فەرەیدون ڕەسوڵ
ماوەی دوو مانگە دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێكردووە، كە 200 لیتر بە 104 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان، ئەمە لەکاتێکدا ئەم نەوتە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت کە بۆ هەربەرمیلێک تەنها 30 هەزار دینار وەرگیراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بە سێ هێندەو زیاتر نەوتەکە دەداتەوە بە هاوڵاتیانی خۆی، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا دابەشكردنەكە نەگەیشتۆتە ناو شارەكان.
ماوەی دوو مانگە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم دەستی بە دابەشكردنی نەوتی سپی كردووە، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 107 ملیۆن ليتر نەوتی سپی لە هەرێم دابەش کراوە، ئەمە لەکاتێکدایە وەرزی سەختی زستان دەستی پێکردوەو ناوچە شاخاوییەکان زیاتر لە سێ بەرمیل نەوتیان پێویستە کەچی حکومەت تەنها یەک بەرمیل نەوتیان پێ دەدات، ناوچەیەکی وەک حاجی ئۆمەران و پێنجوێن پێنج بۆ حەوت بەرمیلیان پێویستە کەچی حکومەت لەتەواوی ساڵدا تەنها یەک بەرمیل نەوتیان پێ دەدات.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تاکو ئێستا نزیکەی 537 هەزار خێزان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم نەوتیان وەرگرتووە، بەڵام لە سەنتەری شارە گەورەکان دابەش نەکراوە، کەچی بڕی 75 ملیۆن و 216 هەزار و 257 لیتری عەمباركراویان ماوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوو هەفتە ماوە بۆ وەرزی زستان و شەپۆلی سەرماش ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و بەهۆی خاوی دابەشكردنی نەوت نرخی نەوت لە بازاڕەكان بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک تا لەوەرزی سەرما نزیكتر دەبینەوە نرخی نەوتی سپی ماڵان بەرزتر دەبێتەوە و بەراورد بەساڵی ڕابردووش ئەمساڵ نرخەكەی بەرزترە.
ساڵی ڕابردوو نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە نزیكە ١٦٥ هەزار دینار، بەڵام ئەمساڵ تا نزیكەی ١٩٠ هەزار دینار بەرزبۆتەوە، دابەشكردنی نەوت كاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەكات، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی نەوتی دابەشكراو كاریگەرییەكەی كەمتر دەبێت لەسەر نەوتی بازاڕ، بەتایبەت ئیستا بەهۆی دۆخی كارەباوە هاووڵاتیان زیاتر نەوت بەكاردێنن و تائێستاش لەهەموو شوێنەكان نەوت دابەش نەكراوە.
گرانی نرخی نەوت لەلایەک، لەلایەکی تریش لەگەڵ هاتنی هەر شەپۆلێکی بەفرو باران کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی دەپچڕێت و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمتر دەبنەوە، جا وەرە هاوڵاتیان لەناو ئەم هەموو قەیرانەدا بژین.
















Leave a Reply