دیمانەى تایبەت
بێرمینگهام– ژیانی ئەم پیاوە لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد. وەک هەزاران منداڵی تر لەو ناوچەیە، خەونی گەورەبوونی لە ناو خێزانێکی ساکار و خوێندن لە قوتابخانەکانی شارەکە هەبوو. بەڵام لە تەمەنی شەش ساڵیدا، کاتێک بەرەو قوتابخانە ڕۆیشت، نەیدەزانی کە ئەو ڕێگایە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت دەبێت.
ڕابەر ئەشرەف ئەو گەنجە پەنابەرى وڵاتى بەریتانیا کە ئێستا نیشتەجێى شارى بێرمینگهام , تا پۆلی نۆی ئامادەیی خوێندووە, بەڵام باری ماددی خراپی خێزانەکە هۆکار بووە بۆ بەردەوام نەبوونى. دەڵێت: “من دەمویست خوێندنم تەواو بکەم، بەڵام کاتێک دەبینیت باوکم تەنها ناتوانێت هەموو ئەرکەکانی خانوادە بەرێت بەڕێوە، پێویستە بڕیاری قورس بدەیت.”
لە ساڵى ٢٠١٨ دەبێت بە خاوەنى کارێکى نوێ بۆ یەکێک لە سەرکردە سیساسیەکانى کوردستان . ماوەیەکی سێ ساڵ بە دڵسۆزی و دروستی کاری کرد، بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئەم کارە دەبێتە هۆکاری هەڵاتنی ژیانەکەی.
بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١، هەواڵێک هاتە دەرەوە کە ژیانی هەموو ئەوانەی لەو ماڵە کاریان دەکرد گۆڕی بەجۆرێک گومانیان لە هەموان کرد.ئەو سەرکردە سیاسییە ژەهراوە کرابوو و بردرابووە نەخۆشخانەیەکی تایبەت. دوای ئەو ڕووداوە، فەرمانێک دەرچوو کە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکە کاریان دەکرد دەستبەسەر بکرێن.
“ئەو ڕۆژە من لە ماڵ نەبووم. لە بازاڕی شارەکە بووم، بەڵام کاتێک هێزەکانی ئەمنى هاتن بۆ دەستبەسەرکردنم، باوکیمیان گرت لە جیاتی من. هەڕەشەیان لە خێزانەکەم کرد کە ئەگەر من خۆم نەدەمە دەست، ئەوان زیاتر ئازار دەچێژن.”
ئەمە خاڵى گۆڕانکارى بوو لە ژیانى مندا و لێرەوە من بۆ هەتا هەتایە ژیانم تێک چوو بە جۆرێک ناچار بووم لە وڵات بێمە دەرەوە و ڕووداوەکانى نێوان ئەندامانى ئەو خێزانە زیاتر تەشەنەى کرد بە جۆرێک گومانەکان گەوەرتر بوون و دەرئەنجام ڕووداوەکانى بیست و دووی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ لێکەوتەوە، هێرشێکی چەکداری ئەنجام درا لە ناوچەی لالەزاڵ لە سلێمانی، کە تێیدا چەکی قورس و تەنانەت دەبابە بەکارهێنرا.
لاهور و ژمارەیەک لە شوێنکەوتووانی دەستبەسەر کران و بردران بۆ زیندان.
“من لەو کاتەوە زانیم کە هیچ کەس سەلامەت نییە. ئەوەی لەسەر بەرژەوەندی دەسەڵاتدارەکان بوەستێت، بێ دەنگ دەکرێت.”
لە دواى هەڵهاتنم و پەناهەندەیم لە وڵاتى بەریتانیا
ئێستا لە بێرمینگهام دەژیم، بەڵام یادی ئەو ڕۆژانە هەرگیز لەبیر ناچێت. دەڵێم: “من لێرە دەژیم، بەڵام هەموو شەوێک خەونی بە ئەو کەسانە دەبینم کە بێ سەروشوێن بوون. من ڕزگارم بوو، بەڵام ئەوان نەیانتوانی. ئەمە تاوانی من نییە، بەڵام بارگرانییەکەی لەسەر شانم زۆر قورسە .”
ڕابەر ئەشرەف, ئێستا هەوڵ دەدات ژیانێکی نوێ دروست بکات، بەڵام دەزانێت کە گەڕانەوە بۆ کوردستان مانای مەرگە. “من نەک تەنها لە دەسەڵات ڕادەکەم، بەڵکو لە سیستەمێک کە تێیدا تۆڵەکردنەوە و کوشتن ڕێگەپێدراوە.”
ڕابەر ئەشرەف لە کۆتایدا دەڵێت : “من تەنها کەسێک نیم لەم بارودۆخەدا. هەزاران کەسی تر هەن کە هەمان ترسیان هەیە، بەڵام دەنگیان نییە. من دەمەوێت دەنگیان بم.”
















Leave a Reply