هەڵبژاردنێک کە کەس چاوەڕێی ناکات

بینەر: (4.5K)

ڕاستگۆ محمد سەعید

کاتێک باس لە هەڵبژاردن دەکرێت، هەمیشە وا وێنا دەکرێت کە ململانێیەکە لە نێوان دوو بەرەدا: ئەوانەی عاشقی حیزبێکن و ئەوانەی ڕقیان لە حیزبێکی ترە. بەڵام گەورەترین و ترسناکترین حیزب کە ئێستا لە ناو کۆمەڵگادا بە بێدەنگی گەشە دەکات، حیزبی “بێئومێدەکانە”. دۆخەکە گەیشتووەتە شوێنێک کە هاوڵاتیان چیتر سندوقی دەنگدان وەک ئامرازی گۆڕانکاری نابینن، بەڵکو وەک تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی دووبارە سەیری دەکەن کە ئەنجامەکەی پێشوەختە نووسراوە.

مەسەلەکە ئەوە نییە خەڵک دیموکراسییان خۆش ناوێت، یان نەیانەوێت مافی دەنگدانیان هەبێت. کێشە قووڵەکە لەو بڕواکەوتووییە دایە کە دروست بووە؛ هاوڵاتیان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە تاڵەی کە گرنگ نییە کێ دەچێتە سەر کورسی، چونکە لە کۆتاییدا “کورسییەکە” کاراکتەرەکە دەگۆڕێت، نەک کاراکتەرەکە کورسییەکە. گەمەکە هێندە دووبارە و سواو بووە، کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە دەستپێکی قۆناغێکی نوێوە گۆڕاوە بۆ تەنها مامەڵەیەکی ڕێوشوێنی (Formal) بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی هەمان سیستمی کۆن.

مرۆڤ کاتێک دەنگ دەدات، گرەو لەسەر باشتربوونی ژیانی ڕۆژانەی دەکات—لەسەر نەخۆشخانەیەکی باشتر، پەروەردەیەکی بەهێزتر، و دادپەروەرییەکی زیاتر. بەڵام کاتێک ساڵان تێپەڕ دەبن و دەبینێت دەنگەکەی ئەو، تەنها شوێنی فڵان و فیسار لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەگۆڕێت بەبێ ئەوەی یەک تۆسقاڵ کوالیتی ژیانی بگۆڕێت، لێرەوە دیموکراسی دەست بە داڕمان دەکات. دیموکراسی لە ڕێگەی دەبابە و کودەتاوە نامرێت، بەڵکو لەو چرکەساتەدا دەمرێت کە هاوڵاتی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە “هەڵبژاردن هیچ شتێک ناگۆڕێت”. ئەم بێدەربەستی و ساردبوونەوەیە، گەورەترین شکستی دەسەڵاتە، چونکە حوکمڕانییەک کە نەتوانێت متمانە بە پڕۆسە یاساییەکانی خۆی دروست بکات، شەرعییەتی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست داوە، تەنانەت ئەگەر سندوقەکانیش پڕ بن لە دەنگ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *