“میدیایەکی بێویژدانم پێبدە، میللەتێکی بێئاگات پێدەدەم”
ڕێباز عەلى
ئەمەی سەرەوە قسەی وەزیرە بەناوبانگەکەی هیتلەر بوو، ئەو وەزیرەی هیتلەر هەموو دەسەڵاتێکی دابوو پێی و بە یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی مێژووی دەسەڵاتی نازییەکان دادەنرا، تەنانەت بووە سەرۆکی پارتی نازیش( بۆ ماوەی یەک رۆژ دوای مردنی هیتلەر)، ئەو وەزیرەش جۆزێف گۆبڵز بوو کە ماوەی ١٢ ساڵ وەزیری پڕوپاگەندەی نازییەکان بوو! وەک خۆی دەڵێت؛ “درۆ بکە، دۆ بکە، درۆ بکە تا باوەڕت پێدەکەن”.
قسەیەکی دیکەی بەناوبانگی وەزیرەکەی هیتلەر ئەوەیە کە دەڵێت، “ هەر چەندێک پارەم بدەیتێ، هەمووی لە میدیاکاندا خەرج دەکەم”، ئەمە رێک کتومت ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دووبارە بووەتەوە، پارتی و یەکێتی هەر یەکەیان جۆزێف گۆبڵزێکیان دروستکردووە و رۆژ تا ئێوارە بە پارەی میللەت درۆی گەورە گەورە دەکەن بە قورگی خەڵکدا و خەڵک چەواشە دەکەن، هەر چۆنێک بیانەوێت و بە چی شێوازێک پێیان خۆشبێت خەڵکی ئاڕاستە دەکەن، لە کۆتاییشدا تاکە ئامانجیان کۆکردنەوەی هێلکەی زیاترە بۆ سەبەتەی حزبەکانیان.
کەناڵە مۆرەکە و کەناڵە سوورە لۆکاڵییەکە بە زمانی خۆیان، خەرجیی مانگانەیان دەیان ملیۆن دۆلارە کە هەر بە پارەی دزراوی ئەم میللەتەیە، یەکیان بە هاژو هوژ و درۆی کۆمەک و چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک سەرقاڵی جوڵاندنی عەتفی خەڵک و کۆکردنەوەی دەنگە بۆ حزبەکەی، ئەوی دیکەشیان بە زمانێکی بازاڕی سەرقاڵی رەخنەگرتنە لە حکومەت و وا خۆیان نیشاندەدەن کە ئۆپۆزسیۆنن! ئاخر کاکە گیان ئێوە ٣٥ دانە ساڵە شەریکە دزی پارتین! ئێستا خێرە خۆتان کردووە بە ئۆپۆزسیۆن! ئەمە رێک سیفاتەکانی گۆبڵزە و ئێستا ئێوە بوونەتە نەوەی ئەو، ئاخر ئەویش دەیگوت؛ “تا درۆکە گەورەتر بێت، باوەڕپێکردنی ئاسانترە” بەڵام هەموومان دەزانین چارەنووسی گۆبڵزی باپیرە گەورەتان و دەسەڵات و حزبەکەشی چی لێ بەسەرهات! عومر باقی بێت دەیبینین دەسەڵاتی ئێوەش چۆن وەک نازییەکان دەڕوخێت!














Leave a Reply