پەڕلەمان، دواسەکۆی بڕیار

بینەر: (11)

لە دامەزراندنی یەکەم پەڕلەمانی کوردستانەوە تا ئێستە، لە ئاستی جۆراوجۆر و بە ڕیتیمی جیاواز، هەموو هەوڵێک دراوە تا کیانی هەرێمی کوردستان بەرەو نەمان و هەڵوەشانەوە بڕوات، ئەمە بۆ کورد وەک یاسایەکی تاڵی جیۆپۆڵەتیکی و مێژوویی لێ هاتووە کە هەرچییەک بدات و هەر هەنگاوێک بنێ، کۆمەڵێک تارمایی ئەهریمەنیی بەدوایەوەن. هەر لە ٩١ەوە تا هەنوكە ئەم تارماییە ڕەشانە هەوڵەکانیان سەری نەگرتووە، تا شوێنێک هەر بەوەوە قایل بووبوون کە قەینا با هەرێمێکی کوردی هەبێت، بەس بەهێز و سەربەخۆ نەبێت، با هەرێمێک هەبێت ئەگەرچی هەڵنەوەشاوە، بەڵام پووکاوە بێت، بۆیە لە هیچ شتێک درێخیان نەکرد و لە هەر قۆناغێکیشدا دەستیان نەڕۆیشت، بە درۆن و میلیشیا و یاسای پەڕلەمانی لە بەغدا گوشاریان خستە سەر خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێم.

ئەمانە کۆمەڵێک ڕاستیی گشتین کە منداڵەوردكەیش لەبەریەتی، بەڵام ئەوەی ئێمە بەهۆی ئازار و نادادییەوە منداڵی شیرەخۆرەمان دوژمنی خۆی دەناسێت، واتە ئەم دوژمنناسییەی ئێمە بووەتە هۆی ئەوەی خۆیشمان بناسین؟ ڕاستە پرۆسەی دوژمنناسیی نەگەیشتووە بەوەی پەرچەکردارێکی یەکانگیر یان پلانێکی تۆكمەمان لە ئاستی کرداریدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن هەبێت، بەڵام ئەمە هۆکارەکەی هەر پێوەستە بەو پرسیارەی سەرەوە، واتە ئێمە وەك پێویست خۆمان نەناسیوە، بۆیە ناتوانین سوود لە دوژمنناسییەکەمان وەرگرین. دەیان ساڵە کورد بەهۆی پەرتەوازەییەوە هەوڵەکانی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی و بگرە بۆ هەناسەکێشانێکی بێخەم و ئازاد لەسەر خاکی خۆی پەکی کەوتووە، دەیان ساڵە کورد هەر پوازی هەبووە و دوژمنان لە خۆمان باشتر ئێمەیان ناسیوە و ئەو پواز و بۆشاییە بووەتە هۆی دزەکردنیان و گەراخستن، هەر لەوێشەوە ڤایرۆسی بەوگومانی و بەشەڕدان و هاندانمان دژی یەکتر خستووە.

بە ئاهێکی ساردەوە، دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێین کە بەشێکی زۆری ئێمەی کورد ئاو بە ئاشی دوژمندا دەکەین و ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بووین بە بەشێک لە زەینییەتی ئەوان، بەشێک لە خەون و ڕقیان بۆ نەهێشتنی ئێمە، بۆ بە کۆیلەکردن و ژێردەستەیی، پاش دنیایەک خوێن و قوربانی، شەهید و ئەنفال و کیمیاباران، حکوومەتێکی نیمچەسەربەخۆ لە 92ەوە بە هەزار چەرمەسەری و پشتیوانیی دەرەکیی خۆی گەیاندووەتە ئەمڕۆ. ئێستە زۆر کەسی بەناو کورد زوڕنای دووبەرەکی و پێکەوەنەسازان دەژەنن. کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە خاکێکی زیندووە، لە خاکێکی زیندوودا سەتان بەرووبووم پێدەگەن، بەڵام دەیان ئافات و کرمیش سەرهەڵدەدەن و بەربوومەکان کاول دەکەن.

کەس حاشا لەوە ناکات ناکۆکی لە زۆر بابەت لە نێوان دوو هێزی سەرەکیی واتە یەکێتی و پارتیدا هەیە، بەڵام ئەم ناکۆکییە دەبێت لە دەست چەند لایەنێکی بێ ڕیشەی بەناو ئۆپۆزسیۆن و دەمارگرژیی تاکەکەسیدا بەرەو ئەوێ بڕوات کە قەوارەی هەرێم نەمێنێت و ڕادەست بکرێت؟ ئەگەر هێزێکی سیاسیی یارییەکی سیاسیی دەکات، دەبێت ئەو مافە بدات بە بەرانبەرەکەیشی یارییەکی ناسکتری سیاسیی بکات، نابێت بقیژێنێت و دەهری و تووڕە لەژێر کۆمەڵێک گوتاری گوایە نەرمونیاندا شەرعیەت و ڕەوایی هەوڵێک کە ڕێژەی یاسایی خۆی تەواو کردووە بۆ کاراکردنەوە پەڕلەمان، بخەیتە ژێر پرسیارەوە.

پەڕلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی گرینگی یاسایی دەبێت هەموو جۆرە پشتگیرییەک بکرێت، بانگەوازی پەڕلەمان و پەیامی دانیشتنەکە مەگەر ئەوە نەبوو کە وەرن ناکۆکییەکانمان چارەسەر بکەین و حکوومەتی نوێ پێكبێنین؟ ئەم پەیامە چ کێشەیەکی تێدایە؟ بۆچی دەبێت هێزی بەرانبەر وڕک بگرێت و بتۆرێت؟ ئەم سیاسەتی تۆران و زیزبوونە لە گەورەیی و پوختەیی سیاسییەوە نایەت، هێندەی هەڵقوڵاوی کرچوکاڵی و نەبوونی دیدێکی سەربەخۆی ڕێبەرایەتییە بۆ بڕیاردان.

ئەو تەپڵەی بۆ لەتکردنی کوردستان و خستنەمەرسیی لەم دۆخەدا لێ دەدرێت، بە دەستی کەسانێکەوە دەنگی دێت کە هیچ شتێک لە كێشەكانی کوردستان نازانن، ئەگەریش دەیزانن تەنیا وەک زانیاریی و ئامارە نەک تێڕامان و بڕوا. ئێستەیش درەنگ نییە، دەکرێت بە سینگفرەوانییەوە بەرەو پیری کارابوونەوەی پەڕلەمان بڕۆن، هەموو حزب و لایەنەکان بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژووییان لەسەرە، بێدەنگی و بێلایەنیی ختووکەدەری گومانێکی ڕەوایە لە ئەرک و بوێرییاندا. ئەو لایەنانە و ئەو پەڕلەمانتارانەی بەشدارییان لە کاراکردنەوەکە کرد، ئەرکی مێژوویی و ئەخلاقیی خۆیان بەجێ گەیاند، لە کەمترین کاتیشدا لەلایەن کۆمەڵێک وڵاتی ڕۆژئاوایی و ئەمەریکاوە پێشوازیی لێ کرا. هەموو ئەمانە نیشانەی باشن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.

دۆخی ئێستەی ناوچەکە بۆشایی لە هیچ وڵاتێکی سەربەخۆ نابوورێت، چ جای ئەوەی وڵاتێکی نیوەئۆتۆنم و گەمارۆدراو بە میلیشیا و ئاسمانێکی نەپارێزراو، بۆیە چالاکبوونەوەی پەڕلەمان ئەو هێزە بەرگری و ئاسمانییە بەهێزەیشە کە یاسا مەکینەکەیەتی و کام هێز و لایەن پاساو و بیانووی بۆ دەبینێتەوە کە خۆی لەم ئەرکە بدزێتەوە؟ دەبێت هەمووان بزانین پاسا و بیانوو جێی باس و مشتومڕە، بەڵام دەمارگرژی ناچیتە خانەی هیچ جۆرە سیاسەت و یارییەکی سیاسییەوە و پاساوی ڕەوایشی نییە. پیرۆزە کاراکردنەوە پەڕلەکان و با بەرەو پیری بڕۆین و هێزەکان لەوێ قسەی خۆیان بکەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *