كێشەی دارایی عێراق چییە و چۆن چارەسەر دەبێت؟

بینەر: (1.5K)

لە دوای ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا و داخرانی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، عێراق یەكێك بوو لە زەرەرمەندترین وڵاتی ناوچەكە، چونكە زیاتر لە 90%ی بودجەی عێراق پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و زۆرینەی نەوتەكەی بە گەرووی هورمز هەناردە دەكات، بۆیە لە مانگی ئاداری رابردووەوە عێراق لە كێشەیەكی قووڵی داراییدایە، شارەزایان باسی هۆكار و چارەسەری كێشەكە دەكەن.

عەبدولرەحمان مەشهەدانی شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ دەڵێت، یەدەگی بیانیی بانكی ناوەندی تایبەت نییە بە چارەسەركردنی كەمیی سیولەی دارایی حكوومەت، بەڵكو ئامرازێكە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری لە رێگەی دابینكردنی پارە بۆ هەناردنی دەرەكی و پارێزگاریكردن لە سەقامگیری بازاڕ و كۆنترۆڵكردنی تێكڕای هەڵاوسان، بۆ ئەوەش بەشی ساڵێك دەكات.

روونی كردەوە، هەرچی تەنگژەی كەمیی سیولەیە وەك ئێستە، بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتە، كە سەرچاوەی سەرەكیی بودجەیە، وەك چارەسەری رەنگە حكوومەت ناچار بێت بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییە مانگانەكان بە دینار، پەنا بۆ قەرزكردن لە بانكی ناوەندی ببات، كە دەتوانێت تا مانگی ئەیلوول پارە بۆ حكوومەت دابین بكات، بەڵام بەردەوامبوونی تەنگژەكە لەوە زیاتر كاریگەریی دەخاتە سەر نرخ و تێكڕای هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە، واتە لە حاڵەتی بەردەوامبونی شەڕ و كەمبوونەوەی داهاتی نەوت.

سەبارەت بە چارەسەری تر مەشهەدانی گوتی، بژارەكانی بەردەم حكوومەت سنووردارن و بریتین لە بەرزكردنەوەی نرخی هەندێك لە خزمەتگوزارییەكان و رسووماتی باج و پاشەكەوتی مووچە و كەمكردنەوەی دەرماڵەكان، بەڵام ئەوانەش كاردانەوەی توڕەی جەماوەرییان لێ دەكەوێتەوە، بۆیە قەرزی دەرەكی باشترین بژارەیە بۆ حكوومەت بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەكە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *