لە دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتەكەی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڵمەتێكی بۆ داماڵینی چەك لە عێراق راگەیاند، بەتایبەتی چەكە پێشكەوتووەكانی میلیشیاكان، ئەو لە یەكەم سەردانی بۆ ئەمەریكا و دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە دووپاتی لەو هەڵمەتە كردەوە و دوا وادەی دیاری كرد، كە كۆتایی ئەم مانگەیە، ئێستەش جارێكی تر چووەتەوە ئەمەریكا و بە نیازی خستنەڕووی خشتەیەكی تری كاتییە بۆ داماڵینی چەك بە رەچاوكردنی پلانەكانی ئێران.
لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمەریكی، زەیدی باسی خشتەیەكی تری كاتی بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان دەكات، بە رەچاوكردنی ئەمەریكا و ئێران و ئەو شەڕ و ناكۆكییانەی لە نێوانیان هەیە، زەیدی پلانەكەی بە پێویست زانی، پێش دوو مانگ پلانێكی تری راگەیاند بەوەی 30ی ئەیلوول دوا وادەیە بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان، بەڵام ئێران و میلیشیا و هێزە سیاسییە شیعەكان رەتیان كردەوە، چەند پێشنیازێكی شوێنگرەوەیان خستە روو، لەوانە گۆڕینی هەڵمەتەكە بۆ رێكخستنەوەی چەك لە بری داماڵینی و دواخستنی پرۆسەكە بۆ دوای 30ی ئەیلوول و پێكهێنانی لیژنەیەكی دانوستانكار بۆ دواخستنی زیاتری هەڵمەتەكە، تا كار گەیشتە ئەوەی زەیدی بە ناچاری بڵێت، مەرجەكانی رێككەوتنی تایبەت بە دانانی خشتەی كاتی بۆ هەڵمەتەكە لە 30ی مانگ دێتە راگەیاندن.
بەپێی رۆژنامەكە سەرەتا ماوەیەكی كاتی 90 رۆژ دەبێت، لەو ماوەیە میلیشیاكان هیچ جۆرە هێرشێك ئەنجام نادەن، هاوكات گەرەنتیان پێ دەدرێت ئەمەریكا هێرشیان ناكاتە سەر، دوای ئەو ماوەیە پرۆسەی رادەستكردنی چەكی ئەوان دەست پێ دەكات، بەو پێیەی پرۆسەكە لە 30ی حوزەیرانی 2027 تەواو بێت، ئەوە لەوكاتەی میلیشیاكان هەوڵی درێژكردنەوەی ئەو وادەیە بۆ كۆتایی 2027 دەدەن، شەڕوانانی ئەو میلیشیایانە وەك تاك دەچنە سەر دەستەی حەشدی شەعبی و لە دوای وادەی كۆتاییش هەر میلیشیایەك بمێنێت بە یاساشكێن لە قەڵەم دەدرێت.
بەپێی سەرچاوە عێراقییەكان، لە كۆبوونەوەی یەكشەمی رابردووی زەیدی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێككەوتن لەسەر چەند خاڵێكی ئەو دۆسیە كراوە، زەیدی هەوڵ دەدات ئەمەریكا رازی بكات و لە كۆتایی ئەم مانگە رای بگەیەنێت، خاڵەكان بریتین لەوەی دوا وادەی داماڵینی چەك بۆ ناوەڕاستی 2027 دوا بخرێت، لەو ماوەیە بەڕێوەبەرایەتییەكی نوێ بۆ دەستەی حەشدی شەعبی زیاد دەكرێت تایبەت دەبێت بە وەرگرتنی چەكی میلیشیاكان و لە ژێر سەرپەرشتیی حكوومەتی عێراق، دانانی چەك لە سەرەتای 2027 دەست پێ دەكات و دەستەی حەشدی شەعبی ئەو چەكانە لێك جیا دەكاتەوە و شوێنی ئەمباركردن و میكانیزمی بەكارهێنانیان دیاری دەكات، ئەوەش لە بری رادەستكردنی راستەوخۆیان بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق.
لە خاڵەكانی تری رێككەوتنەكە، پارێزبەندی بە سەركردەی میلیشیاكان دەدرێت، واتە لە ناوخۆ و لە لایەن ئەمەریكاشەوە راوەدوو نانرێن و ناكرێنە ئامانج، مافی هاتنە ناو پرۆسەی سیاسی و بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتوو پێ دەبەخشرێت، ئەوەش دوای واژووكردنی بەڵێننامە كە ناگەڕێنەوە سەر چالاكیی سەربازی و چەكداری لە دەرەوەی دەوڵەت، یان پێكهێنانی گرووپی تری چەكداری سەر بە دەرەوە، كێشەی گەورەش ئەوەیە كە ئەو چەكانە و چۆنیەتی بەكارهێنانیان، بڕیاری بەكارهێنانیان لای حەشدی شەعبی دەمێنێتەوە، كە ئەمەریكا ئەوانە رەت دەكاتەوە.
لە ماوەی رابردوو، بەتایبەتی لە دوای سەردانی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغدا، لیژنەی دانوستانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و میلیشیاكان گەیشتنە رێككەوتن لەسەر خشتەیەكی كاتی تا كۆتایی 2027، بەڵام بێ گەرەنتیدان، واتە تەنیا میلیشیاكان بەڵێنی جێبەجێكردنی دەدەن، بەپێی رەشنووسی رێككەوتنەكە، چەكدارانی ئەو میلیشیایانە دەكرێنە چەند لیوایەكی حەشدی شەعبی و چەكەكانیان رادەست ناكەن، ئەو پرۆسەش لە 30ی ئەم مانگە دەست پێ دەكات و تا 31ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
دووەم قۆناغی پلانەكە لە سەرەتای 2027 دەست پێ دەكات و خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی توركیا لە خاكی عێراق دێتە دانان، كە دەبێت لە سەرەتای مانگی تەمووزی ساڵی داهاتوو كۆتایی بێت، سێیەم قۆناغ بە پێكهێنانی لیژنەیەكی چوارقۆڵی لە حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حكوومەت و میلیشیاكان بۆ چاودێریی جێبەجێكردنی یەكخستنەوەكە و كشانەوەی سوپای توركیا تا سەرەتای 2028 دەست پێ دەكات.
نوێنەری میلیشیاكان بە مەرج بەو پلانە رازی بوونە، ئەویش هەر كاتێك شەڕ لە دژی ئێران دەست پێ بكاتەوە یان هەڕەشە و مەترسیی لەناوبردن بكەوێتە سەریان، پابەندییان هەڵدەوەشێتەوە، كەسێكی ئاگەدار لە دانوستانەكان دەڵێت، لە بەرانبەردا میلیشیاكان لە كاتی جێبەجێكردنی پلانەكە پابەندی نەكردنەئامانجی كۆمپانیا بیانییەكان دەبن، ئەگەر هەیە رێككەوتنەكە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بێتە راگەیاندن.
















Leave a Reply