34 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی مووسا عەنتەر تێدەپەڕێت و بكوژانی هێشتا سزا نەدراون

بینەر: (1.2K)

ئەمڕۆ یادی 34ـەمین ساڵوەگەڕی تیرۆركردنی مووسا عەنتەرە، مووسا نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی كوردە كە تەمەنی خۆی بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلەكەی تەرخان كرد، لە ساڵی 1992 لە ئامەد تیرۆر كرا بێ ئەوەی تا ئێستەش بكەرانی دۆسیەكەی سزا درابن.

ئاپێ مووسا ئەگەرچی ساڵی لە دایكبوونی بە ڕوونی دیار نییە، بەڵام دوو ساڵ باس دەكرێت بە لە دایكبوونی یەكێكیان 1924ـە، ئەوەی تریان ساڵی 1920 كە لەو ساڵەدا لە نسێبینی باكوری كوردستان هاتبێتە دنیاوە.

لە كۆتایی بیستەكان خوێندنی سەرەتایی لە شاری مێردین تەواو كردووە و بۆ خوێندنی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی چووەتە شاری ئەدەنە، هەر لەو كاتەوەی خوێندكار بووە، جۆش و خرۆشی كوردایەتی لە بیر و هۆشدا جۆشی خواردووە، ئەمەشی نەشاردووەتەوە و بە ئاشكرا بە هاوڕێی و كەسە نزیكەكانی گوتووە.

هەر لەو سەروبەندەی كە ئاپێ مووسا خوێندكاری ئامادەیی بووە سەرهەڵدانی دێرسیم بە سەرۆكایەتیی سەید ڕەزا سەری هەڵداوە، ئەویش بە سەختی بەرگریی لەو سەرهەڵدانە دەكات و بە هەموو توانایەوە لەناو توێژی خوێندكارانی و كۆمەڵگە بەرگریی لە سەید ڕەزا و سەرهەڵدانەكەی دەكات، بەو هۆیەوە پۆلیسی دەوڵەتی تورك ماوەی چەند ڕۆژێك دەیگرن و دواتر ئازادی دەكەن.

ساڵی 1940 ئاپێ مووسا بۆ خوێندنی كۆلێژی یاسا دەچێتە ئیستانبوڵ، زانكۆ دەكاتە سەكۆی باسوخواسی نەتەوەكەی و بەردەوام لەگەڵ مامۆستا و خوێندكارەكانی هاوڕێی لە ناكۆكیدا دەبێت.

كاتێك وەرزی خوێندن لە زانكۆ كۆتایی دەهات، مووسا عەنتەر دەچووە ڕۆژئاوای نیشتمان، چونكە لەوێ لەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانییەكان نزیكایەتیی دروست كردبوو، لەگەڵ كەسایەتییەكانی جەلالەت بەدرخان و كامەران بەدرخان و جگەرخوێن و چەندان كەسایەتیی تری كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ئاشنایەتی هەبوو، كەوتبووە ژێر كاریگەریی ئەو كەسە نەتەوەییانە و تەواوەتی عەشقی كوردایەتی لە سەریدا جۆشی دەخوارد.

ئاپێ مووسا لە سەرەتای پەنجاكانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە نووسین بە كوردیی كرد، هەوڵی دا ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد بخاتە سەر پەڕەكان و بە دنیای بناسێنێت، چەندان جار گیرا، ئەشكەنجە درا و هەڕەشەی لێ كرا، ئەو وشەكانی هێندە كاریگەر بوون، دەوڵەتی تورك تەنانەت لە وشەكانیشی دەترسا.

لە ساڵی 1951 مووسا عەنتەر دەزگایەكی ڕاگەیاندنی ئازاد بەناوی (شارك مەجمواسی) دادەمەزرێنێت، لە ساڵی 1954 دەزگای ڕاگەیاندنی شارك پۆستاسی دروست كرد، لە ساڵی 1958 دەزگای ئیلێری یورتی دامەزراند كە لەو سێ دەزگا ڕاگەیاندنە بابەتی ئەدەبی و مێژوویی و فكری و زمانەوانیی بڵاو دەكردەوە.

1959 شیعرێك بە زمانی كوردی لە ئیلێری یورتی بڵاو دەكاتەوە و بەو هۆیەوە گیراوە، بەڵام گرتنی شەپۆلێكی ناڕەزایی گەلی كوردی لێ كەوتەوە، بەهۆی ئەو ناڕەزاییەی بەدوای گرتنی مووساوە هات، 50 ڕووناكبیری تری كوردیش گیران و دادگایی كران كە بە كەیسی 49 ناسرابوو.

لە ساڵی 1963 مووسا عەنتەر و 23 ڕووناكبیری تر دەستبەسەر كران و سزای سێ ساڵ گرتنیان بەسەردا سەپێنرا كە گوایە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردییان داوە، جارێكی تر لە ساڵی 1964 ئازاد كرایەوە، لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 1965 وەك كاندیدێكی سەربەخۆ لە ئامەد خۆی كاندید كرد.

ساڵی 1967 فەرهەنگێكی كوردی بەناوی (فەرهەنگا كوردی) بڵاو كردەوە، لە ساڵی 1970 وەك تۆمەتبارێكی دۆسیەی كۆشكی ڕۆژهەڵاتی فەرهەنگی شۆڕشگێڕ دادگایی كرایەوە، دوای ئازادكردنی دەچێتە گوندێكی سەربە شارۆچكەی نسێبین.

ڕۆژی 20ی ئەیلوولی 1992، لە گەڕەكی “سەیران تەپە”ی شاری ئامەدی باكوری كوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی سەربازیی توركیاوە (ژیتەم) تیرۆر كرا. سەرەڕای تێپەڕینی 34 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە ناخۆشەدا، هێشتا بكوژان و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە سزای دادپەروەرانەی خۆیان نەبینیوە.

یەكێك لە دیارترین و نەمرترین گوتەكانی مووسا عەنتەر كە تا ئێستەش لە یادەوەریی گەلی كورددا ماوەتەوە، دەڵێت: ئەگەر زمانی من بناغەی دەوڵەتەكەی تۆ دەهەژێنێت، مانای ئەوەیە دەوڵەتەكەت لەسەر خاكی من دروست كردووە”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *