ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەکی عەقڵانی و لۆجیکی لەو سەردێڕە ڕابمێنین، دەبێت بپرسین چ شتگەلێک دەبنە هۆی ئەوەی جیاوازیی لە نێوان دوو یان چەند گرووپ، دەستە، کۆمەڵگە و دواجار نەتەوەدا، دروست ببن؟ ئایا ئەم جیاوازییانە سروشتین؟ واتە ئێمە تەنیا بەهۆی ماکە سروشتی و زگماکییەکانی وەک زمان، بۆماوەیی، جیۆگرافیا و ژینگە لێک جیاواز دەبین؟ گرینگتر لەمانەیش، پرسیاری تر ئەوەیە، ئایا هەر دەبێت جیاواز بین لە یەکتر؟ دەمەوێت لێرەدا و پێوەست بە هەڵسووکەوت و جیاوازیی لە کردەی پاکوخاوێنیی ناو کورد و عەرەبدا بەراوردێک بکەم.
بێگومان بەشێک لە جیاوازییەکانی نەتەوەکان لە چوارچێوەی زمان و خەیاڵدانی زمانی و بە گشتی کولتووری مێژوویییاندا خۆی پێشان دەدات، ئەم جیاوازییانە تەنیا جیاوازیی نین لەبەر جیاوازبوون و لێکهەڵاواردن، بەڵکوو پێدراوێکی سروشتی و خواکردە بۆ ڕەنگاڵەبوون و فرەیی لە جیهاندا کە ئەو پەیامە فەلسەفییەی لە پشتە و یەک ڕەنگ و یەک دەنگ، هیچ جوانی و سیحر و نەمرییەکی نییە لە بووندا. بەپێی ئەم فەلسەفەیە هیچ زمان و نەتەوە و کولتوورێک سەرووتر و باڵادەستتر نییە لەویتر لە جەوهەردا، بەڵکوو هەر زمان و کولتوورێک دەشێت لە گەشەیەکی مێژووییدا و بەهۆی دەسەڵات و هێزی ڕەق و نەرمەوە خۆی زیاتر بووژاندبێتەوە.
مێژوو پێشانی داوە زۆرینەی زمان و کولتوورە پێشکەوتووەکان بەهۆی نەبوونی ئەو فەزیلەت و بەرگرییە پێویستە مرۆیی و جیهانگیرییەوە لە ستەم و خوێنمژی و دیکتاتۆرییەت، گلاون، نموونەی ئیمپراتۆریەتی بابل و فیرعەونەکانی میسر پێویستی بە بەڵگەهێنانەوە نییە. واتە کاتێک پێشکەوتنی زمان و کولتوور و ماکە سروشتییەکان بە دەسەڵاتی ستەمکارانەوە گلا، ئەو کولتوورە بەهەر کرۆک و مەکینەیەکی مەعنەویشەوە بووبێت، هەر تووشی ڕزان و گەندەڵی دەبێت و دواجار دادەڕمێت.
لەم ڕوانگەیەوە کولتوور و زمان و نەتەوەکان بۆ گەشەپێدانی یەکتر دەتوانن ڕۆڵی کارا بگێڕن و مرۆڤ لە فەرهەنگێکی جیهانگیریی گشتیدا بە نێونجیی زانست و فەلسەفە، واتە بەڵگە و عەقڵ، لێک نزیک بکەونەوە. ئایا ئەم هەوڵە دراوە؟ بەڵێ دراوە، ئەنجامەکەی چی بووە؟ بەداخەوە بێ هیواکەرە. زانست و فەلسەفەی مۆدیڕن لە ڕۆژئاوا گەیشتنە ترۆپکێکی شارستانییەتساز و جیهانیبوون، بەڵام بۆ زمان و نەتەوە و کولتوررەکانی دەوروبەری ئێمە، جگە لە ئامرازی ڕەق و وەحشییەت، هیچیتری بەدواوە نەبوو. کوا پەیامەکانی فەلسەفەی ڕۆشنگەری و مونتسکیۆ و کانت و…؟ بۆچی هەر دەبێت لایەنی ئامرازیانەی ئەو پێشکەوتنە کە خۆی لە چەک و کەرەستەدا بینییەوە، وەربگیرێت و کوردیش بکرێتە قۆچی قوربانیی ئەم بەرکەوتنە لارەی مێژوو!
لەم هاوکێشەیەدا دەردەکەوێت بۆشایی و نوقسانی گەورە هەیە، مۆدێڕنینە بە چەک و فەلسەفەیەکی بژاردەکراوەوە لەلایەن عەرەب و فارس و تورکەوە، لۆکاڵیزە دەکرێت، واتە لە هەر کوێ لەگەڵ خەونە بچووک و خەیاڵە داپڵۆسێنەرەکانیان یەکی نەگرتەوە، دەیقرتێنن! ئەم کورتەی بەرکەوتنی مێژووی ئوستوورە-ئاینی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ زانست-فەلسەفەی ڕٶژئاوایە، بەڵام قەیرانەکە هەر لێرەدا نییە، بەڵکوو ئەگەر تۆزێک ڕابمێنین تێدەگەین نیگای ئەم کولتوورانەی ڕۆژهەڵات ناتوانن زانست وەک کولتووریکی گشتی و فەلسەفە وەک عەقڵێکی مرۆیی جیهانگیر وەربگرن، لای ئەمان زانست دابەش دەبێت بە ئیلحادی و ئیلاهی/ نیشتمانی و دژە نیشتمانی و فەلسەفەیش هەر بە هەمانشێوە.
واتە بەرهەمهێنانەوەی مێژوویەکی دێرینی بەسەرچوو بە دەمامکێکی نوێ و ڕازاوەی سەردەمیانەوە. ئەمە ئیتر پێوەندیی نێوان زمان و نەتەوەکان لە ئاستێکی یەکساندا ناهێڵێتەوە و هەرکێ بەهێزتر بوو، ئەویتر پاکتاو دەکات و سەدەی 20 پێشانی دا نەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیۆگرافیای ئێمە، بەڵکوو کۆی جیهان بەم یاسا دڕ و دارستانییە ئیش دەکات، بەڵام ئەوەی پێوەستە بە جیۆگرافیاکەی منەوە، بۆم گرینگە. لێرەدا جیاوازیی نابێتە هۆی ڕەنگاڵەیی و دەوڵەمەندی، بەڵکوو دەبێت بە بیانوویەک بۆ کوشتن و سڕینەوە. مرۆڤبوون ئیتر پێوەر نییە، بەڵکوو وەک ئەویتر مرۆڤبوون پێوەرە و کاتێک دەسەڵات و هێزیش بێتە ناوەوە، ئیتر جگە لە ئەنفال، هەڵەبجە، چی دەخولقێت؟.
مێژووی ئێمە و عەرەب نەک تەنیا مێژوویەکی خوێناوییە، بەڵکوو پڕە لە بەرهەمهێنانی خەیاڵدان و ئارەزووی کوردکوشتن لەلایەن عەرەبەوە. ئەوان ڕاستە چەندان وڵاتن و بەهۆی ئاینی ئیسلامەوە هەژموونیان هەیە، بەڵام خەریکن جۆرێک داڕزان و پووکانەوەی کولتووریش ئەزموون دەکەن. عەرەب بەو هەموو وڵات و سامانەوە جگە لە نەوت و عەگال و هەندێک دەنگی ئەدەبی و فکریی مامناوەند یان بەرز، چیتری هەیە بۆ جیهاندا؟ بابەتەکە ڕەتکردنەوەی توانا و دەرکەوتە شایستەکانی ئەوان نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە بەرانبەر هەل و دەرفەتەکانیان ئەوپەڕی لاواز و شکستخواردوون. ئەگەر ئەو ئاینی ئیسلامە نەبوایە، جگە لە نەوت و مۆڵ و سەیارە و دیسکۆ، چیتر بە خەیاڵی جیهاندا دێت؟
کولتووری عەرەب بەشێوەیەکی ڕێژەیی تەنانەت نەیتوانیوە حوکمە بەرز و باشەکانی ئیسلامیش جێبەجێ بکات، لێرەوە جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان ئێمە و ئەوان دەست پێ دەکەن. نموونەی پاکوخاوێنی لە سەردەمی ئێستەدا لە وڵاتێکی وەک عێراق و ئێراندا ببینین و بەراوردی بکەین، ئێمە بەدەر لە کولتووری گشتیی کوردانەمان، ئەو شتە باشەی لە ئیسلامیشدا دراوە بە گوێماندا کە پاکوخاوێنیی لە باوەڕەوە، بەڵام ئایا عەرەب هێندەی کورد یان نەتەوەکانی دیکە ئەم دەقەی بەجێ هێناوە؟
با چاو لە کولتوور و هەڵسوکەوتی ئەو عەرەبانە بکەین کە بەناوی گەشتیاری و بە ژێستی خۆ بەخاوەنماڵزانین دێنە کوردستان، تا ئێستە دەیان ڤیدیۆیان بڵاو بووەتەوە کە نەک تەنیا پاکوخاوێنیی شار و شوێنە گشتییەکان ناپارێزن، بەڵکوو زبڵ و خاشاک و پاشماوەکانیشیان دەپژێنن. هەر ئەمەیش نا، تەنانەت لە هەندێ شوێنی گشتیدا دادەنیشن میز و پیسایی دەکەن! ئاخر لە کوێی دنیادا ئەم بیاباننشینییە باوی ماوە؟ یان دەیانەویت هەموو دنیا بکەم بە بیابان و لمی بێ گیان و ڕۆح!
بێگومان ئەم بابەتەی پاکوخاوێنیی شتێکی ڕێژەییە، بەڵام من لە کولتوورمدا وا فێر کراوم کە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، ئەگەریش لە شوێنێک کەمتەرخەمیم کردبێت، ئەوا بۆ کەسایەتیی خۆم گەڕاوەتەوە نەک بۆ ئامۆژگاریی و فێرکارییە خێزانی و کولتوورییەکان. هیوادارم لە دانوستان و تەعامولمان لەگەڵ ئەم کولتوورە ناتەندروست و شێواوەدا، وشیار بین.
















Leave a Reply