هەڕێمی کوردستان سەرکردەی دەوێت .!

بینەر: (1.9K)

ئەمڕۆ لە کوردستان، ئێمە باسی دوو حزبی تازە دەرکەوتوو ناکەین. ئێمە باسی دوو ڕێکخراو دەکەین کە تەمەنیان لە تەمەنی زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە زیاترە، پارتی لە ١٩٤٦ـەوە دامەزراوە و یەکێتی لە ١٩٧٥ـەوە. بە کۆی تەمەنی هەردووکیان زیاتر لە سەدەیەکە لەسەر شانۆی سیاسین، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە هێشتا نەیانتوانیوە ببنە “چەترێکی نیشتمانی” بۆ هەموو خاکەکە. پارتی لە سلێمانی وەک “میوانێکی نامۆ” دەردەکەوێت و یەکێتیش لە بادینان وەک “هێزێکی دەرەکی” مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. 

ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەم هێزانە شکستیان هێناوە لە ئەدای سیاسیدا لە ئەدای سەرکردایەتیدا لە هونەری بەڕێوەبردن و بەرخوردکردن لەگەڵ خەڵکدا. کاتێک حزبێک دوای نیو سەدە هێشتا نەیتوانیوە زمانی دیالۆگ لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بدۆزێتەوە، مانای وایە لە بنەڕەتەوە خاوەنی بنەمایەکی هەڵەیە. واتە ستراتیژی کارکردنیان تەنها بۆ ڕازیکردنی لایەنگرانی خۆیانە و فەرامۆشکردنی زۆرینەی کۆمەڵگایە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە نەتوانن وەک سەرکردەی ڕاستەقینە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی تەواوی هاوڵاتیاندا بکەن. ئەم دۆخە دەرخەری بۆشاییەکی سیاسییە، ئەویش “نەبوونی سەرکردەی نیشتمانیـیە. کوردستان سەرکردەیەکی دەوێت کە خاوەنی دنیابینی و بەرنامەیەک بێت هەمووان لە خۆی کۆبکاتەوە، نەک تەنها دانیشتوانی گەڕەک و شارەکەی خۆی
ئەمڕۆ کوردستان لە هەموو کات زیاتر تینووی سەرکردەیەکی نیشتیمانییە. ئێمە زۆر سەرکردەی جەنگ و ململانێمان بینی، زۆر حزبمان بینی کە دابەشکارییان قوڵتر کردەوە. بەڵام ئەوەی لێمان ونە، سەرکردەیەکە، کە بتوانێت لە سەرووی ململانێی “زەرد و سەوز”ەوە بوەستێت. تا ئەو کاتەی سەرکردەیەک دەرنەکەوێت کە دان بەوەدا بنێت “هەموومان مرۆڤین و پێویستمان بە یەکترە” و ئامادە بێت قۆپچەی متمانە بدورێتەوە، ئێمە لە بازنەی داخراوی دوو زۆنیدا دەخولێینەوە و ناتوانین ببینە خاوەنی یەک نیشتمان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *