سەرۆک و هەڵوێستەکانی

بینەر: (1.5K)

کورد بە درێژایی مێژووی تێکۆشان و خەبات، بەشبەحاڵی خۆی ڕێبەر و سەرکردەی هەبووە شیاوی ئەوە بن ڕیزی مەزنی کاریزمییان بۆ دابنرێت. ئەگەرچی بەشی زۆری شۆڕشەکانی ئێمە ناکام بوون و لە خوێندا گەوزان، بەڵام کردەوە و هەڵسوکەوتی هەرکامیان هۆکارێکی بەهێزن بۆ مانەوەی ڕێبازەکەیان لە زەینی نەوەکانی دواتردا. نموونەی دیار قازی محەمەد و شێخ سەعید و بارزانی نەمر و … چەندانی دیکەن. ئەم کاریزمیبوونە وایکردووە تەنانەت ئەدیبەکانیش نەتوانن لە گێڕانەوە و تۆمارکردنی چرکەساتە ئاسایی و گرنگەکانی ژیانی ئەو کەڵەپیاوانەی نەتەوەکەیان خۆ بدزنەوە، بۆیە دەبینی ڕۆمانی پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی، گێڕانەوەی کۆمارە ساواکەی کوردستان و ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بووە کە کوردستان لەو قۆناغەدا تێیدا ژیاوە، بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا پاڵەوانی سەرەکیی گێڕانەوەکە قازی محەمەدی پێشەوایە.

هەمان ئاوڕدانەوە لە ڕێبەرەکان لای نووسەرێکی وەک جان دۆست هەیە، دوو هەنگاو و سێدارەیەک، باسی ژیانی شێخ سەعید و دواساتەکانی بەرگری و بوێرییە. بێگومان ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت، ڕێبەرەکانی ئەم نەتەوەیە لەگەڵ ئەو بەرپرسیارییە قورسەی لەسەرشانیان و هەڵە و کەموکوڕییەکانیشیان، هیچیان لە ڕێبەرە دیارە گەورەکان کەمتر نەبوون و ئێمە دەبێت لەو تەڵزگەیە بێینە دەرەوە کە پیاوە گەورەکان تەنیا هی وڵاتان و نەتەوەکانی دیکەن، گرنگە لەم خۆخۆری و خۆنەبینییە دەرباز بین و سەرۆک و ڕێبەرانمان وەک خۆیان ببینین، باشییەکانیان بگێڕینەوە و بۆشاییەکانیش ڕەخنە بكەین و بەختەوەرانە هەرچی سەرکردەی کوردە باوەڕی بە ڕەخنە هەبووە، ئەمەیش جیاکەرەوەی کولتووری کراوەی کوردە لە هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە و هەموو ئەو بەناو سەرۆک و ڕێبەرانەی زۆرجار تەنیا سواری شەپۆلەکە بوون و مێژوو بۆی ڕەخساندوون، ئەگینا نە لە بوێری و کەرامەت شتێکیان تێدا بووە و نە ڕۆشنبیری و لووتبەرزیی شایستەی ڕێبەرێکی کاریزمییان هەبووە.

سەرۆک و ڕێبەرە کاریزمییەکان وەک لەسەرەوە تیشکم خستە سەری، تەنانەت لای نووسەرانی دیار و بیرجیاوازیش پێگەی خۆیان هەیە و کردەوەکانیان دەبن بە پێوەرێک بۆ هەڵوێستە گرینگ و چارەنووسسازەکانی مێژووی دواڕۆژی وڵات. نابێت جیاوازیی ئایدۆلۆجی یان ئەو ململانێ حزبی و سیاسییەی ئێستە کوردستانی گرتووەتەوە، وامان لێ بکات ڕەنج و ماندووبوونی سەرۆکەکان نەبینین.

خەیاڵپڵاوییە وابزانین سەرۆک و ڕێبەر ئەو کەسەیە کە لە کەشێکی ئەمین و تەرخانکراودا دانیشتووە و فەرمان دەردەکات و کۆمەڵێک کەسیش بە “بەڵێ گەورەم” وتەكانی جێبەجێی دەکەن! بەداخەوە ئەم تەسەورە نادروست و ساویلکانە بەرانبەر سەرۆکەکان هەیە، بەڵام سەرۆکەکان قورسایی ئەخلاقی و بەرپرسیارێنی مێژوویی دۆزێکی قورس و سەختیان لەسەرشانە کە ڕەنگە هەندێ جار بیریان کردبێتەوە، بریا منیش مرۆڤێکی ئاسایی بوام و بریا مێژوو ئەم ئەرکە قورسەی نەخستایەتە سەرشانم!

لەم ڕۆژانەدا گرتە ڤیدیۆیەکی سەرۆک بارزانیم بینی لە زانکۆیەکی دهۆک قسە دەکات، دیاربوو تۆمارێكی کۆنە و پێدەچێت هی قۆناغی دوای ڕاپەڕین بێت، لەوێ لەلایەن زانکۆوە پێشنیاری ئەوەی دەردرێتێ دکتۆرای فەخریی بدەنێ. هەلوێستی سەرۆک لەو کاتەدا ئاستی ڕووناکبیریی و ژیریی ئەو لە تێکەڵنەکردنی سنووری دەسەڵات و زانکۆ وەک یەکەیەکی سەربەخۆ کە ئەرکی بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفەیە، دەردەخات. سەرباری ئەوەی بە ڕێزەوە ئەو پێشنیارە ڕەت دەکاتەوە، زانکۆ وەک سیستمێکی سەربەخۆ و ڕەخنەگر لە هێز و دەسەڵات دەبینێت کە دەبێت سنوور و کەرامەتی خۆی سەرووتر لە هەموو پێگە و پلەیەکی سیاسیی ببینێت. بەدەر لەوەی چەندانجار سەرۆک خۆی وەک پاسەوانی دەرگای زانکۆکان ناو بردووە.

ئەم هەڵوێستە جوامیرانەیە تەنیا کاتێک مانا پەیدا دەکات بزانی سەرۆکی وڵاتانێکی وەک ڕووسیا، کۆریای باکور و تەنانەت هەندێک وڵاتی وەک ئەمەریکای لاتین، لەگەل ئەوەی دۆزی نەتەوەکەیان یەکالابووەتەوە، بەڵام هیچ کێشەیان نییە لەگەڵ ئەوەی دەست بەسەر هەموو دامەزراوە زانستی و سەربەخۆکاندا بگرن و وەک پاڵەوانی زانست و مەعریفە لەناو زانکۆکاندا بە نەوەکانی ئێستە و داهاتوو بیانناسێنن، بۆیە کاتێک سەرۆکێک پێشنیارێکی ئاوا ڕەت دەکاتەوە، لایەنە کاریزمییەکەی دەردەکەوێت بەوەی کە خۆی وەک پاڵەوانی مەزن نابینێت و ڕێک ئەمەیە تایبەتمەندیی پاڵەوانە ڕاستەقینەکان، خۆی وەک کەسێک کە دەبێت هەموو قەرزارباری بن، نابینێت، تەنیا وەک کەسێک کە لە ئاستی خۆیدا و بە ڕێچکەی خۆیدا هەوڵی داوە ئەرکەکانی بۆ مێژوو و نەتەوەکەی ڕاپەڕێنێت.

بەختەوەرانە ئێمە ئەو سەرۆکەمان هەیە و لە ژیاندا ماوە، هیوادارم ئەم هەڵوێست و تێڕوانینانە لە کرداردا لەلایەن داودەزگاکانەوە پێڕەو بکرێن و پیرۆزیی دوو بواری زانست و زانکۆ و سیاسەت و ڕێبەرایەتیی و خەبات، بە سەربەخۆ ڕابگرن، لەگەڵ ئەوەی دەبێت دانوستان و پێوەندیی بنیاتنەریان هەبێت. کەسێک ئەم بابەتە دەبینێت و پێوەندیی لەگەڵ دەگرێت کە لە دەرەوەی ململانێی بەرتەسکی حزبی و مقۆمقۆی شارچێتی لە بابەتەکە بڕوانێت.

ئەم کەسانە سەرمایەی ئەم مێژووەی ئێمەن کە بە خوێن سوور کراوە و پێویست ناکات بۆ ململانێ بەرتەسک و کورتماوەکان مێژوویەکی گەورە و حاشالێنەکراو، بشێوێنین.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *