ڕۆژنامەیەكی لەندەنی بڵاوی كردووەتەوە، لێدوانەكانی سەرۆك بارزانی لەبارەی سروشتی هاوكێشەی سیاسی لە عێراق، لە كاتێكدا بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی لە نائامادەیی بەرەی سەدر و پارتی بە ناتەواو و ئیفلیج ناوبرد، پرسیاری لەبارەی هاوبەشایەتیی سیاسی و سنوور و توانای ئەو هێزانەی ئێستە لە دەسەڵات لە دروستكردنی هەڵوێستی عێراق هێناوەتە كایەوە.
ڕۆژنامەی “العرب”ی لهندهنی نووسیویەتی، لێدوانەكانی سەرۆك بارزانی كۆدەنگییەكی قسەلەسەكراو لە شانۆی سیاسیی عێراق نییە، كە زۆربەی لایەنەكان گفتوگۆیان لەسەر كردبێ و گەیشتبنە ئەو دەرئەنجامە، بەڵام ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕوانینی یەكێك لە هێزە سەرەكییەكانی وڵاتە بۆ سروشتی هاوسەنگی داواكراو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەو ڕوانینە گرنگییەكی زۆری لە عێراق هەیە، دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو لە تەنگژەیەكی سیاسی ڕزگاری بوو كە نزیكەی شەش مانگ دوای هەڵبژاردن، ئەوكات توانرا حكوومەتی نوێی بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی پێكبهێنرێت.
ئەمە ئاماژەیە كە پێكهێنانی حكوومەت سەرجەم توخمەكانی ناكۆكی كۆتایی پێ نەهێناوە، بەڵكو بەشێكی گواستووەتەوە بۆ ناو دامەزراوە سیاسییەكان، لە ڕێی دۆسیەكانی دابەشكردنی دەسەڵات و پێوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر و بەشداریی هێزە جیاجیاكان، لە دروستكردنی بڕیار و دۆسیەكانی تر كە ئەگەری زۆرە دووبارە ناكۆكیی لەسەریان سەرهەڵبداتەوە.
ئەو نائامادەییە بووەتە هۆی ڕێكخستنی هاوسەنگی هێز لە ناوماڵی شیعە، لەگەڵ بەهێزبوونی پێگەی هێزە ڕێكخراوەكان لە ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە بووەتە یاریكەرێكی ناوەندی بۆ پێكهێنانی حكوومەت و بەڕێوەبردنی پەرلەمان، بەڵام نائامادەیی سەدر كاریگەریی سیاسی و میلی ئەوی كۆتایی پێ نەهێناوە، ئەمە وایكردووە پرسی گەڕانەوەی بۆ ناو كاری سیاسی و بەردەوامی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی، تەوەرێكی كاریگەری سەرجەم گفتوگۆكان لەبارەی هاوسەنگییەكانی داهاتوو بێت.
لێرەوە قسەكانی سەرۆك بارزانی دەكرێ وا بخوێنرێنەوە كە جێگیریی پەرلەمان و كاركردنی مانای تەواوی نوێنەرایەتی سیاسی گەل نییە، زۆر لە هێزەكان لە ناو دامەزراوەكان دەتوانن ڕێ بە جێبەجێكردنی بڕیارەكان بدەن، بەڵام ناتوانن بە تەنیا بڕیارەكان یەكلا بكەنەوە، بێ ئەوەی سازانی سیاسی فراوانی لەسەر نەبێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی جیاوازە لە رەوتی سەدر، ئەوان لە ناو پەرلەمان و دامەزراوە سیاسییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ناكۆكییان لەسەر كۆمەڵێك دۆسیە لەگەڵ بەغدا هەیە، دیارترینیان پێوەندیی دارایی نێوان حكوومەتی بەغدا و هەرێم و سەرچاوەكانی نەوت و بودجە و دەسەڵاتەكانی فیدراڵی و هەرێمە.
لە ئەیلوول/سێپتێمبەر، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە میانەی دانیشتنی لەگەڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە گرنگییەوە باسی لە پەرەپێدانی گفتوگۆ لە نێوان هێزەكانی سیاسی و چارەسەری دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم بەگوێرەی دەستوور كرد، بەتایبەت كە كەناڵەكانی پێوەندیكردن لە نێوان هەردوولا كراوەن و ناكۆكییەكانیش ناكرێ ببێتە هۆی بایكۆتی سیاسی.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا لەبارەی ئامادەكردنی بودجە لە گفتوگۆدایە، دووپات لە پێویستی گەرەنتیكردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، داوای دوورخستنەوەی دۆسیەی مووچەخۆرانیش لە ناكۆكییە سیاسییەكان دەكات، ئەمەیش رەنگدانەوەی پێوەندی نێوان هەردوولایە كە هاوبەشایەتییە لە ناو دەوڵەتێكی فیدراڵی، بەردەوام ناكۆكی لەسەر دابەشكردنی داهات و دەسەڵاتەكان هەیە.
پرسیارێك كە هەڵوێستەكەی سەرۆك بارزانی لە دوای خۆیدا دروستی كردووە، پێوەست نییە بە گەڕانەوەی سەدرییەكان و پارتی بۆ حكوومەت، بەڵكو ئایا سیستمی سیاسی لە عێراق تا ئێستەیش پێویستی بە شێوازی هاوبەشایەتی فراوانە بۆ بەڕێوەبردنی ناكۆكییەكان.
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوە ڕوون بووەوە كە دوورخستنەوەی هێزە سیاسییە گەورەكان لە دامەزراوەكان، نابێتە هۆی كەمكردنەوەی كاریگەرییان لەسەر شەقام، هەروەها ناكۆكیی نێوان بەغدا و هەولێر بە خێرایی بۆ دۆسیەی بودجە و نەوت بۆ دۆسیەی سیاسی و تەناهیی فراوان دەگۆڕێن.
فراوانكردنی هاوبەشایەتی مانای ئەوە نییە بۆ شێوازی پێشوو بگەڕێنەوە، بەتایبەت كە نەخشەی سیاسی عێراق گۆڕاوە و قەبارەی حزبەكان و هەڵوێستەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت، هەروەها ئەو هێزانەی ئێستە لە دەسەڵاتن، وای دەبینن كە هاوكێشەی ئێستە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ڕێی زۆرینەی پەرلەمانی و هاوپەیمانییەكان لە توانایدایە بەردەوامی بە پرۆسەكە بدات.
لێرەوە گرنگی گفتوگۆ لە قۆناغی داهاتوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دۆسیە تەناهییەكان دەسەلمێنێت، بەتایبەت دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گواستنەوە بۆ چوارچێوەیەكی نوێ لە پێوەندی تەناهی لەگەڵ هێزە جیاجیاكان، ئەمەیش لە كاتێكدایە حكوومەت دووپات لە بەردەوامی گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان بۆ ڕادەستكردنی چەكەكانیان دەكات و سوورە لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
ئەوە مانای ئەوەیە بەغدا لە بەردەم زیاتر لە تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینەدایە، ئەوانیش بریتین لە پاراستنی یەكگرتوویی سیاسی و بەڕێوەبردنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، چارەسەری دۆسیەی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ هاوكێشە و قۆناغێكی نوێی تەناهی لە وڵات، دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان.
لێرەوە دەكرێ وا لە قسەكانی سەرۆك بارزانی بگەین، داوایەكە بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە شێوازی بەڕێوەبردنی فرەیی سیاسی، نەك پێویستی گەڕانەوەی تەواو بۆ هاوپەیمانییە سیاسییەكان، تا ئێستەیش عێراق پێوەستە بە ناچاری بە هاوسەنگی لە نێوان شیعە و كورد و سوننە دەسەڵات دابەش بكات، لە تەك پشتیوانی جەماوەری لە دەرەوەی دەسەڵاتی دامەزراوەكان، بۆیە هەر شێوازێكی حوكم لە تەك زۆرینەی پەرلەمانتاران، پێویستە توانای بەڕێوەبردنی كورتهێنان و ناتەواوییەكانیشی لە ناو دامەزراوەكان و گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان هەبێت.
















Leave a Reply