ئایا بەغدایەکی دەستووری دەبێتە دەستکەوت بۆ هەولێر؟

بینەر: (1.3K)

پێوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، لە هەر وەرچەرخانێکی سیاسیی عێراقدا، دەبێتەوە ڕۆژەڤی سەرەکی، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی تەنیا لەبارەی جۆری پێوەندییە کارگێڕییەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەگەڵ دەسەڵاتێکی بەهێزی ناوەنددا هاوبەشییەکی سەقامگیر پێکبهێنێت، بێ ئەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو دووبارە ببنەوە؟.

چەمکی “بەغدای بەهێز” بۆ ڕای گشتیی کورد هەمیشە جێی دڵەڕاوکێ بووە، لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا، بەهێزبوونی ناوەند زۆرجار هاوتا بووە لەگەڵ زیادبوونی گوشار لەسەر کوردستان، لەبەرئەوە پێویستە کورد بە دیدێکی واقیعبینانە و پشتبەستن بە ئەزموونی مێژوویی بڕوانێتە دروشمە سیاسییەکان.

لە سەردەمی شۆڕشەکانی بارزاندا، کاتێک دەسەڵاتی بەغدا بە پاڵپشتیی هێزە دەرەکییەکان (وەک بەریتانیا) هەستی بە بەهێزی دەکرد، ڕەفتاری بەرانبەر کوردستان لەسەر بنەمای سەرکوتکردن دەبوو، بەڵام کاتێک لاواز دەبوو، پەنای بۆ گفتوگۆ و سازش دەبرد، ئەم هاوکێشەیە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولیشدا دووبارە بووەوە، لاوازیی بەغدا دروشمی “برایەتیی کورد و عەرەب”ی دەهێنایە پێشەوە و بەهێزبوونیشی کۆتایی بە پەیماننامەکان دەهێنا. ئەم مێژووە وایکردووە کورد بەهێزیی ناوەند تەنیا بە ژمارەی چەک و توانای ئابووری هەڵنەسەنگێنێت، بەڵکو بە شێوازی بەکارهێنانی ئەو هێزە بیپێوێت.

قۆناغی دوای 2003، پێویستیی گۆڕینی هاوکێشەکە

چوارچێوەی سیاسیی دوای 2003 و پەسندکردنی دەستوور لە 2005، بنەمایەکی نوێیان بۆ سیستمێکی فیدراڵی داڕشت. دەبوو لەم قۆناغەدا مافەکانی كوردستان لەبری هێزی سەربازی، بە یاسا و دەستوور بێنە پاراستن، بەڵام تا ئێستەیش پرسە جەوهەرییەکانی وەک ناوچە جێناکۆکەکان، یاسای نەوت و گاز، شایستە داراییەکان و پێوەندییەكان، بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە کێشەکان لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە چارەسەر بکات، بەڵام ئەنجامەکان لە ئاستی چاوەڕوانییدا نەبوون. کاتێک بودجە و مووچەی هەرێم دەکرێنە کارتی گوشار، پرسەکە لە بابەتی دارایی دەردەچێت و دەبێتە کێشەیەکی سیاسیی قووڵ.

مەترسی لە بەهێزیی ناوەند نییە، لە پابەند نەبوونییەتی

جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە نێوان ترس لە “بەغدایەکی بەهێز” و ترس لە “بەغدایەکی پابەندنەبوون بە دەستوور”. کوردستان پێویستی بە عێراقێکی بەهێز هەیە تێیدا دامەزراوەکان سەروەر بن، سنوورەکان پارێزراو بن و ئابووری گەشە بکات. بەغدایەکی بەهێز، بەگوێرەی دەستوور دەتوانێت ببێتە پاڵپشتی کوردستان، بەڵام ئەگەر بەهێزبوونی ناوەند لەسەر حسابی لاوازکردنی هەرێم بێت، دڵەڕاوکێ مێژووییەکان سەر هەڵدەدەنەوە.

ئەرکەکانی هەولێر و بەغدا

● ئەرکی هەولێر: پێویستی بە سیاسەتێکی نەگۆڕ و ڕوون هەیە کە تەنیا لە کاتی قەیرانەکاندا چالاک نەبێت، پاراستنی پرەنسیپە دەستوورییەکان، هێشتنەوەی دەرگا ی گفتوگۆ و بەهێزکردنی یەکڕیزیی ناوخۆیی لەسەر پرسە نیشتمانییەکان، مەرجی سەرەکین بۆ پاراستنی پێگەی هەرێم لە بەغدا.

● ئەرکی بەغدا: دەبێت لەوە بگات مێژووی پێوەندییەکان پڕن لە برین، عێراقی نوێ بە سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرەملێ بەهێز نابێت، بەڵکو بە هاوبەشیی ڕاستەقینە بنیات دەنرێت. بەغدایەک مافەکانی هەرێم بپارێزێت و متمانە دروست بکات، بەڵام پشتگوێخستنی دەستوور لە کاتی بەهێزبووندا، هەمان هەڵە مێژووییەکان دووبارە دەکاتەوە.

بۆیە لە کۆتاییدا پرسیار ئەوە نییە ئایا بەغدا بەهێز بێت یا لاواز؟ بەڵکو ئەوەیە ئەم بەهێزییە لەپێناو چیدا بەکار دێت؟ ئەگەر بۆ پاراستنی یاسا، دەستوور و هاوبەشی بێت، لە بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقیەکاندایە، بەڵام ئەگەر بۆ پەراوێزخستنی هەولێر بێت، مێژوو دەیسەلمێنێت هێزی سەربازی و گوشاری ئابووری ناتوانن ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام بهێننە ئاراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *