سەرکۆ سلێمان حسین
دەهۆڵی سەرکەوتن لە هەموو بارەگاکانەوە لێ دەدرێت و هەموو سەرکردەیەک خۆی بە براوەی یەکەم دەناسێنێت، بەڵام کاتێک هاوڵاتی دەچێتە بەردەم دەرگای حکومەت و پەرلەمان، تەنها قفڵێکی گەورە و بۆشاییەکی کوشندە دەبینێت. لەم پارچە بچووکەی زەویدا کە ناویان ناوە نیشتمان، هەموو حیزبێک تاجی پاشایەتیی خستووەتە سەر سەری خۆی، کەچی هیچ کامیان ناتوانن یەک کورسیی دەسەڵاتی ڕاستەقینە بۆ خزمەتی خەڵک دروست بکەن. ڕێک وەک شانۆگەرییەکی کۆمیدیی ڕەش، ئەوانەی تا دوێنێ بانگەشەی یەکڕیزییان دەکرد، ئەمڕۆ خەریکی کێشانی هێڵی سنووریی سەردەمی شەڕی ناوخۆن، بۆ ئەوەی هەرێمێک دابەش بکەن کە خۆی لەسەر نەخشەی جیهان بەزەحمەت دەبینرێت. خەباتی دەیان ساڵە و ڕژانی ئەو هەموو خوێنە، لە کۆتاییدا لەسەر مێزی بەشبەشێنەدا گۆڕا بۆ قەیرانی دروستکردنی دوو حکومەتی ئیفلیج لە یەک جوگرافیای بچووکدا.
ئەنتۆنیۆ گرامشی، بیرمەندی ئیتاڵی، لە وەسفی قەیرانە گەورەکاندا دەڵێت: “جیهانی کۆن خەریکە دەمرێت و جیهانی نوێش توانای لەدایکبوونی نییە؛ ڕێک لەم بۆشاییەشدایە کە دڕندەکان دەردەکەون.” ئەمە وەسفێکی تەواوە بۆ مۆدێلی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتی؛ ئەوان نە دەتوانن وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن پێکەوە حوکم بکەن، نە ئامادەشن دەستبەرداری ئیمتیازاتەکانیان ببن. ڕێک وەک سیستەمی تائیفیی لوبنان کە تێیدا پێکهێنانی حکومەت ساڵانێک دەخایەنێت چونکە سەرکردەکان خەریکی بەشبەشێنەی تاڵانین، یان وەک مۆدێلی دوو ئیدارەیی لە لیبیا کە هەریەکەیان بانگەشەی شەرعییەت دەکات و وڵاتەکەش بەرەو وێرانە دەبات، لە کوردستانیش سیاسەت بووەتە یارییەکی “سفر-سفر” (Zero-sum game). گەڕانەوە بۆ خەونی دوو ئیدارەیی دوای دەیان ساڵ لە کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم نوخبەیە دەوڵەت دروست ناکەن، بەڵکو تەنها موقەتەعاتی خێزانی و بازرگانیی میلیشیایی بەڕێوە دەبەن.
ئەم ململانێیە لەسەر کورسییەکان، گەورەترین سووکایەتییە بە هۆشیاری و ئارەقەی ئەو میللەتەی کە هێشتا باجی قەیرانەکان دەدات. ئەگەر هەمووتان براوەن و زۆرینەتان هەیە، ئەی بۆچی ناتوانن بۆ یەک ڕۆژیش بێت پەرلەمانێک بخەنە کار کە وەڵامدەرەوەی کێشەکانی شەقام بێت؟ ئەو سوپا زەبەلاحە لە چەکدار و ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە گوللەنەبڕە کاریان چییە، ئەگەر نەتوانن لە یەک پایتەختدا بەبێ دروستکردنی گرژی پێکەوە دابنیشن؟ کاتێک ئێوە خەریکی دابەشکردنی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی قاچاخن لە ژوورە تاریکەکاندا، گەنجی ئەم وڵاتە لە بێکاریدا دەپوکێتەوە و کارمەندیش لە چاوەڕوانیی مووچەدا پیر دەبێت. ئایا جێگای شەرمەزاری نییە کە دوای چارەکە سەدەیەک لە ئیدیعای بونیادنانی دەوڵەت، هێشتا گەورەترین پڕۆژەی سیاسیی ئێوە پارچەپارچەکردنی هەرێمێک بێت بۆ دوو زۆنی قۆرخکراو، تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانن داهاتی گەندەڵییەکانتان لە یەک سندووقدا کۆبکەنەوە؟
ئەی ئەو دەنگدەر و گەنجانەی کە کراونەتە سووتەمەنیی ئەم یارییە بێمانایە، و ئەی ئەو کارمەندانەی کە ژیانتان لە نێوان بەرداشی ململانێی ئەم حیزبانەدا ورد دەکرێت؛ باوەڕ بەو دەهۆڵی سەرکەوتن و لێدوانە ئاگرینانەیان مەکەن. ئەو دەسەڵاتەی ناتوانێت یەک حکومەتی یەکگرتوو پێکبهێنێت و بەردەوام پەنا بۆ هەڕەشەی دوو ئیدارەیی دەبات، لە لوتکەی هێزدا نییە، بەڵکو لەوپەڕی لاوازی و ترسدایە لە لەدەستدانی قۆرخکارییەکانی، و هەموو ڕۆژێک لە یەکگرتوویی و هۆشیاریی ئێوە دەترسێت. ئەمەی دەیبینن پرۆسەی دیموکراسی و یاریی پەرلەمانی نییە؛ ئەمە تەنها ڕێککەوتنی مافیاکانە لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی لاشەی نیشتمانێک، کە تا خاوەنە ڕاستەقینەکانی بێدەنگ بن، ئەوان لە دڕاندنی بەردەوام دەبن!
یاریی تەخت و تاجە وەهمییەکان

بینەر:
(1.6K)















Leave a Reply