شوان عبدالرحمن حارس
ئەم حوکمڕانییەی ئێمە لە داوێکی جاڵجاڵۆکەی گەورە دەچێت کە تیایدا یاسا و دادگاکان تەنها مێشوولە لاوازەکان دەگرن، بەڵام کاتێک مێشە گەورە و گەندەڵەکان دەگەن، داوەکە دەدڕێنن و پێ پێ دەکەن. نیشتمانێک کە لەسەر خوێنی پێشمەرگە بونیاد نرابێت، ئێستا بووە بە شانۆیەک کە تێیدا پێشمەرگەیەک بە زیندوویی دەچێتە ناو زیندانەکانی حیزب و دوای ٦٤ ڕۆژ، تەرمەکەی بە سارد و سڕی دەدرێتەوە بە دایکی. لە کاتێکدا دز و تاڵانچییەکانی داهاتی گشتی لەژێر سێبەری فەرماندە سەربازییەکاندا دەپارێزرێن و بە ئۆتۆمبێلی جامڕەشەوە بە شەقامەکاندا دەلوورێنن، تاقە هێزێک کە دەسەڵات لەم وڵاتەدا هەیبێت، تەنها بەسەر دیلە بێپەناکانی ناو زینداندا دەشکێتەوە.
ئەم ٦٤ ڕۆژەی بێدەنگی و ئەم تەرمە گەڕاوەیە، ڕووی ڕاستەقینەی ئەو دامەزراوە ئەمنییانەیە کە ناویان ناوە “پارێزەرانی نیشتمان”. لێرەدا، بەرگرییکردن لە خاک کاتێک بەهای هەیە کە ببیتە چەکداری بەر دەرگای بەرپرسێک؛ ئەگەر نا، مێژووی خەبات و ماندووبوونت بە فیشەکێک یان ئەشکەنجەیەکی ناو زیندانە تاریکەکان کۆتایی دێت. باوکی شەهیدێک، یان پێشمەرگەیەکی دێرین لەم هەرێمەدا دەبێت لە فەیسبووکێک یان ڕەخنەیەکی ناو بازاڕ زیاتر بترسێت وەک لەو دوژمنانەی کە ساڵانێک لە سەنگەردا ڕووبەڕوویان دەبووەوە، چونکە دوژمنی ناوخۆ دەمامکی “کوردایەتی” پۆشیوە و بە ناوی نەتەوەوە دەتباتە ژووری تاکەکەسی.
“هیچ ستەمکارییەک دڵڕەقانەتر نییە لەو ستەمکارییەی کە لەژێر قەڵغانی یاسا و بە ناوی دادپەروەرییەوە ئەنجام دەدرێت.”
بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، دادگاکانیان کردووە بە نووسینگەی حیزبی و لێکۆڵەرەکانیان کردووە بە جەلاد. ئەوان کاتێک کەسێک لە ژێر ئەشکەنجەدا دەکوژن، بەیاننامەیەکی فەرمی دەردەکەن و دەڵێن “جەڵتەی دڵ بووە”، وەک ئەوەی کۆمەڵگە عەقڵی لەدەستدابێت و نەزانێت کێ لێدانی دڵی ئەو گەنجانە دەوەستێنێت.
کێ بەرپرسیارە لەو خوێنەی لە ناو زیندانە نهێنییەکاندا دەڕژێت؟ کاتێک سەرۆکی حیزبەکان لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا باسی “مافی مرۆڤ” و “دیموکراسی” دەکەن بۆ میوانە بیانییەکانیان، دەبێت بزانن کە ڕوکاری مەڕمەڕینی کۆشکەکانیان ناتوانێت بۆنی گەنیوی ئەو تەرمانە بشارێتەوە کە لە ژێر زەمینەکاندا جێدەهێڵرێن. ئەم سیستمە سیاسییەی کوردستان کە لەسەر بنەمای ترس و سڕینەوەی جەستەیی بونیاد نراوە، متمانەی کۆمەڵگەی بە تەواوی تێکشکاندووە؛ چونکە کاتێک هاووڵاتی دەبینێت پێشمەرگەیەک لە پشت بەستن بە یاسا دەکوژرێت، تێدەگات کە لەم نیشتمانەدا هیچ کەسێک پارێزراو نییە، مەگەر ئەوەی بەشێک بێت لە تاقمی بکوژەکان.














Leave a Reply