لوقمان کەمال محمد
هەڵمەتە دژە-گەندەڵییەکەی سەرۆکوەزیران عەلی فالح کازمی زەیدی، کە تێیدا وەزیر و پەرلەمانتار و ڕاوێژکارەکانیش دەستگیرکراون، پرسیارێکی گەورەی وروژاندووە: ئایا بەڕاستی چوارچێوەی یاسایی و دەستووریی عێراق توانای ئەوەی هەیە لێکۆڵینەوە لە بەهێزترین و کاریگەرترین کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵات بکات؟ لە ڕووی تیۆرییەوە، سیستەمی دادوەریی عێراق خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانە بۆ لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە بەڵگەی لەسەر بێت، بەڵام لە واقیعدا، ئەم سیستەمە هەمیشە بەپێی “کێشی سیاسی”ی تۆمەتبارەکە کار دەکات نەک قەبارەی تاوانەکەی. بۆ نموونە، کاتێک دەنگۆی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بڵاوبووەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری خێرا هاتە سەر خەت و ڕایگەیاند کە ئەو بەڵگەنامەیە “ساختەیە”، کە ئەمەش نیشانی دەدات کە دەستبردن بۆ سەرکردەکانی هێڵی یەکەم هێشتا هێڵێکی سوورە.
هۆکاری ئەوەی کە کەسایەتییە گەورەکانی وەک محەممەد شیاع سوودانی یان حەیدەر عەبادی دەستگیر ناکرێن، پەیوەندیی بە نەبوونی بەڵگەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو سیستەمە ئاڵۆزەی هاوسەنگیی هێزەوە هەیە کە حوکمی عێراق دەکات. دەسەڵاتداران زۆر باش دەزانن کە دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانێکی پێشوو مانای کردنەوەی “سندوقی پاندۆرا”یە؛ چونکە ئەگەر کەسێکی وا بخرێتە زیندانەوە و لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینەی لەگەڵ بکرێت، بێگومان بە تەنها ناسووتێت، بەڵکو ناوی دەیان سەرکردەی حیزبی، فەرماندەی میلیشیاکان، و بەرپرسانی ئێستاش ئاشکرا دەکات کە لە دابەشکردنی سامانی وڵاتدا هاوبەشی بوون. ئەمە ڕێک ئەو هۆکارەیە کە بۆچی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن هەمیشە لەسەر ئاستی بریکاری وەزارەتەکان یان بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەک عەدنان جومەیلی دەوەستن؛ چونکە ئەمانە ئەو قوربانییانەن کە حیزبەکان دەتوانن دەستبەرداریان ببن بۆ ڕازیکردنی شەقام، بەبێ ئەوەی هەڕەشە لەسەر کۆڵەکەکانی سیستەمەکە دروست بکەن.
لە کۆتاییدا، چوارچێوەی یاسایی عێراق لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ هێنانەدی دادپەروەریی ڕەها، بووەتە ئامرازێک بۆ “ڕێکخستنی کێبڕکێی سیاسی”. ئەگەر زەیدی دەیەوێت بەڕاستی متمانەی گەل بەدەست بهێنێت، دەبێت بیسەلمێنێت کە دەزگای دادوەری توانای ئەوەی هەیە بانگێشتی لوتکەی هەڕەمەکەش بکات بۆ لێپرسینەوە. بەڵام تا ئەو کاتەی “پارێزبەندیی سیاسیی ڕانەگەیەندراو” لە سەرووی یاساوە بێت، دادگاییکردنەکان تەنها شانۆگەرییەکن کە تێیدا ماسییە بچووکەکان دەبنە قوربانی بۆ ئەوەی نەهەنگە گەورەکان بتوانن بەردەوام بن لە مەلەکردن.















Leave a Reply