پسپۆرانی پەروەردە وانە زانستییەكانی ئەمساڵ بۆ تەمەنی قوتابی بە قورس دەزانن

بینەر: (12)

بۆ ئەمساڵ بەگوێرەی گۆڕانكارییە زانستییەكان و پێداویستییەكانی پەروەردە، گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكانی خوێندن كراوە، بەشێك لە چاودێرانی پەروەردە دەڵێن، هەندێك بابەت زۆر قورس كراوە و تێگەیشتنی بۆ تەمەنی قوتابی ئەستەمە.

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەگشتی 110 كتێبی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەكان گۆڕانكاریی تێدا كردووە.

ئەو گۆڕانكارییەش وایكردووە نزیكەی 19 ملیۆن كتێبی نوێی خوێندن چاپ بكرێن، لەمبارەیەوە هەورامان وریا قانع كە ئێستە مامۆستای خانەنشینە و تەمەنێك وەك پەروەردەكارێكی باش خزمەتی كردووە، گوتارێكی نووسیوە و تێیدا دەڵێت، بۆ ئەوەی ئاگاداری كتێبەكانی زانست بۆ هەمووانی قۆناغی یەك تا شەش بەتایبەتی و قۆناغی حەوت و نۆ بە گشتی ببم. ئەمڕۆ لە یەكێك پەراوگەكانی هەولێر، كتێبە تازەكەی زانست بۆ هەمووانی پۆلی شەشم بە چوار هەزار دینار كڕی. ئەوەی سەیرە ئەم كتێبە تازەیە، جارێ لە بەشێكی قوتابخانەكان دابەش نەكراوە و نەگەیشتووەتە دەست قوتابیان و مامۆستاكانی بابەتەكە، بەڵام لە بازاڕ و لای هەندێك لە كتێبفرۆشەكان و قرتاسییەكان دەست دەكەوێت.

هەورامان لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە گوتی، تا لاپەڕە 50ی كتێبەكەم سەیر كرد، واتە بەندی یەكەم، بەداخەوە ئەو 50 لاپەڕەیە كە باسی خانە و پێكهاتەكانی و دابەشبوونی خانە دەكات، زۆر قورس و ئاڵۆز كراوە و پڕە لە وردەكاریی كە لە ساڵانی پێشوودا نەبووە.

هەر بۆ نموونە لە باسی پێكهاتەی خانەدا، ئەم ئەندامۆچكانە زیاد كراون: ناوەپلازمەتۆڕ، دەزگای گۆڵجی، تەنۆچكەی شیكار، رایبۆسۆمەكان، ناوەندەتەنۆچكە، بۆڕیچكە وردەكان.

لە باسكردنی ناوكدا ئەم پێكهاتانەی ناوك زیاد كراون:

ناوكەبەرگ، ناوكەپلازم، ناوكۆكە، كڕۆماتین

لە بابەتی دابەشبوونی خانە و لە هەردوو كرداری دەزووە دابەشبوون و كەمە دابەشبووندا، وردەكاریی زۆر خراوەتەڕوو كە هەم بۆ مامۆستا و هەم بۆ قوتابی ئەو قۆناغە، قورسە و تێگەشتن لێی زەحمەتە. ئەمە با ئەو زمانە كوردییە خراپە لەوەلاوە بوەستێت كە كتێبەكەی پێ نووسراوە.

هەورامان دەڵێت، راستییەكەی ئەگەر مامۆستایەك خۆی پسپۆڕی زانست نەبێت و زانیاری باشی لەسەر ئەو بابەتانە نەبێت، قورسە بۆی بتوانێت كۆنترۆڵی بابەتەكە بكات و بە شێوەیەك بیڵێتەوە كە قوتابییەكانی تێبگەن.

ئەوەشی گوتووە، وانەی زانست بۆ هەمووان لەم قۆناغەی خوێندندا، ئەم هەموو قورسكردن و ئاڵۆزییەی بۆ چییە؟ لەبەرچی ئەم كتێبانەی زانست ئاوا بەو شێوەیە زەحمەت دەكەن؟ لەبری ئەوەی ئاسانتر و سادەتر و سووكتری بكەن، كەچی ساڵانە لە كاتی گۆڕینیدا، تابێت قورستر و ئاڵۆزتری دەكەن. ئەمە لە كاتێكدایە مامۆستایانی زانست، لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە، هیچ ئاگادار نین و هیچ راهێنانێكیان پێ نەكراوە.

هەورامان باسی لەوە كردووە كە مامۆستا دەڕواتە پۆلەوە و كتێبەكە دەكاتەوە، كۆمەڵێك بابەتی تازە دەبینێت كە پێشتر نەیبینیوە و هیچ زانیارییەكی لەسەر بابەتەكە تازەكە نییە، ئیتر چۆن و بە چ شێوەیەك لەوێدا بیڵێتەوە؟ وەك جارانیش سەرپەرشتیاری پسپۆڕیش نەماوە، تا بتوانێت لە كاتی سەردانەكانیدا، بە شێوەیەك لە شێوەكان روونكردنەوە لەسەر ئەو بابەتە تازانە بدات و بۆ مامۆستاكانی شەرح بكات.

نووسەر لە درێژەی گوتارەكەیدا دەڵێت، هەندێك قوتابخانە لەبەرئەوەی مامۆستای زانستی نییە، ئەوا ناچار ئەم كتێبە تازەیەی زانستی پۆلی شەش، دەدرێت بە مامۆستاكانی تر بیڵێنەوە. ئێ ئەوە كارەساتێكی گەورەیە، چونكە كتێبەكە بە جۆرێك قورس بووە، گوتنەوەی بۆ مامۆستای پسۆڕیش ئاسان نییە، چ جای ئەوەی مامۆستای كوردی یان وێنە یا كۆمەڵایەتی یا… بیڵێتەوە.

هەورامان نموونە لە كتێبەكە دەهێنێتەوە و دەڵێت، سەیری ئەم پەرەگرافەی لاپەڕە 14 بكەن چۆن نووسراوە: (گومانی تێدا نییە كە لەشی هەر زیندەوەرێك بە وردبین ببینرێت یان بە چاوی ئاسایی، بچووك بێت یان گەورە، لە یەكەی پێكهێنەری بچووك پێك دێت)، ئاوا جوانتر بوو: گومانی تێدا نییە، لەشی هەر زیندەوەرێك بچووك بێت یان گەورە، ئەگەر بە وردبین یان چاوی ئاسایی سەیر بكرێت، لە یەكەی پێكهاتەی بچووك پێك دێت.

لە لاپەڕە 16 لە باسكردنی دیواری خانە نووسراوە: (پێكهاتەكەی لە زیندەوەرێكەوە بۆ زیندەوەرێكی تر جیاوازە)، ئەم ڕستەیە بەو شێوە گشتگیرە هەڵەیەكی زانستی زەق و زۆپە، بۆچی؟ چونكە بۆ نموونە شێر و تیمساح و ئینسان و هەزاران گیانەوەر و باڵندە هەیە كە زیندەوەرن، بەڵام دیواری خانەیان نییە. دیواری خانە تایبەتە بە ڕووەك و یەكێكە لە جیاوازییە سەرەكییەكانی نێوان خانەی ڕووەك و گیانەوەر.

لە لاپەڕە 21 نووسراوە: (ناوك ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە خانەكەدا، چونكە هەموو فرمان و زیندەچالاكییەكانی خانەكە بەرزەفت دەكات لە ڕێگەی كڕۆمۆسۆمەكانی ناوی)، هەروەها لە لاپەڕە 26 نووسراوە: (ئەم بوهێڵانە بەرزەفتی هەموو چالاكییەكانی خانە و لەشی زیندەوەرەكە دەكەن)، ئەم بەرزەفتە زاراوەیەكی تازەیە و ئەمساڵ خراوەتە ناو كتێبەكەوە، بەڵام بۆ ئەو شوێنە گونجاو نییە و مانا و مەبەستی رستەكانی تێكداوە، دەكرا ئاوا بنووسرێت ناوك ڕۆڵێكی گرنگی لە خانەدا هەیە، چونكە لە ڕێگەی كرۆمۆسۆمەكانەوە، هەموو فرمان و زیندەچالاكییەكانی خانەكە كۆنترۆڵ دەكات. رستەكەی تریش ئاوا جوانتر بوو: ئەم بوهێڵانە كۆنترۆڵی هەموو چالاكییەكانی خانە و لەشی زیندەوەرەكە دەكەن.

هاوكات لەبارەی كتێبی خوێندنی كوردی پۆلی پێنجەم حوسێن لەتیف نووسیویەتی، كوردی ئەمساڵی پۆلی شەش شیعرێكیان بەناوی شاعیر دلاوەر قەرەداغی داناوە كە لە كتێبی كوردی پۆلی پێنجی ساڵی رابردوو هەمان شیعر بەناوی شێركۆ بێكەسیشەوە بڵاو كراوەتەوە.

“وشە” پێوەندیی بە پەیمان خواجە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

هاوكات لەبارەی وانە نوێیەكانی وەزارەتی پەروەردەوە، سیدۆ مۆرگان لەبارەی زیادكردنی وانەی شەترەنج دەڵێت، باشترین كارێك كردبێتیان ئەوەیە ئەو وانەیان زیاد كردووە، چونكە شەترەنج شتێكە دەبێت قوتابیی كورد فێر بكرێت و ئەوەش هاوكاری هزری دەكات وانەكانی تریشی بۆ ئاسان بێت، تەنانەت كاریگەری لەسەر بیركردنەوەشی دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *