26ی ئەیلوول رۆژی جیهانی نەهێشتنی چەكی ئەتۆمییە.. هێشتا دنیا لە مەترسیدایە؟

بینەر: (14)

لە كاتێكدا چەكی ئەتۆمی هێشتا یەكێكە لە گەورەترین هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی مرۆڤایەتی، ئەمڕۆ 26ی ئەیلوول لە دنیادا بە ڕۆژی جیهانی بۆ لەناوبردنی تەواوی چەكی ئەتۆمی دیاری كراوە، ئەو رۆژە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دووپاتكردنەوەی لەناوبردنی چەكی ئەتۆمی و زیادكردنی هۆشیاریی گشتی، لەبارەی مەترسییەكانی ئەم چەكانە دیاری كراوە.

كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە یەكەم بڕیارنامەی خۆی لە ساڵی 1946دا، بابەتی كۆنترۆڵكردنی وزەی ئەتۆمی و لەناوبردنی چەكی ئەتۆمی خستە ناو كارە سەرەكییەكانی خۆی، لە ساڵی 1959دا لەناوبردنی چەكی ئەتۆمی بەشێك بوو لە ئامانجی گشتی. لە كۆبوونەوەی تایبەتی كۆمەڵەی گشتی لە ساڵی 1978دا دووپات كرایەوە كە دەبێت ئەو چەكە لەناو ببرێت.

بەگوێرەی راپۆرتەكانی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان، خاڵی وەرچەرخان ساڵی 2013 بوو كە لە 26ی ئەیلوولی ئەو ساڵەدا، كۆمەڵەی گشتی یەكەم كۆبوونەوەیەكی باڵای لەبارەی ئەو چەكەوە كرد.

لە هەمان ساڵدا كۆمەڵەی گشتی بە بڕیارنامەی 68/32، 26ی ئەیلوولی وەك ڕۆژی جیهانی بۆ لەناوبردنی تەواوی چەكی ئەتۆمی دیاری كرد. ئەم ڕۆژە بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2014وە بەشێوەی ساڵانە یاد دەكرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، مەبەستی ئەم ڕۆژە تەنیا یادكردنەوەیەكی ڕەمزی نییە، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ زیادكردنی هۆشیاریی خەڵك و بەرپرسان لەبارەی مەترسیی چەكی ئەتۆمی و پێویستیی لەناوبردنی تەواوی ئەم چەكانە.

نەتەوە یەكگرتووەكان هیوادارە ئەم چالاكییە هۆكاری هاندانی هەوڵە نوێیە نێودەوڵەتییەكان بێت، بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشی دنیایەكی بێ چەكی ئەتۆمی.

لەگەڵ دەیان ساڵ هەوڵی دیپلۆماسی و پەیمانە نێودەوڵەتییەكان، نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، هێشتا چەندان چەكی ئەتۆمی لە دنیادا ماوەتەوە و ژمارەیەك لە وڵاتانی خاوەن ئەم چەكانە، پلانە درێژخایەنەكانیان بۆ نوێكردنەوەی ئەتۆمی بەردەوام دەكەن.

لە پەیامی ئەمساڵی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێش دەڵێت، مەترسیی كارەساتێكی ئەتۆمی بەشێوەیەكی بەرچاو هەستپێكراوە و زیادبوونی تەنگژە، بێ‌متمانەیی، پێشبڕكێی سەربازی و نوێكردنەوەی ئەتۆمییەكان بارودۆخەكەیان خراپتر كردووە.

گوتێرێش لە هەمان پەیامدا بانگەوازی گفتوگۆ و دیپلۆماسی و دابەزاندنی چەكی ئەتۆمی كردووە، داوای لە وڵاتانی خاوەن چەكی ئەتۆمی كردووە پابەندییەكانیان بەرانبەر نەهێشتنی چەكەكان جێبەجێ بكەن.

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، چەند پەیمانی گرنگ بۆ سنوورداركردن یان قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی و تاقیكردنەوەكانیان دروست بوون.

لەوانەیش پەیمانی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی (TPNW) كە لە حەوتی تەمووزی 2017 پەسند كرا و لە 22ی كانوونی دووەمی 2021 بووە جێبەجێكراو. بەپێی زانیاریی پەیمانەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، تا 25ی ئەیلوولی 2026، 96 وڵات واژوویان كردووە و 75 وڵات بوونەتە لایەنی پەیمانەكە.

لە هەمان كاتدا نەتەوە یەكگرتووەكان، هەوڵەكانی بۆ پاراستنی چوارچێوەی نێودەوڵەتیی كۆنترۆڵكردنی چەك بەردەوام دەكات.

ئەمساڵ چونكە 26ی ئەیلوول كەوتووەتە شەموو، كۆبوونەوەی باڵای كۆمەڵەی گشتیی بۆ یادكردنەوە و پەرەپێدانی ئەم ڕۆژە، لە 29ی ئەیلوول 2026 لە سەرۆكایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك بەڕێوە دەچێت.

26ی ئەیلوول لە نێوان ڕۆژە نێودەوڵەتییەكاندا تایبەتمەندییەكی گرنگی هەیە، چونكە بابەتەكەی ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە یەكێك لە گەورەترین پرسەكانی ئاسایشی دنیا و ژیانی مرۆڤەوە هەیە.

لە دیدی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، ئامانجی كۆتایی بریتییە لە لەناوبردنی تەواوی چەكی ئەتۆمی و دروستكردنی دنیایەكی بێ چەكی ئەتۆمی، بەڵام هێشتا هەبوونی چەكەكان و نوێكردنەوەیان و ئاڵۆزییەكانی سیستمی كۆنترۆڵكردنی چەك نیشان دەدەن كە گەیشتن بەو ئامانجە، پرۆسەیەكی درێژخایەن و دیپلۆماسییەكی بەردەوام دەخوازێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *