ڕامانێک لەسەر پلانی کولتووری و داگیرکاری

بینەر: (6)

مێژووی لەدایکبوونی دەوڵەت- نەتەوەکان پێمان دەڵێت بنەمای نەتەوە، کولتوور بە مانا گشتییەکەیەتی، لەم ڕوانگەیەوە کولتوور تەنیا کۆمەڵێک داونەریت، ڕیچواڵی هونەری و ئاینی و یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ئەو جومگە بنەواییەیە کە هەموو کیان و بوونی نەتەوەی لەسەری دانراوە. ئەم ڕوانگەیە هەرگیز بەو مانایە نییە ئێمە بخوازین ڕۆڵی سیاسەت کاڵ بکەینەوە و کورد و دۆزەکەی بخەینە ناو پارادایم و هاوکێشەیەکی مێژوویی کولتوورییەوە، نەخێر، بە هیچ شێوەیەک، بگرە ئەمە خواستی ئەو وڵاتانەیە کە کوردستانیان داگیر کردووە و حەز دەکەن هەر وەک کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتیی بمێنێتەوە، ئەوەیش لە ڕێگەی پێدانی هەندێ مافی کولتووری وەک زمان، چالاکیی هونەری و هتد.

بۆ ئەوەی باسەکەی خۆم لەسەر کولتوور لەگەڵ ئەم پلانە مناڵخەڵەتێنەی زلهێز و داگیرکەرانی کوردستاندا جیا بکەمەوە، هەندێ ئاماژەی گشتیی دەخەمە ڕوو. مەبەستم لە کولتوور، مانایەکی ئامرازیانەی هەیە نەک ئامانجتەوەرانە، گومان لەوەدا نییە کولتوور بە نیسبەت ناسنامەی نەتەوەوە خۆی لە خۆیدا ئامانج و جەوهەرە، چونکە خۆئاگایی و خۆپێناسەکردنی نەتەوەی پێوە گرێدراوە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستەماندا کولتوور ناکرێت ئامانج بێت یان دروستتر ئەوەیە بڵێین ناکرێت هەر تەنیا وەک ئامانج چاوی لێ بکرێت، بەڵکوو دەبێت وەک ئامرازێکی ئامانجدار، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و هەڕەشە لەسەر، ببینرێت.

لێرەدا کولتوور هەم لە خۆگری ناسنامە و کیانی مێژوویی دەبێت و هەمیش هەڵگری خواست و مەیلێکی ڕەوا بۆ بەدیهێنانی پێکهاتەیەکی سیاسی و دەسەڵاتی ئاراستەکردن. مێژووی نەتەوەکان و هەموو بەندوباو و کاکڵە کولتوورییەکانیان تەنیا جوانی نواندن و سەربوردەی کوڕەکەچەڵ و کچە پاشا نییە، بەڵکوو لە دووتوێی ئەم ناوەرۆکانەدا پێکهاتەی دەسەڵات و بوونی سیستمێکی سەرەتایی لە هێز و دەسەڵاتی خۆجێیی، هەمیشە ئامادە بووە. بێگومان لەناو کوردیشدا هەر بە هەمانشێوەیە. کولتوور بۆیە لەخۆگری سیاسەت و هەڵگری خەبات و خەونێک بۆ دامەزراندنی کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ دەبێت، چونکە ئەم کولتوورە وەک مەکینەی هەناسەدانی ئەو ئۆتۆمبێلە ئیش دەکات کە هەر کات هەستی بە هەناسەتەنگی کرد، هەوڵ دەدات دەنگ هەڵبڕێت یان لەو ئەگەرانەی کە لە پێکهاتەیدا دانراون، کەڵک وەربگرێت.

لەم ڕوانگەیەوە کولتوور هەم ئامانج و جەوهەرە و هەمیش ئامراز و میكاننیزم بۆ دامەزراندنی کیانێکی سیاسیی بەهێز و سەربەخۆ بە مەبەستی پاراستنی بوونەکەی کە لەژێر هەڕەشەدایە. باوەڕم وایە کولتوور لەم قۆناغەدا بۆ ئێمەی کورد تەواو بایەخی سیاسی هەیە و کولتووری ئێمە بەر لەوەی هیچ ئاوەڵناوێک لە خۆی هەڵپێکێت، بە پلەی نایاب سیاسەت پێوەست دەکات بە خۆیەوە و ئێستە لەگەڵ سیاسەت و خەونەکانی یەکە.

دەتوانین ئەم دیمەن و دۆخە لە نیگارێکی ڕوونتردا بنەخشێنین، کولتووری کوردی بە مانا گشتییەکەی هێندە لەلایەن سیاسەتی داگیرکەرەوە بەرنامە و ئەجێندای دەرخوارد دراوە و پیلانی بۆ داڕێژراوە و لێی دراوە، هێندە کەوتوونەتەوە بۆسەیەوە کە ئێستە ئیتر ئەم کولتوورە تەنیا پێکهاتێکی کۆمەڵایەتیی ئارام و ناچالاک و بۆنەیی نییە، بەڵکوو ئاڵاهەڵکەری سیاسەت و خەونی سیاسییە. ئەمە بە مانای داماڵینی سەربەخۆیی کولتوور نییە، بەڵکوو بە مانای کراوەیی و بزۆزی کولتوورە بۆ چالاکی و ڕمبازێن لەناو سیاسەت و درەوشانەوەی بە مەبەستی بەدیهێنانی خەونی سیاسی یان هاوشانبوون و یاریدەدەریی لەگەڵ جومگەی ڕامیاری، بۆ بەدیهێنانی خەونێکی گەورە کە هەم کیان و بوونی ئەم بۆ هەمیشە بپارێزێت و هەمیش هەل و زەوینەی گەشانەوەی زیاتری بۆ بڕەخسێنیت. ئەم مانا کۆمەڵایەتی و کراوەیەی کولتوورە ئێستە کورد تێیدا دەژی.

خوێندنەوەی داگیرکەر لەم دۆخە و پلانە ستراتیجیستەکانیان کە پشتی بەم خوێندنەوەیە بەستووە، دەیەوێت کولتوور تەنیا لە قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕێچواڵتەوەرانە و بۆنەییدا کورت بکاتەوە، دەیەوێت بڵێت بەڵێ ئەو زمانەتان هەیە ئەگەرچی خۆجێیی و ناوچەییە و هیچ بە کاری جیهانی سەردەم نایەت، بەڵام با لە فێرکاریشدا هەبێت، ئەوا هەڵپەڕکێ و کۆمەڵێک داونەریتی کۆنتان هەیە کە زۆر بە کەڵکی جیهانی سەردەم نایەت، بەڵام لەبەر دڵی ئێوە و بڕوای ئێمە بە ئازادی و کرانەوە، چش با هەبێت و ئازاد هەڵپەڕن! ڕاستییەكەی ئەم ڕستانە تەرجەمەی ناڕاستەوخۆی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستانە.

نموونەی هەرە دیاری ئەمە کە هێشتا لە گەڕایە، دۆخی ڕۆژئاوایە، سیستمی خۆبەڕێوەبەری لەناو سیستمی سیاسیی دیمەشقدا توایەوە و “خەونی ڕزگاریی هەموو جیهان و برایەتیی گەلان” /کارم بەم تێزە نالۆجیکی و مردووەوە نییە، ڕەخنەم لەوە دادەنێم بۆ کاتێکی دیکە/ لە چەند شار و ناوچەدا بە چەند بەرپرسی سەربازی کورت کرایەوە کە ڕۆژانە لەلایەن دەسگێڕ و سەرۆک هێزی عەرەب و بایباننشینانی ئەو دەڤەرەوە عەرشە خۆنەگرتووەکەیان دەلەرزێت! ئەمە ئەو پلانە کولتوورییەیە کە داگیرکەر بۆ کوردی پێناسە کردووە.

جیاوازیدانان لە نێوان کولتوور وەک پردی ڕزگاریی و دامەزراندنی کیانی سەربەخۆ و سیاسیبوونی کولتوور و کولتوور وەک ژەمێک بۆ تێربوون و خەولێکەوتن و… جیاوازییەکی زۆر جەوهەرییە و دەبێت هەمیشە لە پێش چاومان بێت. کولتوورێک کە تەنیا لە چوارچێوەی ئاخاوتن و چاپکردنی چەند کتێب و دروشمدا بمێنێتەوە، هەمان ئەو ڕزگارییە کۆیلەکارانە لێکدژەیە کە داگیرکەر پێناسەی کردووە و کولتوورێکیش کە سیاسەتی وەک ئەرکێکی مێژوویی هەڵگرتووە و دەیهێنێتەوە ناو هەست و نەستی کۆمەڵگە و یاریی سیاسی و مێژووییەوە، ئەوە جومگەیەکی جیایە و ئێمە دەبێت لەناو ئەو فەزایەدا بژین کە ئەم جومگەیە بۆمان دیاری دەکات.

کەواتە زمان، ئەدەب، هەڵپەڕکێ، گۆرانی و… هەمووی لەگەڵ سیاسەتدا ژیاون و دەژین و لە دانوستانێکی بەرفراوانی فرەلایەنەن لەگەڵ خەون و خەباتی سیاسی. هیچ کات نابێت بکەوینە ئەو داوەوە کە ئێستە لە ڕۆژئاوا پراکتیزە دەکرێت، هەرچەند بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەی کولتووری کوردی کە باسم کرد، پێم وانییە پرۆژەکەی شەرع و تورکیا بە یاوەری سعوودیە و قەتەر، سەر بگرێت، بەڵام نیشانەی ئەم کۆلۆنیالیزمە نوێ و خۆنوێكەرەوە، لە ڕۆژئاوای كوردستان دەبینین و دەبێت وشیار بین لەوەی ڕوو دەدات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *