زەیدی: هەوڵ دەدەین بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بگەیەنینە 10 ملیۆن بەرمیل

بینەر: (1.7K)

ئێستە عێراق بە دۆخێكی زۆر خراپی دارایی تێپەڕ دەبێت و بەهۆی ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمزەوە، هەناردنی نەوتەكەی تووشی كێشە بووە و كەم بووەتەوە، ئەو بە دوای دەروازەی تری هەناردن دەگەڕێت بۆ ئاساییكردنەوەی هەناردنی رۆژانەی نەوتەكەی، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە فڕەنسا رای گەیاند كە هەوڵ دەدەن بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بگەیننە 10 ملیۆن بەرمیل.

بەپێی راگەیاندنێكی نووسینگەكەی، زەیدی لە شوێنی مانەوەی لە پاریس پێشوازی لە سەرۆك و نوێنەرانی گەورە كۆمپانیاكانی فڕەنسا كرد، باسی هەلی بەشداریكردنی ئەوان و ئامادەبوونیان لە عێراق كرد، زەیدی باسی نەخشەی وەبەرهێنانی لە بوارەكانی ئابووری و وزە و پیشەسازی و ژێرخان و پیشەسازی دەرمان و هێڵی ئاسنین كرد.

زەیدی سەرنجی خستە سەر دوو بابەتی گرنگ، ئەوانیش پڕۆژەی ستراتیجی رێگەی پەرەپێدان، بەهۆی گرنگییەكەی بۆ عێراق و ناوچەكە و دنیا، هەروەها كەرتی نەوتی عێراق، رای گەیاند كە هەوڵ دەدەن بەرهەمهێنانی نەوت لە 4.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بگەیننە 10 ملیۆن بەرمیل، جیا لە زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز و كانزاكانی تریش، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فڕەنسا لەسەر خۆسازدان بۆ سازكردنی كۆنگرەی بەغدا- پاریس لە بەغدا رێك كەوتن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *