دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ٢٠١٥ بە شێوازێکی مەترسیدارتر!

بینەر: (10.1K)

ئەنداز خالید احمد

داخستنی دەرگای پەرلەمانی کوردستان سیناریۆیەکی نامۆ نییە بۆ خەڵکی هەرێم؛ لە ساڵی ٢٠١٥دا بینیمان کە چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) بە تەنها هێزی خۆی و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کرد بگەڕێتەوە هەولێر و دەرگای ئەو دامەزراوەیەی کلیل دا. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، زۆر لە قەیرانەکەی ٢٠١٥ مەترسیدارتر و قووڵترە؛ چونکە ئەمجارە قفڵدان لە ژیانی سیاسی و دەرگای پەرلەمان، بەرهەمی ناکۆکی و ململانێی توندی نێوان هەردوو هێزە دەسەڵاتدارەکەیە (پارتی و یەکێتی) لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، پۆست، و داهاتی کۆمپانیاکانیان.

لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ەوە، پەرلەمان تەنها بۆ یەک دانیشتنی کورت دەرگاکانی کردەوە و پاشان کەوتە ناو بێدەنگییەکی کوشندەوە. ئەم داخستنە لە کاتێکدایە کە هەرێم لەوپەڕی قەیرانی ئابووری، نەبوونی مووچە، و هەڕەشەکانی بەغدایە. بەڵام بۆ پارتی و یەکێتی، کردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت پەیوەندی بە خزمەتکردنی خەڵکەوە نییە، بەڵکو گرێدراوە بە دانوستانەکانیانەوە؛ بۆ نموونە کێ دەبێتە وەزیری ناوخۆ، یان کێ پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا وەردەگرێت. تەنانەت هەندێک لایەن ڕاشکاوانە باسی ئەوە دەکەن کە پێکهێنانی حکومەت و وەگەڕخستنەوەی پەرلەمان دوادەخەن بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تەنها بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت وەک کارتێکی گوشار لەسەر یەکتر ! لەم نێوەندەشدا، پەرلەمانتاران بێ ئەوەی یەک یاسا دەربکەن، مانگانە مووچە خەیاڵییەکانیان وەردەگرن !

ئەوەی جیاوازیی ئەم داخستنەی ئێستایە لەگەڵ ساڵی ٢٠١٥ ئەوەیە: ئەوکات پارتی بڕیاردەری تاکەکەسی بوو، بەڵام ئێستا هەردوو حیزبەکە مەرج بۆ یەکتر دادەنێن و ئامادەن دامەزراوەکانی دەوڵەت بە تەواوی پەکبخەن تەنها بۆ ئەوەی “قۆڵی یەکتر بادەن”. باشە ئەگەر ململانێی حیزبی بگاتە ئەو ئاستەی کە دەزگای یاسادانانی وڵات بێکار بکات، ئیتر چ پاساوێک بۆ بوونی ئەم حوکمڕانییە هەیە؟ ئاخر کام مەنتق قبوڵی دەکات گەلێک بچێتە سەر سندووقی دەنگدان، بەڵام دەنگەکانیان لە ژوورە داخراوەکانی حیزبدا بکرێتە قوربانیی پشکی کۆمپانیاکان؟

پێموایە “ماڵێک کە لە ناوخۆیدا دابەش بووبێت، ناتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت.” ئەمڕۆ ماڵی کورد نەک هەر دابەش بووە، بەڵکو خاوەنەکانی (پارتی و یەکێتی) خەریکی ڕووخاندنی پایەکانیشن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا.

دیموکراسی لەم وڵاتەدا گیانی لەدەست دا، کە پەرلەمان بووە ژووری چاوەڕوانی بۆ ڕێککەوتنی دوو بنەماڵە. تا ئەو کاتەی قفڵی دەرگای پەرلەمان لە گیرفانی بەرپرسە حیزبییەکاندا بێت و یاسا لە بارەگاکانەوە بنووسرێتەوە، ئەم هەرێمە نەک هەر حکومەتێکی نوێ بەخۆیەوە نابینێت، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو داڕمانی سیاسی و کۆمیدیایەکی ڕەش هەنگاو دەنێت!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *