نەبوونی پارەی كاش لە بانكەكان، ئەو كێشەیەیە كە عێراق ئێستە پێیەوە دەناڵێنێت، جگە لە هەنگاوەكانی ناوخۆ، عێراق بڕیاری داوە قەرز لە ئەمەریكا بكات و بۆ ئەو مەبەستەش یەكەم هەنگاو لە دەرگای گەنجینەی ئەمەریكا دەدات.
ئەمڕۆ دووشەم 10ـی ئاب، دكتۆر رێبوار خۆشناو شارەزای ئابووری، بە “وشە”ـی راگەیاند، قەیرانی نەمانی پارە لە بانكەكان لە عێراق بەردەوامی دەبێت، ئەمساڵ قورسترین ساڵە بۆ عێراقییەكان لە دوای داعش هاتبێتە رێگەیان.
زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق هەنگاوی كرداریی ناوە بۆ وەرگرتنی قەرزێك بە بڕی نزیكەی دوو ملیار دۆلار لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، هەرچەندە ئەوە چارەسەری سەرەكی نییە .
ئاماژەی بەوەش كرد، حكوومەتی عێراق یاسای قەرزی ڕەوانەی پەرلەمان كردووە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا كارەكانی پەسندكردنی ئەو یاسایە تەواو بكرێن.
لەبارەی هۆكاری پەنابردن بۆ ئەو قەرزە روونی كردەوە، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، وڵات ڕووبەڕووی كێشە و كورتهێنانی دارایی بووەتەوە، بۆیە ئێستە یەكێك لە چارەسەرە پێشنیازكراوەكانی حكوومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پەنابردنە بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی.
لە هەمان كاتدا لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باس لە دابەشكردنی مووچە لە هەر 45 ڕۆژ جارێك دەكەن. دووپاتیشی كردەوە كە دواكەوتنی مووچە بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە و مانای گۆڕینی مافی مانگانەی فەرمانبەر نییە.
محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕای گەیاند، لیژنەكەمان لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشنیازی كەمكردنەوە و دیاریكردن و ڕێكخستنی مووچەی سەرۆكایەتییەكان پەسند دەكات، ئەم هەنگاوە دەتوانێ متمانەی هاووڵاتی بگەڕێنێتەوە و هەست بە بوونی چاكسازییەكی ڕاستەقینە بكات.
دووپاتیشی كردەوە، دەبێت چاكسازی لە سەرۆكایەتییەكان و پلەباڵاكانەوە دەست پێ بكات، لە پلەی وەزیرەوە بۆ خوارەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی، پێش ئەوەی بچینە سەر فەرمانبەرانی تر، بە شێوەیەك كە دادپەروەری بهێنێتەدی.
خەفاجی ئەو دەنگۆیانەی بە دوور لە ڕاستی ناو برد كە باس لە دابەشكردنی مووچە هەر 45 ڕۆژ جارێك و دەڵێت، دواكەوتنی خەرجكردنی مووچە مانای ئەوە نییە كە مانگ بووەتە 45 ڕۆژ، بەڵكو تەنیا دواكەوتنێكە لە خەرجكردن بەهۆی دۆخی داراییەوە، فەرمانبەر هەر خاوەنی مافی مووچەكەیەتی بۆ 12 مانگی ساڵ و ناكرێت مووچەكانی لەوە كەمتر بێت.
ئاماژەی بەوەش كرد كە قەیرانی دارایی لە ئارادایە و لەوانەیە ببێتە هۆی دواكەوتنی مووچە، هەندێك فەرمانگە تا ئێستە مووچەی فەرمانبەرانیان وەرنەگرتووە بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی داراییەوە، بەڵام ئەمە مافی مانگانەی فەرمانبەر ناگۆڕێت.
شوان مەنسوور شارەزای ئابووری روونی دەكاتەوە، چارەسەری قەیرانەكە پێویستی بە یاسای نوێ نییە، بەڵكو پێویستی بە ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی لە داودەزگاكانی دەوڵەتدا هەیە. ئاماژەی بەوە دا كە بەهەدەردانێكی زۆر هەیە لە تەندەر و كڕینەكاندا، جگە لە دۆسیەكانی تر كە دەكرێت لە ڕێگەی یاسا و چاودێرییەوە چارەسەر بكرێن.
باسی لەوەش كرد، پێڕەوی دادپەروەرانەی مووچە، دەتوانێت بەشێك لە كێشەكە چارەسەر بكات، لەبەرئەوەی مووچەی زۆر كەم هەیە بەرانبەر مووچەی زۆر بەرز، بەدیهێنانی هاوسەنگی پێویستی بە پێداچوونەوە بە پێكهاتەی مووچە هەیە، چونكە بەرزكردنەوەی مووچە نزمەكان و هێشتنەوەی مووچە بەرزەكان، پارەیەكی زیادەی زۆری دەوێت.
















Leave a Reply