قەیرانی بەنزین لە زۆربەی شارەكانی عێراق سەری هەڵداوە، لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین دابەشكردنی بەنزین كرایە تاك و جووت، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارانی كورد داوا دەكەن نەوتەكەش رادەست بكەین و بەغدا بەنزینمان بۆ بنێرێت.
قەرەباڵغییەكی زۆری ئۆتۆمبێل لە بەردەم وێستگەكانی دابەشكردنی سووتەمەنی لە شاری بەغدا و شارەكانی تری عێراق دەبینرێت، بەشێكی زۆری بەنزینخانەكان نرخی بەنزینیان گران كردووە، ئەو بڕەی حكوومەتیش بەنرخی پاڵپشتی كراو دەیدات بەش ناكات.
لە عێراق بەگشتی سێ جۆر بەنزین هەن، نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر، نۆرماڵ حكوومەت بەنرخی پاڵپشتیكراو دەیدات و ئەوانی تر بازرگانین لە دەرەوە دێن، یان ئەو كەرەستانەی بەنزینەكەی پێ دروست دەكرێت لە دەرەوە دێن، بۆیە كەم بوونەتەوە و گرانیش بوون.
بەپێی بەدواداچوونی میدیایی ئەو نرخەی حكوومەتی رای دەگەیەنێت، راست نییە و بەنزین نییە و زۆر لە وێستگەكان داخراون. ئێستە بەنزینی موحەسەن نییە و سوپەریش نییە، ئەگەریش هەبن گرانترن لەو نرخەی حكوومەت رای گەیاندووە.
بەپرسانی عێراق دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، “قەیرانی بەنزین” دروست بووە، چونكە خواست لەسەری زۆر زیاتر بووە.
پێشتریش گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە لە دابینكردنی بەنزین، پێنج ملیۆن لیتر بەنزین كورتهێنانیان هەیە و عێراق خۆی ڕۆژانە پێویستیی بە 35 لیتر بەنزین هەیە.
پەرلەمانتارانی پارتی پێشتر ئاماژەیان بەوە دابوو ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتەكەشی رادەست بكات، بەغدا توانای ئەوەی نییە بەنرخی پاڵپشتیكراو بەنزین بۆ هەرێم بنێرێت، وەزیری نەوتیش ئەو قسەیەی بە پەرلەمانتاران گوتبوو.
بەڵام ئەوەی سەیرە بەرپرسانی حكوومەت و پەرلەمانتارانی عێراق خۆیان دەڵێن، قەیرانی بەنزین لە عێراقدا هەیە و توانای كۆنترۆڵكردنی نییە، كەچی پەرلەمانتارانی كورد كە بڕیاریان داوە دژی هەرێم بن، دەڵێن بەغدا كێشەی بەنزینی كوردستان چارەسەر دەكات، بۆیە با نەوتەكەشمان رادەست بكەین.
















Leave a Reply