ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 پەسەند كرد و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كرد. هاوكات نووسراوی وەزارەتی دارایی بۆ ناردنی بودجە واژوو كرا.
بەپێی نووسراوێكی فەرمی كە واژووی فالح ساری، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری و وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە و ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی ئەیلوول بڵاو كراوەتەوە، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 ئاراستەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری لە 12ـیەمین دانیشتنی خۆیدا كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ئاگاداری رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بووە بۆ ساڵی دارایی 2027. ئاماژە بەوەش دراوە، رەشنووسەكە لەرێگەی نووسراوێكی وەزارەتی داراییەوە لە رێكەوتی 26ـی ئەیلوول بە شێوەیەكی كتوپڕ خراوەتە بەردەمیان.
دوای ئەوە دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران، بودجە بە فەرمی رادەستی پەرلەمانی عێراق دەكرێت بۆ پەسەند كردنی و پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق رای گەیاندبوو كە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتەكان و نوێنەری هەرێمی كوردستان ئەو رەشنووسە ئامادە كراوە.
















Leave a Reply