دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان، چەندان جووڵەی داعشمان لێرەولەوێ بینی، ئەگەرچی دەکرێت جووڵەکان لەم چرکەساتەدا وەک کردەوەیەکی شانە نوستووەکانی داعش هەژمار بکەین، بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت داعش پێشتریش هەر ناو بەناو ئەم جموجووڵانەی هەبووە، گومانی تێدا نییە ئێستە بە تایبەتی لە ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بەهۆی ئەو بۆشاییە تەناهییەی هەیە، ئەگەری گەڕانەوەی داعش یان با بڵێین خۆڕێکخستنەوەی زۆرە. بەڵام بابەتەکە تەنیا بۆشایی تەناهیی نییە، بەڵکوو ئێمە لە عێراق دەوڵەتی ڕاستەقینەمان نییە و ئەو سیستمەی ئێستە وەک دەوڵەت ناوی دەبرێت و ئیشەکانی ڕادەپەڕێنێت، لەلایەن کۆمەڵێک کوتلە و حزبی ئایدۆلۆجیی توندڕۆی سیاسییەوە ئیدارە دەدرێت کە خۆی ناتوانێت و ئەگەریش بتوانێت نایەوێت لەو دۆخە تێپەڕێت کە دۆخی سەرهەڵدانەوە و دووبارە ڕێکخستنەوەی داعش بەدی دێنن.
بۆ نموونە، گەندەڵیی هۆی دەرکەوتنی هەر جۆرە ڕەوتێکی ڕووخێنەری نوێیە، تەنیا بەسە وێنەی ئەو ستیان و دەرپێ زێڕینانەی گەندەڵکارانی ناو پەرلەمان و دەوڵەتانی پێشوو و ئێستەی عێراق بێنینە پێش چاو، یان ئەو دەیان ملیۆن دۆلار و ملیاران دینارانەی لە شوێنی سەیروسەمەرەی وەک توالێت و ژێرزەمین و بیر و… شارابوونەوە، لە حاڵێکدا بەشێکی زۆری وڵاتەكە بە نانێک تێرن و بە هەزاران برسی! با ئەوەیش بووەستێ ئەم گەندەڵکارە پۆشتە و باڵاپۆش و بۆینباخدارانە و هەڵبەت باوەڕمەندی تەواو بە ئەخلاق و یاسا! مووچەی خەڵکی کوردستانیان کردبوو بە کارتێکی سیاسی و بۆ تێکدانی هەرێم و ڕەشکردنەوەی پێوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات بە باشترین شێوە کەڵکیان لێ وەردەگرت و ئێستەیش ڕێبازەکەیان هەر بەردەوامە.
بۆشایی تەناهی و گەندەڵیی بێسنوور، تەنیا دوو لە هۆکارەکانن. دەکرێت شیعەگەرێتیی تۆخ وەک هۆی سێیەم ناو ببەین، ڕەنگە ئێستە هەندێک بڵێن شیعەگەرێتیی کۆمەڵێک دیسیپلین و بەهای ئەخلاقیی دژە گەندەڵی و دزیوفزی هەیە، چٶنچۆنی دەبێتە هۆکاری ئەمە؟
وەڵامەکە تەنزاوییە، زۆر بە باشیی ئەمە دەکات و هیچ کێشەیەکی باوەڕیشی لەگەڵدا نییە، چونکە لە بڕگە شەرعییەکانی ئەواندا وەک باڵە سوننەکانی ئیخوان و سەلەفیزمیش، هەر کاتێک بیانەوێت تەبسەر و مادەی زیادە پەسند دەکەن و بە بێباکی و بوێری و بەوپەڕێ باوەڕەوە جێبەجێی دەکەن، سپیکردنەوەی پارە و خزمەتکردنی باوەڕی شیعەگەرێتی یان سوننەگەرێتی بە ڕێگەی گەندەڵی، هیچ کێشەیەکی شەرعی تێدا نییە، چونکە ئەمە ماهییەتی هەموو سیستمە ئاینی و ئایدۆلۆجییە توندڕۆکانە کە لە ڕەقەڵانی بیری ئازاد و مرۆڤتەوەر و دژە دیموکراسیی ئەم جیۆگرافیادا باڵایان کردووە.
هۆکاری دیکە سوننەکانن. سوننەگەرێتی لە عێراق لە کاتی پشوودایە، هۆی سێیەم واتە شیعەگەرێتیی تۆخ بە پێشەنگایەتیی ئێران ڕق و قینی تۆڵەی سوننەکانی چەند قات کردووەتەوە، ئەوان ئێستەیش پێیان وایە غەدریان لێ کراوە و وەك پێویست لە سامان و دەسەڵاتی باهاوردووی ئەو وڵاتە پشکیان نییە، بۆیە خێڵە بەدەوی و نابەودەویی سوننەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هیچ کێشەیەکیان نییە داڵدەی هەر هێزێکی داعشی و تیرۆریست بدەن، دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراقیش دەریانخستووە هیچ کامیان نەیانتوانیوە چاو لە چاو ڕووبەڕووی ئەم دیاردە قووڵ و کاریگەرە کولتووری و ئاینییە ببنەوە و بەردەوام خۆیان لێ دزیوەتەوە. واتە کێشەکەیان بەشێوەیەکی ناوشیار ئینکاری کردووە، هیچ شتێک بە ئینکارکردن و داپۆشین لەناو نەچووە، بەڵکوو هەر گەڕاوەتەوە و دەگەڕێتەوە.
ئەمانە چوار هۆی سەرەکیی و بنەمایین بۆ ئەگەری دەرکەوتنەوەی تێکدەرانەی داعش. لە پاڵ ئەمانەدا دۆخی گشتیی کولتووریی عێراق و تەنانەت بەشێک لە فەزای کولتووریی ئاینی هەرێمیش، هەڵگری ئەوەن کە پێشوازیی لە داعش یان هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی توندڕۆ و تێکدەرانە بکات. خواستی بەهێزبوونەوەی سوننە لە عێراق، جگە لە بەعسیزم یەک جێگرەوەی دیکەی هەیە، ئەویش داعشە، شیعە بەهۆی سەلماندنی شایستەنەبوونیان لە دامەزراندنی حوکمڕانییەکی سەقامگیر و دادپەروەرانە، دنەی داون و داوەشینی کۆمەڵگەی عیراقیش خۆی زەوینەکە بۆ لەدایکبوونەوەیەکی دیکە دەڕەخسێنیت.
ئیتر با دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە، بەرژوەندیی کۆمپانیاکانی چەک و نەوت و سەرمایە، ململانێی سیاسی و ئەمنی و بیانووی ئاسایشیی وڵاتانی دەوروبەر…. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، بەڵێ دۆخەکە ئامادەیی ئەوەی تێدایە داعش دیسان سەرهەڵبداتەوە، چونکە کۆمەڵگاکە خۆی داعشویستە و دەوڵەتیش شتێکی ئەوتۆ نییە جگە لە سێبەری هەندێ ئیرادەی خێڵەکی و حزبیی کە لە ململانێیەکی بێئامانجدان.
لەبارەی کوردەوە دەشێت ئاگاداریی ئەم واقیعە بین و لە بیری نەکەین ئێمە هەر هاوپەیمان و دۆستمان هەیە کە دەزانن ئێمە جیاوازین لەو وڵاتانەی پێیانەوە لکاندووین، بۆیە ناکرێت کشانەوەی ئەمەریکا بە پشتتێکردن بخوێنینەوە، بەڵام لە ئەمەریکا و پشتیوانیی ڕۆژئاوا گرینگتر، ئیرادەی خۆمانە بۆ پاراستنی وڵات و دەسکەوتەکان و ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدانمان.
خاکی هیچ پارچەیەکی کوردستان نییە خوێنی ڕۆڵەی پارچەیەکی دیکەی تێدا نەڕێژرابێت و قوربانیی تێدا نەدرابێت، بۆیە کاتێک باسی کورد و داعش و عێراق و ناوچەکە دەکەم، کورد لە هەمبەر هەموو ئەم مەترسییانە بە هەر چوار پارچەکە و بە یەک نەتەوەی گەمارۆدراوی ناو ئەم بەڕبەڕیزم و یارییە قێزەونە دەکەم.
















Leave a Reply