سعوودیە و ئەمەریكا، هێرشیان كردە سەر چەند بنكە و بارەگەیەكی میلیشیاكان و حەشدی شەعبی لە عێراق، وەك خۆیان رایان گەیان لە وەڵامی هێرشی ئەو میلیشیایانە بووە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە، هێرشەكە بەر لە رۆژێك لە سەردانێكی چاوەڕوانكراوی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ریاز دێت، ئەحمەد حەمدانی شارەزای سیاسی دەڵێت، هێرشەكەی سعوودیە بە قاوغێكی ئەمەریكی كراوە، ئێستەش عەلی زەیدی، سەرەڕای گوشاری گەورەی میلیشیا و هێزە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران، هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە و پەرە نەسەندنی دەدات.
روونی كردەوە، لەگەڵ ئەوەش هێرشەكان كاریگەرییەكی راستەوخۆیان لەسەر دۆسیەی داماڵینی چەك و لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكان دەبێت، لە لایەك گوشار دەخەنە سەر حكوومەت و هێزە سیاسییەكان و لە لایەكی تر بەو پاساوە دانانی چەك رەت دەكەنەوە، بۆیە دووبارەكردنەوەی هێرشەكانی سەر سعوودیە، رەنگە هەوڵێكی بە مەبەست بێت بۆ شكستهێنان بە سەردانەكەی زەیدی بۆ ریاز، كە تیایدا باسی كاراكردنەوەی بۆری نەوتی سعوودیە بەرەو بەندەری یەنبوع دەكرێت، جیا لە رێككەوتنی بازرگانی لە بوارەكانی كارەبا و وزە، كە ئەوانەش هەڕەشەن بۆ بەرژەوەندییەكان و باڵادەستیی ئێران لە عێراق.
















Leave a Reply