دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەم ڕای گەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ و شیش لە بازاڕەکانی کوردستان و عێراقدا، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی بیناسازی دروست کردووە.
پشتیوان حەمە سەعید، بەڕێوەبەری ناوچە و شارە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری “وشە” ئامادەی بوو، ڕای گەیاند، نرخی شیش و چیمەنتۆ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی عێراقدا بەرز بووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەواوی جووڵەی کەرتی بیناسازی هەبووە.
ئەو بەرپرسە ڕوونی کردەوە، نرخی یەک تەن سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو لەلایەن حكوومەتەوە لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 500 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ بە بڕی 40 هەزار دینار. بەم شێوەیە، نرخی چیمەنتۆی شل (بێ کیسە) لە 75 هەزارەوە بۆ 115 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی چیمەنتۆی کیسە لە 80 هەزارەوە بۆ 120 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
زیاتر گوتی، نرخی شیش بە ڕێژەی سەدا شەش (6%) بەرز بووەتەوە، لە 520 دۆلارەوە بۆ 550 دۆلار بۆ هەر تۆنێك. ئاماژەی بەوەیش دا کە کارگەکان لە ئێستەدا پێویستیان بە بڕێکی زۆر کارەبایە و نرخی یەک کیلۆوات سەعات کارەبا 125 دینارە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکان، ئاماژەی بەوە دا کە لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کێشەکەیان دروست کردووە، ڕوونیشی کردەوە کە کاریگەرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێویستیی کارگەکان بە بڕێکی زیاتری سووتەمەنی.
حەمە سەعید لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، لە هەرێمی کوردستان شەش کارگەی گەورەی چیمەنتۆ هەن و ڕێژەی سەدا 75ی بەرهەمەکانیان هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت، لە کاتێکدا کۆی گشتیی بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە 19 ملیۆن تەن.
















Leave a Reply